پەیوەندیی ئەرێنی نێوان هەولێر و بەغدا؛ کلیلی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەیە

312

موهەننەد مەحمود شەوقی
لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، عێراق تێوەگلاوە لە قۆناغێکی سیاسیی ئاڵۆزدا، کە دەوڵەتی لەسەر چەند بنەمایەکی نوێ داڕشتەوە، بەڵام ئەم بنەمایانە لە نێوان دەقە دەستوورییە هیوابەخشەکان و هەڵکەوتە سیاسییە پەرتەوازەکەدا، بەپەند چووە. لە نێوان ئەم بەرەواژییەدا، کورد وەکوو یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی هاوسەنگی لە نێو سیستەمی نوێی عێراقدا دەرکەوت؛ نەک تەنها وەک هێزێکی سیاسی لەناو پەرلەمان و حکوومەتدا، بەڵکو وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە پێناسەکردنەوەی بیرۆکەی خودی دەوڵەت، دوای چەندان دەیە لە ناوەندێتییەکی توند. لە ئەزموونی عێراقی نوێدا، ئامادەیی کورد لە بەغدا وردەکارییەکی لاوەکی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە هاوکێشەی سەقامگیریی هەرێمایەتی، کە سنوورەکانی عێراق تێدەپەڕێنێت. عێراق بەهۆی پێگە جوگرافی و قووڵاییە ستراتیژییەکەیەوە، هەمیشە مژاری هاوسەنگییەکی هەستیار بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ هەر شێواندنێکیش لە ناوخۆیدا، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دەوروبەرەکەی هەبووە. هەر لەبەر ئەوەشە، هاوبەشیی نێوان بەغدا و هەولێر ڕەهەندێکی وەرگرتووە کە سیاسەتی ناوخۆیی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە بەرچاوگرتنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە زۆر بۆنەدا دەربڕی ئەم هاوکێشەیە بووە و ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لەسەر بنەمایەکی ڕوون بێت: “هێزی بەغدا هێزە بۆ هەولێر، هێزی هەولێریش هێزە بۆ بەغدا”. ئەم دیدگایەش لەگەڵ لۆژیکی دەوڵەتە فرەپێکهاتەکاندا دەگونجێت، کە سەقامگیر نابن تەنها لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانیدا نەبێت، نەک لە ڕێگەی پەراوێزخستنی یەکێکیانەوە.
لە ساڵانی یەکەمی دوای ٢٠٠٣ و لەگەڵ ڕووخانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی پێشوو، هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پڕکردنەوەی بۆشایی تەناهی لە ناوچە بەرفراوانەکانی باکووری عێراقدا گێڕا. لەو قۆناغە هەستیارەدا، پێشمەرگە یەکێک لە توخمە دەگمەنەکانی سەقامگیریی وڵاتێک بوو کە ڕووبەڕووی هەرەسێکی فراوانی دامەزراوەیی ببووەوە؛ ئەمەش ڕۆڵی لە ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی پشێوی بۆ ناوچە هەستیارەکان، بە دەوروبەری بەغدای پایتەختیشەوە هەبوو.
دواتریش، لەگەڵ هەڵکشانی ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوانی عێراق، پێشمەرگە بووە هێزێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی لە وڵاتدا، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکاندا. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، پێشمەرگە بەشداریی لە ڕاگرتنی پەلهاویشتنی ڕێکخراوەکە و پاراستنی شار و ناوچە ستراتیژییەکاندا کرد، لەو ساتەی کە دەوڵەتی عێراق لە لێواری هەرەسدا بوو. ئەم ڕۆڵە، ئەزموونی کوردی خستە نێو چوارچێوەیەکی فراوانتری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی دژ بە تیرۆردا.
بەڵام ڕۆژەڤی کورد لە عێراقدا، تەنها لە ڕووی تەناهییەوە ناخوێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت دەستووریش بێت. دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، کە بە بەشدارییەکی بەرفراوانی لایەنە جیاوازەکان داڕێژرا، زیاتر لە ٥٠ ماددەی فیدراڵی و ڕێکخەری تێدایە کە هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەکراون. لە سەرووی ئەم ماددانەشەوە، ماددەی ١٤٠ دێت، کە تایبەتە بە ناوچە جێناکۆکەکان؛ ئەم ماددەیە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی سەرەکیی کردەی دادگەریی گواستنەوەییە لە عێراقدا، کەچی هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. هەروەها یاسای نەوت و گازیش یەکێکە لە دیارترین ڕۆژەڤە یەکلانەکراوەکان، لەگەڵ پرسی مووچەی پێشمەرگە و چۆنیەتیی پارەدارکردنی لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی نیشتمانیدا.
ئەم پەکخستنە بەردەوامەی ماددەکانی دەستوور، درزێکی پێکهاتەیی لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێردا دروست کردووە و متمانەی ناوخۆی عێراقیشی لاواز کردووە؛ هەروەها کاریگەریی لەسەر وێنەی عێراق لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، وەک دەوڵەتێک کە دوای دوو دەیە گۆڕانکاری، هێشتا بەدوای جێگیرکردنی بنەما دەستوورییە سەرەکییەکانیدا دەگەڕێت.
لە بەرانبەردا، کورد پارێزگاریی لە تێڕوانینێکی سیاسی کردووە کە زیاتر مەیلی بەرەو سەقامگیری هەیە نەک هەڵکشان، لەگەڵ جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر بژاردەی گفتوگۆ. ئەم تێڕوانینە وای لە هەولێر کردووە، ببێتە لایەنێکی کاریگەر لە هاوکێشە ئاڵۆزە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا، بەتایبەتی لە سایەی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕۆژەڤی وزەوە بۆ ئاسایشی هەرێمایەتی لە عێراقدا.
عێراقی ئەمڕۆکە، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدایە کە پەیوەستە بە توانای گۆڕینی فرەیی بۆ سەرچاوەی هێز، لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆکاری قەیران. لەم چوارچێوەیەدا، بەهێزیی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەیەکی فراوانتر کە پەیوەستە بە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیەوە، چونکە سەقامگیریی عێراق بە هاوسەنگییە هەرێمییەکانەوە بەندە، کە تورکیا، ئێران، وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکا دەگرێتەوە.
لە تێڕوانینی نێودەوڵەتییەوە، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر تەنها وەک پرسێکی ناوخۆیی سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک یەکێک لە کلیلەکانی سەقامگیریی ناوچەیەکی هەستیار بۆ وزە و ئاسایشی جیهانی تەماشا دەکرێت. هەر بۆیە هەر شێواندنێک لەم پەیوەندییەدا، ڕەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی هەرێمایەتیدا دەبێت، هاوکات سەرکەوتنی نموونەی هاوبەشیش، دەکرێت ببێتە نموونەیەک بۆ دەوڵەتی فرە نەتەوە لە ناوچەکەدا.
لێرەوە، هاوبەشیی نێوان کورد و بەغدا، وەک تاقیکردنەوەیەکی بەردەوام بۆ چەمکی دەوڵەت لە عێراقدا دەمێنێتەوە. دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای دەستوور و هاوسەنگی بەرپا بووبێت، نەک باڵادەستی؛ لەسەر بنەمای هاوبەشیی بێت، نەک پەراوێزخستن. هەر جارێکیش ئەم هاوکێشەیە تووشی ئاستەنگ دەبێت، پرسیارەکان دەربارەی داهاتووی عێراق نوێ دەبنەوە، نەک تەنها وەک دەوڵەتێک لە نێو سنوورەکانی خۆیدا، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستمێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی فراوانتر و ئاڵۆزتر.
و: ڕەمزی میرەكانی