بەهێزکردنی لۆبیی کوردی لە دەرەوەی وڵات ئەرکێکی نەتەوەیی و یاساییە

272

شه‌نگه‌ هاوار كاكه‌یی
کاتێک دەڵێین بەهێزکردنی لۆبیی کوردی لە دەرەوەی وڵات تەنیا ئەرکێکی فەرمیی دامەزراوەیی نییە، بگرە بەرپرسیارێتییەکی باڵای نەتەوەییە، ئەمە بەو واتایە دێت کە گەلی کورد لە چاوەڕوانییەکی گەورەدایە، چونکە دۆخی سیاسه‌تی نەتەوەکەمان لە هەلومەرجێکی ناسکدا تێدەپەرێت کە پڕە لە کێشمەکێش و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم فاکتەرە وای کردووە هەمیشە چاوەڕوانییەکانمان بەرەو ئاقاری بنیادنانەوەی ژیانێکی ئارام و ئایندەیەکی پڕ لە وزەی ئەرینی هەنگاو بنێن، بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە چاوەڕوانییەکانمان تەنها ئەو کاتە بەدی دێن کە هەنگاوی کردەیییان بۆ بنێین و ئامادەسازییەکی جدییان بۆ کرابێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەناو ئەو هەموو ئاستەنگانەی دەوریان داوین بڵێین ئێمەش وا هەین.
لەم مەلۆیەدا چیتر ناکرێت تەنها چاوەڕوانی جیهان بین تا مافەکانمان بپارێزن بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ئامادەسازییە ، کەوا گرنگە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین! ئەویشیان لەڕێگای بنیادنانی سەرحێکی سیاسی و یاسایی بەهێزە لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی دامەزراندنی لۆبییەکی کاریگەرەوە وەکو پردێکی پۆڵایینی لێبێت بۆ چاوەڕوانییەکانمان تا دەگەینە کەناری ئارام. بە ڕوونتر بڵێم کاتێک دەڵێیم ئەمە ئەرکێکی نەتەوەییە مەبەستمان ئەوەیە هەر تاکێکی کورد دەبێت ببێتە بەشێک لەو وزە ئەرینییەی کە وێنەیەکی گەش و مۆدێرن و شایستە لە کورد بە جیهان بناسێنێت.
بێگومان پرسی دروستکردنی لۆبی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە مافە سیاسی و مەدەنییەکانەوە هەیە، لەو پەروازەدا هەرچەندە ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت نییە تەنها بە ناوی یاسای لۆبیکردن بێت، بەڵام گۆڕەپانی سیاسی خاڵی نییە و دەربارەی ئەو پرسە چەندین بنەمای یاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە جیهانییەکاندا هەن کە دەبنە سەرچاوەی شەرعییەت بۆ تەواوی گەلان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیادی و مەدەنییەکان بەتایبەت ئەگەر بەنموونە وەرگرین بۆ گەلێکی چەوساوە وەک گەلی کورد! تا وەکو هێزی گوشار بتوانین لە وڵاتانی بڕیاربەدەستدا کار بۆ چەسپاندنی مافەکانمان بکەین دیارە گرنگترین چوار چێوە یاساییەکان خۆیان لەو بڕگانەی خوارەوە دەبینن:
١- یاسای مافی چارەی خۆنووسین کە ئەم یاسایە وەکو بەردی بناغەی هەموو جوڵانەوەیەکی سیاسییە، بەپێی ماددەی (١)ی پەیماننامە نێودەوڵەتێکانی مافی مڕۆڤ هەموو گەلان کەوا مافی ئەوەیان هەیە بە ئازادی بارودۆخی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن ، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، هەروەها گەلان دەتوانن لە ڕێگەی نوێنەرایەتی و گرووپی گوشار (لۆبی) دەنگی خۆیان بگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری سیاسی.
٢- یاسای ئازادی ڕادەربرین. لۆبیکردن لە بنەڕەتدا پیادەکردنی مافی ڕادەربڕینە کەوا بەپێی ماددەی (١٩) و (٢٠)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە هەموو تاکێک یان گرووپێک مافی هەیە بیروڕای خۆی بڵاو بکاتەوە و کۆمەڵە و ڕێکخراو دروست بکات، ئەم یاسایانە ڕێگە بە کوردانی تاراوگە و ڕێکخراوە کوردییەکان دەدەن لە وڵاتانی وەک ئەمەریکا و ئەورووپا نووسینگەی لۆبی بکەنەوە بۆ کاریگەری خستنە سەر بڕیاری سیاسیی ئەو وڵاتانە بەرامبەر بەدۆزی کورد.
٣- یاسای تۆمارکردنی بریکارە بیانییەکان لە ئەمەریکا و هاوشێوەکانی، ئەمە نموونەیەکی زۆر گرنگی یاسای ناوخۆییە کە ڕەهەندی نێودەوڵەتیی هەیە، لە وڵاتانی دیموکراسیدا، یاسا ڕێگەی داوە بە قەوارە سیاسییەکان (تەنانەت ئەوانەی دەوڵەتی سەربەخۆش نین بە شێوەیەکی فەرمی) بریکار یان لۆبیست بگرن بۆ نۆێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان.
٤- یاسای مافی کەمینەکان کە بەپێی ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی کەمینەکانی ساڵی ١٩٩٢، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان مافی ئەوەیان هەیە بەشدارییەکی کارا بکەن لە بڕیارەکاندا لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
لێرەدا پاش ئەم بەرچاوڕوونیە یاساییانە دەربارەی ئەم مافانەی کەوا لەیاسا جیهانییەکاندا هاتووە بۆ دەستەبەرکردنی مافی سیاسی کە دەبێتە پاڵپشت بۆ ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت داوای دامەزراندنی سەکۆی لۆبی بکات لەوڵاتان بۆ پاراستنی ناسنامە و کولتووری خۆی.
دیارە بەم هەنگاوە لە قۆزتنەوەی ئەو هەلانە لە پەیڕەوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەرگای بۆ گەلی کورد کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی دامەزراوەیی کار بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز بکەن لە تاراوگە، بوونی هەبێت وەکو دەرچەیەکی یاسایی بۆ بنیادنانەوە و بەهێزکردنی لۆبیی کوردی لە دەرەوەی وڵات، کە کارماییان هەوێن و پردێکی پۆڵایینە تا بتوانین بە زمانی یاسای نێودەوڵەتی هەنگاوی کردەیی لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا بهاوێژین.
هەرچەندە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، هەنگاوی باش و بەرچاون، سەرۆک لەو بارەیەوە ڕەوەندی کوردی دیاسپۆرای وەک باڵی دووەمی دیپلۆماسیی کوردستانی لەقەڵەم داوە، ئەم تێڕوانینەش تەنها دروشم نەبووە، بەڵکو وەرگێڕدراوە بۆ سەر کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریی ستراتیژی لە چەندین کایەی جیاوازدا، بە نموونە، هەوڵدان بۆ قایمکردنی پێگەی دیپلۆماسیی ناساندنی جینۆساید لەرێگای پاڵپشتیکردنی هاندانی ڕەوەندی کوردی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی هەمەجۆرو هاوبەش لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بە ئامانجی ناساندنی کەیسی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانەکانی جیهاندا، تاوەکو تاوانەکانی دژ بە گەلەکەمان کەناری یاسایی و نێودەوڵەتی وەر بگرێت ، هەروەها تەقەلا بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لەپێناو پاراستنی کولتوور فەرهەنگ و زمانی دایک، ئەویش لە دامەزراندنی دەیان ناوەندی ڕۆشنبیری و قوتابخانەی کوردی لە تاراوگە ، سەرەرای کاراکردنی نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە وەک پردێکی پەیوەندیی زیندوو ڕێکخرانەوە بۆ پاڵپشتیکردنی چاڵاکیە نەتەوەیەتێکان لەدیاسپۆرا.
دیارە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە لە ئامانج گەیاندنی، ئەم ستراتیژیەتە نەتەوەیە دەگەڕێینەوە بۆ دوو وێستگەی مێژوویی گرنگ لەوانە:
یەکەم- ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧ لەم پرۆسە مێژووییەدا گەورەترین و بەهێزترین شەپۆلی هاوئاهەنگی و پشتگیریی نەتەوەیی لە تاراوگەوە بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان سەریهەڵدا، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیەوە هێنا.
دووەم- پرسی ڕۆژاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٦دا شاهیدی گەورەترین و کاریگەرترین شەپۆلی پشتگیریی کوردانی دیاسپۆرا بوون بۆ پاڵپشتیکردنی پرسی ڕەوای خوشک و برایانمان لە ڕۆژاوای کوردستان، کە ئەمەش سەلمێنەری یەکگرتوویی گوتاری نەتەوەیی و سەرکوتوویی ئەو لۆبییە کوردییەیە کە بناغەکەی بە حیكمەتی سەرۆک بارزانییە.
بەم شێوەیە ڕاستە دیاسپۆرای کوردی لە هێزێکی پەرتەوازەوە گۆڕدرا بۆ دامەزراوەیەکی کاریگەری گوشار کە ئەو هێزە ئەمڕۆ دەتوانێت لە کاتە چارەنووسسازەکاندا هاوسەنگییە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بشکێنێتەوە. بەڵام کە کوردین و بێ دەوڵەتیین دەکرێت بەوە لەو چوارچێوەیەدا لە ئەزموونی سیاسی گەلاندا کاتێک مێژووی گەلان دەخۆێنیین لە نێوان ئەو پەرتووکەدا ڕاستییەکی ڕەها پێمان دەڵێت کە لۆبیی بەهێز دەتوانێت هاوسەنگییەکان بگۆڕێت، خۆ لە ئەزموونی سیاسی نەتەوەی جوولەکە و ئەرمەنییەکان لە دەرەوەی وڵات باشترین وانەن بۆ ئێمە، ئەوان توانییان یادەوەری و خەمی نەتەوەیی خۆیان بگۆڕن بۆ گوشارێکی سیاسیی بەردەوام و پرسی پاراستنی بوونی خۆیان بکەنە بەشێک لە بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان و ئەو دوو نەتەوەیە چاوەڕوانی بەزەیی جیهان نەبوون، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێکخستنی تواناکانیانەوە بوونە بەشێک لە بڕیارە جیهانییەکان.
دواجار ئەوە دەمێنێت کە مێژوو و یادەوەرییەکانی خۆڕاگریمان دەبێت وەک بەڵگەی یاسایی بۆ سەلماندنی مافی ژیان و بڕیاردان لە چارەنووس بەکاربهێنرێن. ئەوه‌ش لە بیر نەکەین جیهان کاتێک ڕێزمان دەگرێت کە ببینێت ئێمە وەک نەتەوەیەکی خاوەن شکۆ و یەکدەنگ بەرگری لە بوونی خۆمان بکەین، بۆ گەیشتن بەو ئایندە ئارامەی کە شایستەی کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەییمانە، دەبێت لە و پێناوەدا بازنەی چاوەڕوانیی پاسیڤـەوە بچینە ناو کایەی کارکردنی ئەکتیڤ، لۆبی نەتەوەیی ئەو ئامادەسازییە جدییەیە کە وا دەکات خەونەکانمان ببنە واقیعێکی چەسپاو بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان تێیدا بحەسێنەوە.