سهرهتا وتار قەوارەی هەرێم بەرهەمی خوێنی خەڵکە نەک کاڵای بازاڕی ململانێی حزبی
نووری بێخاڵی
سەیرە، هەر کاتێک ململانێ و کێبڕکێی سیاسی لە نێوان هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بنبەست یان توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە، یەکێک لە بەرەکان هانا بۆ چەکێکی کۆن و ژەهراوی دەبات؛ بازرگانیکردن بە قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەغداوە!
ئەم هاوکێشە چەوتە، کە پێشتر لە لایەن چەند هێزێکی ترەوە تاقیکرایەوە و لەم دواییانەشدا لەسەر زاری بازرگانیی سیاسیی هەڵتۆقیوەوە وەک قەوانێکی کۆن لێ درایەوە، نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە مێژوو، یان پشتگوێخستنی بەئەنقەست و بێباکانەی ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە دەڵێت: هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حزب و سەرکردەیەک نییە تا لە ڕق و قینی بەرانبەرەکەی، بەغدا بکاتە قامچی بەسەر جەستەیەوە.
ئەوانەی وا بیردەکەنەوە کە قەوارەی فیدڕاڵیی هەرێمی کوردستان تەنیا دەقێکی یاسایی یان دەستووریی دوای ساڵی ٢٠٠٣یە کە بەغدا بە بەخشندەیی دابێتی پێمان، کورت بینن. پێش ئەوەی ئەم هەرێمە ببێتە ستاتۆیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، بەرهەمی پتر لە سەت ساڵ خەبات، قوربانیدان، ئاوارەیی و ڕابوونی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە.
ئەم قەوارەیە لەسەر ڕووباری شەهیدان، کیمیاباران، گۆڕغەریبەکانی ئەنفال، وێرانکردنی گوند و ئاواییەکان، کوێرکردنەوەی کانیاو و کارێز، سووتاندنی ژینگە و ژیانی کوردستان و فرمێسکی دایکانی ڕەشپۆش بونیاد نراوە. لێدانی ئەم قەوارەیە و ناردنی پەیامی لاوازی بۆ بەغدا بەهۆی تووڕەیی لە ڕکابەرە سیاسییەکان، هەڵگەڕانەوەیە لە بەها و بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەڵگەڕانەوەیە لەو خەونە مێژووییەی کە تاک بە تاکی کورد لە پێناویدا گەورەترین باجی داوە.
ڕەخنەگرتن لە حکوومەت، لێپرسینەوە لە گەندەڵی و شەڕی سیاسی بۆ چاکسازی، مافێکی سەرەتایی و دەستووریی هەر هێزێکی سیاسی و هەر هاووڵاتییەکی ناڕازییە. دەکرێت مرۆڤ توندترین ڕەخنەی لە حزبەکانی دەسەڵات هەبێت، بەڵام هەرگیز نابێت هێڵی سووری نیشتمانی خۆی ببەزێنێت.
شکاندنی شکۆی هەرێم لە بەغدا و هاندانی ناوەند بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان، خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی و بەرژەوەندیی خەڵک و داهاتووی نەوەکانمان ناکات، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ دواوە و ڕادەستکردنەوەی ئیرادە و بڕیاری سیاسیی گەلێکە بە لایەنێک کە هێشتا لە عەقڵییەتی ناوەندگەرێتی ڕزگاری نەبووە.
حزبەکان و سەرکردەکان دێن و دەچن؛ هێزە سیاسییەکان بەپێی کات گەورە و بچووک دەبنەوە، بەڵام ئەوەی دەبێت وەک قەڵایەکی نەپساوە بمێنێتەوە، قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
لەم ڕوانگەیەوە، گەوجاندنی شەقام و بەکارهێنانی سۆزی خەڵک بۆ مەرامی حزبی و بەرژەوەندیی تایبەتی لە ڕێگای لێدانی پایەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یارییەکی مەترسیدارە کە دوژمنانی کورد زیاتر تێیدا براوە دەبن.
بۆیە لە دەرەوەی هەر پابەندییەکی حزبی و ئینتمایەکی ئایدیۆلۆژی، وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقی لە بەرانبەر خەبات و خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمان، ئەوە ئەرکی بێ چەندووچوونی ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و تەواوی کۆمەڵگای مەدەنییە کە ڕێگا نەدەن خوێنی شەهیدان و ڕەنجی سەت ساڵەی ئەم گەلە ببێتە سووتەمەنی ناکۆکیی سەقەتی سیاسی و ململانێی حزبەکان.
کوردستان هی هەمووانە و پاراستنیشی ئەرکی هەمووانە، نەک ئەوەی کە لەناو گێژاوی ناکۆکیی حزبی و ملشکاندنی سیاسیدا و لەژێر کاریگەریی گوتاری پۆپۆلیستیی ئەم کاراکتەری هەلپەرست و ئەو هێز و گرووپی سیاسیی بەرژەوەندخواز، دەستبەرداری ئەو خاکە میراتەی خەبات و خوێنی خەڵک بن و پشت بکەنە ڕابردووی پڕ قوربانیدان و ئێستا و ئاییندەی نەتەوە و نیشتمانەکەیان.