
خەبات – عامر فەرحان
قەزای سەیدسادق، بەهۆی فراوانی ڕووبەرەکەی و زۆری ژمارەی دانیشتووانەکەی، ماوەیەکی زۆرە بەدەست کەمیی شوێنی حەوانەوە و کورتیی ڕێژەی سەوزاییەوە دەناڵێنێت. ئەم قەزایە کە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی و گەشتیاریی پارێزگای سلێمانییە، ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەی جدی بوو لە ژینگە و ناوچە گشتییەکانی. لەو سۆنگەیەوە، کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشی شارەکە، بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خاکی خۆیان، دەستیان کردووە بە ڕێکخستنەوە، جوانکردن و خاوێنکردنەوەی «سەرچاوەی ئاوی حەسار». ئەم هەنگاوە دانیشتووانی قەزاکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دڵخۆش کردووە و بە گەرمی پێشوازی لە کارەکانی ئەو گەنجانە دەکەن، کە وەک سیمبولێکی دڵسۆزی تەماشا دەکرێن.
سەرەتای کارەکە و
تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان
ئاجەی پۆشاک، یەکێک لە گەنجە خۆبەخشە دیارەکانی قەزای سەیدسادق، سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم کارە بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: «سەرەتای ئەم پڕۆژەیە بە دەستپێشخەریی هاوڕێیەکمان بوو بەناوی کاک بێرون، کە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەیدا هەستان بە ئەنجامدانی قۆناغی یەکەمی کارەکە. دواتریش من و هاوڕێیەکم بەناوی حەمە مەسەکان حەزمان کرد ببینە هاوکاریان. ئێمە کارەکانمان دابەش کردووە؛ ئەوان زیاتر لە مەیدانی کارەکەدا ئەرکەکان ڕادەپەڕێنن و ئێمەش لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی ماددی و کەمپەینەکان دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە نەوەستێت.»
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەیدسادق لە زۆر ڕووەوە فەرامۆش کراوە، لەکاتێکدا قەزایەکی وا گەورە پێویستی بە شوێنێکی شایستەی حەوانەوە هەیە کە خێزانەکان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان ڕووی تێ بکەن. وتیشی: «ئێمە دەزانین حکومەت ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای دارایی وەک پێویست نییە، بۆیە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی پێمان باش بوو خۆمان وەک گەنجان لە ڕێگەی کاری خۆبەخشی و بە هاوکاریی خەڵکی دڵسۆزی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، سیمایەکی نوێ و شایستە بە شارەکەمان ببەخشین.»
پشتگیرییەکی جەماوەریی فراوان
ئەم کارە خۆبەخشییە تەنها کارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گیانی یەکگرتوویی لەناو شارەکەدا زیندوو کردووەتەوە. ئاجەی پۆشاک بە دڵخۆشییەوە باس لە پشتگیری هاوشاریانی سەیدسادق دەکات و دەڵێت: «خەڵک زۆر دڵخۆشن، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە و پاڵنەرمانە بۆ بەردەوامبوون. لە منداڵ، کەسانی بەتەمەن، ئافرەتان، مامۆستایانی ئایینی و پەروەردەیی، هەموو چینەکان پشتگیرمانن. زۆر کات خەڵک بە خواردن و ئاو و پێداویستی دیکە سەردانمان دەکەن تەنها بۆ ئەوەی دەستخۆشیمان لێ بکەن، ئەم دڵخۆشییەی ئەوان بۆ ئێمە هەموو شتێکە.»
پەرەپێدانی سەرچاوەی ئاوی حەسار
سەرچاوەی ئاوی حەسار، کە مێژوویەکی دێرینی لە ناوچەکەدا هەیە، ئێستا وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. ئاجەی پۆشاک کە سەرپەرشتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەکات، زیاتر ڕوونی کردەوە: «تائێستا بەشێکی زۆر لە ڕووبەری شوێنەکە بۆیاخ کراوە و چەندین کورسی و سایەبان بۆ خێزانەکان دابین کراوە. هەروەها کار لەسەر ڕێکخستنەوەی باخچەکان و ڕێڕەوەکانی هاتوچۆی ناو ئاوی حەسار دەکرێت. بەیارمەتی خێرخوازان و کوردانی ناوەوە و دەرەوە، هەوڵ دەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواوی کارەکان کۆتایی پێ بهێنین.»
لە ڕێگەی ڕۆژنامەی (خەبات)ەوە، ئەو گەنجە خۆبەخشە پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتیان کرد و وتی: «داوا لە گشتی گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە دەکەم، پاکوخاوێنی ئەم شوێنە بپارێزن. ئێمە دەمانەوێت گەشتیار لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە سەردانی سەیدسادق بکەن، ئەمەش نابێت ئەگەر خۆمان پارێزەری ژینگە نەبین.»
ئاسۆیەکی گەشتر بۆ شارەکە
کاری گەنجانی سەیدسادق تەنیا لە سنووری ئاوی حەساردا ناوەستێت، بەڵکو پلانی گەورەتریان هەیە. ئاجەی پۆشاک باسی لە داهاتوو کرد و وتی: «پڕۆژەی داهاتوومان، چاکسازییە لەو جادەیەی بەرەو قەبرستان دەچێت. ئەو جادەیە ئێستا خاک و خۆڵە و لە کاتی بارانباریندا هاتوچۆ تێیدا ئەستەم دەبێت. ئێمە وەک گەنجان بە نیازین بە هەمان گیانی خۆبەخشی و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرمایەداران، ئەو گرفتەش چارەسەر بکەین.»
ئەم جوڵانەوەیە دەریخست کە گەنجانی کوردستان، سەرەڕای هەموو تەنگەژەکان، دەتوانن ببنە بزوێنەری گۆڕانکاری و ئاوەدانی، و مۆدێلێک پێشکەش بکەن کە تێیدا هاووڵاتی وەک نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە بەشدار بێت لە بیناکردنەوەی ژینگەکەی خۆیدا. کەمتەرخەمییەکانی ڕابردوو لای گەنجانی سەیدسادق بووەتە وزەیەک بۆ کارکردن، نەک دانیشتن و نائومێدی.