چیا هەرکی
پرسی چەکداماڵین لە گرووپە چەکدار و میلیشیا جۆراوجۆرەکان و تێکەڵکردنەوەیان بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، هەوڵە بەمەبەست و نیازخراپەکانی هەندێک لایەن و دەنگە کە دەیانەوێت ناوی پیرۆزی هێزی پێشمەرگە بخەنە ناو ئەم هاوکێشەیەوە و داوای چەککردنی بکەن.
ئەم تێڕوانینە نەک هەر نادروستە، بەڵکوو بازدانە بەسەر ڕاستییە مێژووییەکان و پێشێلکردنێکی زەقی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشە، چونکە هێزی پێشمەرگە بە هیچ پێوەرێک هاوشێوەی ئەو گرووپە چەکدار و میلیشیایانە نییە کە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە ئەنجامی ململانێ تائیفی و سیاسییەکاندا، یان لەسەر بنەمای فەتوا دروست بوون و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و ئەجێندای هەرێمی دەست دەوەشێنن.
پێشمەرگە هێزێکی سیستماتیک، یاسایی و دەستوورییە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی گشتیی عێراقدا و ئەگەر بەراوردێکی یاسایی لە نێوان پێگەی پێشمەرگە و هێزەکانی تری وەک حەشدی شەعبیدا بکەین، جیاوازییەکان هێندە زەقن کە ناکرێت تێکەڵ بکرێن.
یاسای حەشدی شەعبی پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی دەستووری نییە؛ چونکە بۆ دروستکردنی، پشت بە ماددەی ١٠٨ی دەستوور بەستراوە کە تایبەتە بە دەستە سەربەخۆ مەدەنییەکان نەک پێکهاتەی سەربازی و ئەمنی، لە کاتێکدا ماددەی ٩ی دەستووری عێراق بە ڕوونی باسی هێزە چەکدارەکان دەکات و دروستکردنی هەر هێزێکی هاوتەریب لە پاڵ سوپای عێراقدا قەدەغە دەکات.
بە پێچەوانەوە، پێشمەرگە پێگەیەکی نەگۆڕی لە دەستووردا هەیە و بەپێی ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ی دەستووری عێراق، شەرعیەتی قەوارەی هەرێم و هێزەکانی پاراستنی (حرس الإقلیم) چەسپێنراوە، لەبەر ئەوەی پێکهاتەی پێشمەرگە دەقاودەق دەکەوێتە پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، شەرعیەتی خۆی لە ئەحکامی ماددەی ١٧ی دەستووریشەوە وەردەگرێت، بۆیە پێویستە لە گوتاری سیاسیی کوردیدا، هۆشیارییەکی تەواو هەبێت کە بە هیچ جۆرێک پرسی پێشمەرگە لەگەڵ حەشد و هێزەکانی تردا هاوتا نەکرێت، چونکە زیان بەو پێگە بەهێزە دەستوورییە دەگەیەنێت کە کورد بە خەباتێکی دوورودرێژ بەدەستی هێناوە.
جگە لە لایەنە یاساییەکە، پێشمەرگە هێزێکی مێژووکردە کە لە ناو جەرگەی خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان دژی ستەمکاری، جینۆساید، ئەنفال و کیمیاباران لەدایکبووە. پێشمەرگە تەنها چەکدار نییە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی وەزیفی، بەڵکوو ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلێکە کە چەندین دەیەیە بەرگری لە بوونی خۆی دەکات.
لە مێژووی هاوچەرخیشدا، کاتێک مەترسیی تاریکی چەتەکانی داعش ڕووی لە ناوچەکە کرد و سوپای فەرمیی عێراق لە چەندین ناوچە پاشەکشەی کرد، ئەوە تەنیا هێزی پێشمەرگە بوو کە وەک قەڵایەکی پۆڵایین بەرگری لە خاکی کوردستان و شکۆی مرۆڤایەتی کرد، بەمەش سەلماندی کە هێزێکی نیشتمانیی ئاشتیخواز و دژە ستەمکارییە.
بۆیە ئەو دەنگانەی ئەمڕۆ داوای چەککردنی پێشمەرگە یان جێکردنەوەیان لە ناو یەکە کاتییەکانی سوپای عێراقدا دەکەن، ئامانجیان لاوازکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و نەمانی ئەو هێزە پارێزەرەیە کە تاکە گەرەنتییە بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو.
هاوکات لە پاڵ ئەم هێرشە دەرەکییانەدا، نابێت ڕاستییەکی مێژوویی تاڵ فەرامۆش بکەین کە هەمیشە ململانێی ناوخۆیی هێزە کوردییەکان لە مێژوودا، ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە کۆتاییهێنان بە قەوارە و دەستکەوتەکانی کورد، بۆیە لەم قۆناغە هەستیارەدا، گەورەترین وەڵام بۆ ئەو نیازخراپییانە، ڕێکخستن و یەکخستنی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە، دوورخستنەوەیان لە دەستتێوەردانی حزبی و پەرەپێدانی تواناکانیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا؛ وەک هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە بتوانێت هەمیشە قەڵغانی پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و خاکی کوردستان بێت.