
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
رۆژی 29 ی ئایاری ئه‌م ساڵ، ئیدگار مۆرانی فه‌یله‌سوف و کۆمەڵناس و سیناریۆنووس و دەرهێنەری فیلمی سینمایی له ته‌مه‌نی 104 ساڵی، له شاری پاریس كۆچی دوایی كرد. ناوبراو شوێنپه‌نجه‌ی به‌سه‌ر بواری هزری و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ده‌ی رابردوو، به فراوانی دیاره. له به‌رهه‌مه ناوداره‌كه‌ی (میتۆ) دیدگا فراوانه‌كه‌ی خۆی بۆ بواره‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌ربڕیوه كه تێیدا هەوڵی دامەزراندنی میتۆدۆلۆژیایه‌كی وه‌های داوه سنوورە تەقلیدییەکانی نێوان بوارەکانی زانین تێپەڕێنێت به جۆرێك كه ته‌واو شایه‌نی مرۆڤ بێت. پێشنیاری زانستناسییەکی فرەڕەهەند و دیالۆگیشی دەکرد کە لەسەر بنەمای ئاڵۆزی و کۆکردنەوە دامەزرابێ.
ئه‌مه‌و بەو هەڵوێستە بوێر و ڕاشکاوانەكانیشی ناسرابوو كه پشتیوانی بۆ ڕزگارکردنی گەلان لە کۆلۆنیالیزم ده‌كرد و داكۆكی و به‌رگری له دژی ره‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ژموونی و سته‌مكاری ده‌كرد. ئه‌مه‌و به‌رده‌وام جه‌ختی له ژینگه و سروشت پارێزی ده‌كرد. له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی مردنه‌كــه‌ی ســـه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی (ئیمانۆیل ماكرۆن) وتی: (مۆران، نووسەر و بیرمەندی سەدە، و پارێزەری سروشت و گەلان، و سەربازی رۆژه‌كانی بەرخۆدان و خەبات، و خاوه‌نی گیانی ئازاد بوو).
داود سالۆمۆن ناهۆم، ناوسراو به ئیدگار مۆران رۆژی 8 ی تەممووزی ساڵی 1921 لە له بنه‌ماڵه‌كی جوله‌كه‌ی سێفاردی شاری پاریس هاتۆته دنیا. ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له سالۆنیکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كۆچییان كردبوو، سه‌ره‌تا له شاری مارسیلیا و دواتریش له پاریس نیشته‌جێبوون. ڤیدال ناهۆمی باوكی، بازرگانی جل و بەرگ بوو. ساڵی 1931 دایكی به‌نه‌خۆشی كۆچی دوای كرد. ساڵی 1936 له كاتی جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا، مۆرین پەیوەندی بە ڕێکخراوی ئازادیخوازی سۆسیالیستی دژی فاشیه‌كان ده‌كات و به‌شداری چالاكییه‌كانی كرد. دوای دوو ساڵ پەیوەندی بە بەرەی چەپ کرد، کە پارتێکی چەپی ئاشتیخواز و دژە فاشیست بوو. كاتێكیش نازییه‌كان ساڵی 1940 له گه‌رمه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی هێرشیان كرده ناو خاكی فه‌ره‌نسا، مۆرین سه‌ره‌تا هاوکاری پەنابەرانی كرد، دواتر پەیوەندی بە گروپه گیانفیداكانی وڵاته‌كه‌ی كرد. كه فشاره‌كانیش زۆر بوون پاریسی جێهێشت و بەرەو ناوچەی ئازاد لە شاری تۆلۆز چوو. هه‌ر له‌وێش درێژەی بە خوێندنی یاسا دا. ساڵی دواتر پەیوەندی بە حزبی شیوعی فەرەنسی كرد. دواتر پەیوەندی بە بزووتنەوەی بەرخۆدانی دیلەکانی جەنگ، بە سەرۆکایەتی میشێل کایلۆ ده‌كات، کە ئه‌و بزووتنەوەیە بۆ بەرەنگاری داگیرکه‌ره ئەڵمانیه‌كان بوو.
ساڵی 1945 لەگەڵ ئیرێن «ڤایۆلێت» شاپێلۆپۆ هاوسه‌رگیری كرد. هاوكات پەیوەندی بە ستافی سوپای یەکەمی فەرەنسا لە ئەڵمانیا کرد. ساڵی دواتر بووە سەرۆکی ئۆفیسی پڕوپاگەندەی حکومەتی سەربازی فەرەنسا و كتێبی (ئەڵمانیا ساڵی سفر L›An zéro de l›Allemagne) ی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا دۆخی دەروونی گەلی ئەڵمانیای شکست خۆاردووی جه‌نگه‌كه بە هاوشێوەی (ڕۆیشتن لە خەو) وەسف کردووه. هاوكات دەستبەرداری کاری سەربازیی بوو و گه‌ڕاوه پاریس. له‌وێدا پێوه‌ندی بە پارتی کۆمیونیستی ده‌كات.
به‌ڵام دواتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونی له‌گه‌ڵ ئایدیای ئه‌و پارته یه‌كنه‌بوو كه به‌رده‌وام ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سته‌مه‌كانی ستالین ده‌رده‌بڕی بۆیه ســا‌ڵی 1951 له ریزه‌كانی پاره‌كه هاته‌ده‌ر. لەو کاتەوە شانبەشانی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی، په‌ره‌ی به بیرێکی سیاسی مرۆڤدۆستی دا کە بانگەشە بوو بۆ تێکەڵکردنی ڕەهەندە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و که‌لتوورییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوچەرخەکان.
ساڵی 1947 كتێبی (ئه‌ڵمانیا خه‌می ئێمه Allemagne notre souci) و ساڵی دواتر كتێبی (مرۆڤ و مردن L›Homme et la Mort) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 1951 لە سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوەی زانستی(CNRS) وەرگیرا. ساڵی 1954 گۆڤاری (ئارگۆمێنت) ی ده‌ركرد. ساڵی دواتر پێچه‌وانه‌ی زۆر له رۆشنبیره‌كانی ئه‌وسای فه‌ره‌نسا، هه‌ڵوێستی ئاشتییانه‌ی خۆی بۆ پرسی جه‌زائیر نیشاندا. ساڵی 1959 کتێبی (ئۆتۆکریتیک Autocritique) ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا له باره‌ی پابەندبوونی پێشووی خۆی بە حزبی شیوعی و دواتریش جیابوونەوەی لەو حزبه خستۆته‌ڕوو. هاوكات تیشکیشی خستۆتە سەر مەترسییەکانی ئایدۆلۆژیا و خۆفریودان. كه چۆن بۆچوونی ئایدیۆلۆجی و خۆفریودان، مرۆڤ گومرا ده‌كه‌ن. ساڵی دواتر به هاوبەشی لەگەڵ (ژان ڕۆچ) فیلمی (رووداوه‌كانی هاوین Chronique d’un été) ی دەرهێنا. هاوكات گەشتی بەرفراوانی بۆ ئەمه‌ریکای لاتین کرد و تێیدا سەردانی بەرازیل و شیللی و بۆلیڤیا و پیرۆ و مەکسیکی کرد. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ فەرەنسا ساڵی 1962 كتێبی (گیانی سه‌رده‌م L›Esprit du Temps) ی بڵاوکردەوە. ئه‌وه‌شیان تایبه‌ته به که‌لتوری باوی كۆمه‌ڵگه. هاوكات له‌گه‌ڵ (جۆرج فریدمان) ی کۆمەڵناس و (ڕۆلاند بارتس) ناوه‌ندێكی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە جەماوەرییەکان دامه‌زراند، کە دوای گۆڕینی چه‌ندان جار دواتر ناوه‌كه‌ی بووە سەنتەری ئێدگار مۆرین.
ساڵی 1965 له داڕێژتنی سیناریۆی فیلم (قیامه‌تی راسته‌قینه The Hour of Truth) به‌شداریكرد كرد. ساڵی 1967 كتێبی (لە فەرەنسا باو و ئاساییە گۆڕانی پلۆدێمێت Commune en France. La métamorphose de Plodémet) ی بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به ئێتنۆلۆجی کۆمەڵگەی نوێی فەرەنسی. ساڵی دواتر لە زانکۆی نانتەر جێگای هێنری لێفێڤری پرۆفیسۆری فەلسەفەی گرتەوە. هه‌روه‌ها له ڕاپەڕینی قوتابییان به‌شداری كرد و زنجیریه‌ك وتاری له گۆڤاری لۆمۆند نووسی کە له‌ناویاندا شرۆڤه‌ی ئه‌و چه‌نكه‌ی كردووه كه ناوی نابوو (شۆڕشی قوتابییان). ساڵی 1969 لە پەیمانگایه‌كی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئه‌مه‌ریكی وانه‌ی وته‌وه و كتێبی (كڕۆكی دۆزه‌كه Le vif du sujet) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی دواتر دوای جیابوونه‌وه له ئیرێن، لەگەڵ یۆهان هارێل هاوسەرگیری کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەوام نەبوو. ساڵی 1981 كتێبی (بۆ ئەوەی لە سەدەی بیستەم دەربچین Pour sortir du XXe siècle) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی دواتر لەگەڵ ئێدڤیج لانیگراس هاوسەرگیری کرد. ساڵی 1983 کتێبی (لەبارەی سروشتی یەکێتی سۆڤیەتDe la nature de l’URSS) بڵاوکردەوە کە تێیدا شیکاریی بۆ کۆمۆنیزمی سۆڤیەت کردەوە و پێشبینی ئەو پێرێسترۆیکایه‌شی کردووه کە دواتر میخائیل گۆرباچۆڤ كاری له‌سه‌ركرد. ساڵی دواتر كتێبی (كۆمه‌ڵناسی Sociologie) و ساڵی 1987 كتێبی (بیركردنه‌وه له ئه‌وروپا Penser l›Europe) و ساڵی 1993 به‌هاوكاری (ئان بریجیت) كتێبی (نیشتمان Terre-Patrie) بڵاوكرده‌وه.
ساڵی 1995 كتێبی (براکوژەکان: یوگۆسلاڤیا-بۆسنیا Les Fratricides : Yougoslavie-Bosnie)ی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا شرۆڤه‌ی ئه‌و باره ناخۆشه‌ی كردووه كه مرۆڤ له‌به‌رگی مرۆڤایه‌تی دێته ده‌ر. ساڵی 1997 كتێبی (تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکان لە ڕێکخراوەکانی چاودێری تەندروستیدا Comprendre la complexité dans les organisations de soins) و ساڵی 1999 كتێبی (به‌ستنه‌وه‌ی زاست Relier les connaissances) ی بڵاوكرده‌وه. هاوكات له‌سه‌ر
داوای رێكخراوی یۆنیسكۆ كتێبه گه‌وره په‌روه‌رده‌ییه‌كه‌ی (حه‌وت مه‌عریفه‌ی زه‌ڕوری بۆ پەروەردە Sept savoirs nécessaires à l’éducation du futur[) ی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا حه‌وت پره‌نسیپی سه‌ره‌كی له‌باره‌ی ئاینده‌ی په‌روه‌رده و فێركردن پێشكه‌ش كردووه تاكو قوتابی بتوانی له‌ناو كۆمه‌ڵگه، كۆمه‌ڵایه‌تییانه بڕوانێ و له‌به‌رامبه‌ر پرسه‌كانی رۆژگار هۆشیار بێت.
ساڵی 2002 له دامەزراندنی (کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی ئەخلاق و زانست و سیاسەت) ی هاوبەشی كرد. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ داریوش شایەگان گه‌شتی بۆ وڵاتی ئێران کرد. ساڵی 2008 كتێبی (رێگای من Mon chemin) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌مه‌و ئێدڤیج لانیگراسی هاوسه‌ریشی كۆچی دوایی كرد. دوای ئەوەی ساڵی دواتر به‌شداری له فێستیڤاڵێکی میوزیكی وڵاتی مەغریب كرد، له‌گه‌ڵ سەباح ئەبو سەلامی مامۆستای کۆمەڵناسی نزیكبۆوه و ساڵی 2012 هاوسەرگیریان کرد. ئه‌مه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ش کتێبی (بەریەککەوتنی دوور لە چاوەڕوانی و پێویست (La rencontre improbable et nécessaire یان نووسی. هه‌ر له‌و ساڵه له‌گه‌ڵ (ستیفان هێسێل) و (میشێل ڕۆکارد) به‌شداریكرد له دامەزراندنی گروپی (ڕۆزڤێڵت).
ساڵی 2016 كتێبی (بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ زیاتر دۆستی ژینگه بێت Ecologiser l›Homme) و ساڵی 2018 كتێبی (Le Cinéma ) و ساڵی دواتر كتێبی (La Marseillaise) و ساڵی 2020 كتێبی (لەسەر قەیران: بەرەو قەیرانناسییەک کە بەدوایدا دێت جیهان بەرەو کوێ دەڕوات؟Sur la crise : Pour une crisologie suivi de Où va le monde ?) و ساڵی 2022 كتێبی (با له‌خه‌و هه‌ڵسین! Réveillons-nous !,) و ساڵی 2025 كتێبی (ئایا له مێژوو هیچ وانه‌یه‌ك فێر ده‌بین Y a-t-il des leçons de l›Histoire) ی بڵاوكرده‌وه.
شایانی باسه مۆران له‌به‌ر گرنگی پایه و پێگه‌ی له چه‌ندان زانكۆ دکتۆرای فەخری پێبه‌خشراوه. جگه له‌و كتێبانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان، كۆمه‌ڵێك كاری دیكه‌ی سینه‌مایی و كتێبی دیكه‌ی نووسیوه له‌وانه كتێبی (میتۆد La Méthode) كه شه‌ش به‌رگه و له‌نێوان 1977 تا 2004 بڵاویكرده‌وه كه پڕۆژەیەکی ئینسایکلۆپیدییه و بە گرنگترین بەرهەمی فیکری ئه‌و دادەنرێت. ئامانجی بەستنەوەی بوارە جیاوازەکانی زانینە لە چوارچێوەی جیهانبینییەکی هەمەلایەنە و ئاڵۆزدا. به‌و جۆره: بەرگی یەکەم كه ساڵی 1977 بە ناوی (سروشتی سروشت (La Nature de la nature بڵاویكرده‌وه كه باس لە چەمکەکانی ڕێکخستن و زانیاری و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە جیهانی فیزیکی دەکات. بەرگی دووەم به‌ناوی (ژیانی ژیان La Vie de la vie) كه ساڵی 1980 بڵاوكرایه‌وه، تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرە زیندووەکان و پرسەکانی بایۆلۆجی. بەرگی سێیەم (زانینی زانین La Connaissance de la connaissance) و چوارەم (بیرۆکەکان(Les Idées كه ساڵی 1986 بڵاوكرانه‌وه. سێیه‌میان له‌باره‌ی بابەتی مەعریفییە. لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژیی زانین دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە و بناغەکانی ئەو شتە دادەنێت کە مۆرین پێی دەڵوت (ئیپیستمۆلۆژیای ئاڵۆز). سەبارەت بە بەرگی چوارەمیش مۆرین بەو شێوەیە وەسفی کردووە کە «دەتوانێت بەرگی یەکەمیش بێت»، چونکە پێشەکییەکی دەستڕاگەیشتنه بۆ کێشەی «زانینی زانین» و پێویستی بیرکردنەوەی ئاڵۆز دەدات. ئەم بەرگە پرۆژەی ئیپیستمۆلۆژی بەرگی سێیه‌مه بە لێکۆڵینەوە لە مەعریفە لە ڕوانگەیەکی دەستەجەمعی و کۆمەڵایەتیی تەواو، لەڕێگەی شیکردنەوەی «ڕێکخستنی ئایدیاکان» و «ژیانەکانی ئایدیاکان»، بوارێک کە ناوی دەنێت «نۆلۆجی». لە کۆتا بەشدا باس لە چەمکەکانی زمان و لۆژیک و پارادایم دەکات و شێوازی بیرکردنەوەی ئاڵۆزی خۆی بۆیان جێبەجێ دەکات. لە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا، ژان لویس لیمۆین جەختی لە گرنگی بەشی کۆتایی بەرگی چوارەم کردەوە، کە مۆرین تەرخانی کرد بۆ پارادیگمۆلۆژی، بە چەمکێکی بەپیت و بەپیت دەزانی کە یارمەتیدەرە لە تێگەیشتن لە دەوڵەمەندی گەردوونی فیکری بەبێ ئەوەی بچووکی بکاتەوە بۆ سادەکردنەوە. هەروەها قسەکانی مۆرینی هێناوەتەوە و دەڵێت: «ئێمە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی بنیاتنانی پارادایمێکی ئاڵۆزییداین، کە خۆی بۆ دامەزراندنی زانستی پارادایمۆلۆژی پێویستە.» مۆرین پارادیگمۆلۆژی بە «ئەو ئاستە دەبینێت کە هەموو گوتارەکان لە ژێر کاریگەری خۆیدا بەڕێوە دەبات و ناچاریان دەکات ملکەچی یاساکانی بن.»
بەرگی پێنجەم (مرۆڤایەتی مرۆڤایەتی: ناسنامەی مرۆڤ (L’Humanité de l’humanité, L’Identité humaine) ی ناوه كه ساڵی 2001 بڵاوكراوه پەیوەندی سێ قۆڵی نێوان تاک و کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی وەک ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ دەخاتە ڕوو. بەرگی شەشەمیش (ئیتیكÉthique ) ی ناوه کە باس لە نادڵنیایی و دژایەتییە ئەخلاقییەکان دەکات. به‌وه‌ش کۆتایی بە پڕۆژەکەی دەهێنێت و داوای پەسەندکردنی ئەخلاقێک کە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و دیالۆگ و ئاڵۆزیی دامەزرابێ.