سیستەم.. دروستکردن، چاکسازی، گۆڕین و جێگرەوەکەی

183

فازڵ میرانی
کۆشش بۆ درێژکردنەوەی ناونیشان، هێندەی دیکە ناوەڕۆکەکەی دیاری دەکات و لە گشتاندن دووری دەخاتەوە. ئەو سیستەمەی مەبەستە لەم گوتارەدا، سیستەمی سیاسیی فەرمانڕوایە، دروستکردنیشی ئاسان نییە، مەگەر کاتێک دروستکەرەکەی نەیەوێت سیستەمێکی بەردەوام پێشکەش بکات، چونکە هەن ئەوانەی جیاوازی لە نێوان خۆیان و سیستەمدا ناکەن، بگرە خۆیان بە سەرتر لە سیستەمەکە دەبینن و پێیانوایە سیستەم لە دوای ئەوانەوە ئیتر دەبێت یان نابێت.

دروستکەران زۆرن، بەڵام لێهاتووەکانیان کەمترینن، خراپترین دروستکەرانیش ئەوانەن کە ڕەعیەتەکەیان (کۆمەڵگەکەیان) ناچار دەکەن بەراوردکاری بکەن و خۆزگە بە سیستەمی پێشوو بخوازن و ڕقیان لە سیستەمی ئێستا بێت، ڕەتکردنەوەی ناوخۆیی و جەماوەری بۆ هەر سیستەمێک، وای لێدەکات وەک کەسێک بێت کە لەسەر کورسییەکی دوو پێی دانیشتووە نەک چوار پێی.

پەیوەندییەکی خۆپارێزی و بەهێزکەر هەیە کە سیستەم تێر دەکات ئەگەر ڕەعیەتەکەی لێی ڕازی بن، کاتێک کۆمەڵگە لە سیستەمەکەیدا زیندووییەکی بەرهەمهێنەر دەبینێت کە باشترینی گونجاو بۆ ڕەوتی ژیان پێشکەش دەکات و بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێت، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی هاندان دژی سیستەمەکە. ئەو دەرفەتانەی کە خوازیارانی دەسەڵات دەکەونە جووڵە بۆ قۆستنەوەیان، دوور لە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگە کە باشتر بێت لە پڕۆژەی سیستەمی هەمیشەیی قائم.

زۆر جاران شکست دووبارە بووەتەوە بۆ ئەو گرووپانەی کە هەوڵیان داوە سیستەمی خۆیان لەسەر حیسابی سیستەمێکی لە ناوخۆدا پەسه‌ندکراو دروست بکەن، وەک چۆن زۆر جاران سەرکەوتنی دروستکەرانی سیستەمە نوێیە خاوەن پڕۆژە خراپەکان دووبارە بووەتەوە لەسەر حیسابی سیستەمە فەرمانڕوا خاوەن حوکمڕانییە خراپەکان.

چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانیدا بژاردەیەکی یەدەگ نییە، بەڵکوو چاکسازی داواکارییەکی هەمیشە ئامادەیە وەک سێبەر بۆ ڕووناکی. چاکسازی ئاسان نییە و هێندەی دیکە قورس دەبێت کاتێک لە دەسەڵاتدا کەسانێک هەبن بە ئەنقەست بەردەوامی بە گەندەڵی بدەن، یان گەندەڵی نوێ دابهێنن، یان بەردەوامی بە گەندەڵییەکی بێدەنگلێکراو بدەن.

زۆر جار سیستەمەکان لەناوچوون یان ڕزین بۆ ئەوەی لەناوبچن، دوای ئەوەی قبووڵیان کرد جومگەکانیان دەرزی لێبدرێت بە دژەباوانێک (مچادات) کە یەکسانی، دادپەروەری و ژیانی شەرەفمەندانەی ڕەعیەت دەکوژێت.
لەکاتێکدا گۆڕینی سیستەم زۆرجار دەبێتە بابەتێکی داواکراوی دەرەکی یان ناوخۆیی یان هەردووکیان -وەک نموونەی عێراقی پێش ٢٠٠٣-، وێڕای جیاکردنەوەی نێوان ڕەوایی بەرژەوەندییەکانی ناوخۆی نیشتمانی کاتێک دەگاتە قۆناغێک کە بە هۆشیارییەوە پێویستی بە گۆڕینی سیستەمەکە هەیە، لەگەڵ پێوەری بەرژەوەندیی دەرەکی کە دەیەوێت سیستەمێکی دیاریکراو لابات؛ بەڵام زۆر قورسە مرۆڤ وێنای ئەوە بکات کە دەرەوە بتوانێت بە ڕێژەی سەد دەر سەد بگاتە مەبەستی خۆی، ئەگەر بژاردەی ناوخۆیی جەماوەری بە زۆرینەیەکی هۆشیار ڕێگری لە هاتنەدی ئامانجی گۆڕانکارییە دەرەکەیەکە بکات.

نموونەی حوکمڕانی هەبوون کە لەناوچوون و جێگرەوەیەک هاتە کایەوە کە لە ئاستی داخوازییەکاندا بوو بۆ ڕاستکردنەوەی دەوڵەت، نموونەی دیکەش هەبوون کە جێگرەوەیەکی خراپ بوون بۆ ئەسڵی لادراوەکە.
پێوەری پەسه‌ندکردنی ناوخۆیی، نە بە برەودان بە مێژووی خەبات و نەگێڕانەوەی ڕازی دەبێت، ئەگەر دەرەنجامی کاری خەباتگێڕ، موجاهید، یان سەربەخۆ -سەر بە هەر لایەنێک بێت- هاوشێوەی دەرەنجامەکانی پێشوو یان خراپتر بێت. لە ژیانی کرداریدا، خەڵک چاوەڕێی مافەکانیان دەکەن و تەماحیان لەوەش زیاترە؛ بەڵام لەدەستدانی سەرەتاییترین مافەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی نەک هەر بەراوردکاریی لەگەڵ پێشووی مەزمووم (سەرزەنشتکراو) بکەن، بەڵکوو کار بکەن بۆ لادانی ئەو کەسەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات لە پێشینەکەی باشترە، لە کاتێکدا کاری بۆ هێنانەکایەی خراپتر کردووە.

وا دیارە زۆرێک لە دۆسیە زیندووەکانی حوکمڕانی، تەنیا ڕووبەڕووی پشتگوێخستن نەبوونەتەوە، بەڵکوو واقیعەکان وایانکردووە داکۆکیکردن لە زۆربەیان ببێتە مایەی شەرمەزاری، چونکە ممارەسەگەلێک بەرهەم هێنراون کە نە لە ئاستی پێویستییەکانی گێڕانی ڕۆڵی سیاسیدان و نە لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکە کارگێڕییەکاندایە.

ئەم باسانە بەستراونەتەوە بە زریانە ڕاگەیاندنەکانەوە کە ڕاستی ناڵێن، بێدەنگی هەڵدەبژێرن و شتگەلێک دادەهێنن کە تەدلیس (چەواشەکاری) لەسەر زۆرینەی جەماوەری ناوخۆیی دەکەن، لە هەمان کاتدا بێمتمانەییەکی گەورەی دەرەکیش هەیە. ئەمەش لەبەر ئەوەی واقیع، پێدراو و بەڵگەکان، شڵەژانێک لە ئەدای کارکردندا دەسەلمێنن کە بنەمایەکەی کەمئەزموونی نییە کە ئەمەش کێشەیەکە پاساو بۆ حوکمڕانی ناهێنێتەوە، بەڵکوو مەبەستدارییەکە کە بکەرەکەی وەک بڵێی پشتی بە بەهایەک بەستووە کە لە واقیعدا بوونی نییە بە ناوی (بەخت)، بەو مانایەی کە لە پشتبەستن بە نادیارەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاواتەکان لەگەڵ لۆژیکدا تێکەڵ دەکات.
نموونەی کەم هەن کە نە لە دروستکردنی سیستەمدا سەرکەوتوو بوون، نە توانیویانە چاکسازی تێدا بکەن و نە جێگرەوەکەشی ئەگەر بێت، بۆی ئاسان دەبێت کە دەست پێ بکات.

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان