
خەبات – عەلی بانیشاری
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین نیوەی گەنمی بەرهەمهێنراو لە سایلۆ وەردەگیرێت. بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سنوورەكە قسەی بۆ (خەبات) كردووە و دەڵێت: ئەو سیستمەی بەغدا لە وەرگرتنی گەنم پەیڕەوی دەكات زیانی بە جووتیار گەیاندووە. بەهۆی ژێرئاوكهوتنی نزیكەی 50 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنووری دەشتی بیتوێن، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمیكردووە.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی ڕاپەڕین بە (خەبات)ـی گوت: لە 13ـی ئەم مانگەوە دەرگای سایلۆی ڕاپەڕین بە ڕووی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا كراوەتەوە و ڕۆژانە 700 تۆن گەنم وەردەگیرێت. گوتیشی: تاوەكو ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان نزیكەی 4.5 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
ڕاشیگەیاند: ئەمساڵ نۆرەگرتن بۆ ڕادەستكردنی گەنم بە سایلۆ لە ڕێگەی نۆرەی ئەلیكترۆنییەوەیە و دەبێت پێشوەختە جووتیار لە ڕێگەی لینكێكەوە ناوی خۆی تۆمار بكات و پەسەند بێت، ئەو كات نۆره ئەلیكترۆنییەكەی دەهێنێت بۆ فەرمانگە كشتوكاڵییەكان و ئەوانیش پشتگیری بۆ دەكەن.
خالید ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، وەرگرتنی گەنم بە نۆرەی ئەلیكترۆنی عەدالەتی تێدایە و نابێته فەوزا و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گرفتی وەرگرتن كەم بووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی ڕاپەرین دەڵێت: ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنم بەغدا كار بە نێو پلانی وەرگرتن و دەرەوەی پلان دەكات، لەو چوارچێوەیەدا و لە ڕێگەی هەردوو پلانەكەوە نزیكەی 20 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین وەردەگیرێت. دەشڵێت: ئەو پلانەی بەغدا بۆ وەرگرتنی گەنم دایناوە ناكاتە ئەو خەرجییەی جووتیار لە داچاندن تا بەرهەمهێنانی گەنم دەیكات، جووتیار دەبێت خەرجی لە كێلانی زەوی بكات، بنەتۆو دابین بكات، دەرمان و سەماد بكڕێت، پارە بدات بۆ دروێنەی گەنم.
لەبارەی بڕشتی بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، خالید ئەحمەد گوتی: گەنمی دەشتی بیتوێن كە بەشێكی گرنگی گەنمی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین پێكدێنێت ئەمساڵ بەهۆی زۆری بڕی بارانبارین بەرهەمی وەكو پێویست نەبووە و زیانی بەركەوتووە. زیاتر گوتی: بەرهەمهێنانی گەنم لە سنووری ڕاپەڕین بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمیكردووە، هۆكارەكەشی وەكو ئەو دەڵێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ((نزیكەی 50 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنوورەكەدا كە ساڵانە زۆرینەی دەكرێت بە گەنم كەوتووەتە ژێرئاو، ئەو زەوییانە بە پیتن و هەر دۆنمێكی 1.5 تۆن گەنمی تێدا دەبێت)).
بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی ڕاپەڕین، ئەمساڵ هەر دۆنمێك زەوی داچێنراو بە گەنم، نزبكەی 600 – 800 كیلۆ گەنمی تێدا بووە. خالید ئەحمەد دەڵێت: دەبێت جووتیاران خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو زیانانەی ساڵانە لە داچاندن و بەرهەمهێنانی دانەویڵە بەریان دەكەوێت و ناكرێت زەوییەكانیان تەنیا بكەن بە گەنم. دەشڵێت: پێویستە جووتیار زەوییەكەی دابەش بكات بۆ بەرهەمی جۆراوجۆر، واتە خولی كشتوكاڵی پەیڕەو بكات و پەنا بۆ داچاندنی بەرهەمی دیكەی وەكو سۆیا و گەنمە شامی ببات، ئەو دوو بەرهەمە هیچیان كەمتر نییە لە سوودە مادییەكەی بەرهەمهێنانی گەنم.
بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی ڕاپەڕین، ئەمساڵ بەرهەمهێنانی گەنم لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 35 – 40 هەزار تۆن دەبێت. زیاتر لە دوو هەفتەیە دروێنەی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە. لە 12ـی حوزەیرانەوە سایلۆكان دەرگایان بە ڕووی وەرگرتنی گەنمدا كراونەتەوە. بۆ ئەمساڵ وەرگرتنی گەنم جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بووەتە بە نۆرەی ئەلیكترۆنی.
بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، لەو بڕە 292 هەزار تۆنی لە نێو پلانی وەرگرتن دەبێت و هەر تۆنێكی بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێت. 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دەبێت و بە 500 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەر جووتیارێك ڕەسیدی نەبێت ناتوانێت گەنم ڕادەست بە سایلۆكان بكات. هەر بەپێی بڕیاری وەزارەتەكە بۆ ئەمساڵ 93 كیلۆ گەنم بۆ هەر دۆنمێك وەردەگیرێت.
ساڵی ڕابردوو حكوومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگرت، بۆ هەر تۆنێك 800 هەزار دیناری دانابوو. جووتیارانی هەرێمی كوردستان پێیانوایە، لە پڕۆسەی بە بازاڕكردنی گەنم جیاوازی لە نێوان گەنمی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت.