خەبات – عەلی بانیشاری
پڕۆسەی زیادكردنی منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ بۆ سەر پسولەی ئەلیكترۆنی خۆراك بە كراوەیی دەمێنێتەوە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 8000 منداڵ ناویان تۆماركراوە. بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسولەی خۆراكی پارێزگای هەولێر دەڵێت: ئەو منداڵانەی دایك و باوكیان نەماوە دەبێت وەفاتنامە یەكێكیان لە كاتی زیادكردنی ناوی منداڵەكە وێنەی بگیرێت.
سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسولەی خۆراكی هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە 9ـی حوزەیرانەوە مامەڵەی زیادكردنی منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ بۆ سەر پسولەی خۆراك لە پارێزگای هەولێر دەستیپێكردووە و پڕۆسەكە بە كراوەی دەمێنێتەوە و هەر كاتێك خێزان بیەوێت دەتوانێت منداڵەكەی تۆمار بكات.
گوتیشی: تاوەكو ئێستا زیاتر لە 8000 منداڵ ناویان لە پڕۆسەكە تۆماركراوە و پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 100 هەزار منداڵیان بۆ سەر پسولەی خۆراك لە پارێزگای هەولێر زیاد بكرێن. هەولێر كۆتا پارێزگای هەرێمی كوردستانە كە مامەڵەی زیادكردنی منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی پسولەی خۆراك بۆ كار كرابێت. لە ئێستادا لە تەواوی عێراق تەنیا پارێزگای بەسرە ماوە كە منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ بۆ سەر پسولەی خۆراكی بەشێوەی ئەلیكترۆنی بۆ زیاد نەبووبێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەپی پسولەی خۆراك كە وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرپەرشتی دەكات لەو پارێزگایە كاركرا ببێت.
سیامەند قادر ئاماژەی بەوەشدا، هەر منداڵێك كاتی نیشتیمانی نەبێت بۆ سەر پسولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی زیاد ناكرێت و دەبێت سەرۆكی خێزان چاوەرێ بكات تا ئەو كاتەی منداڵەكە دەبێت خاوەن كارتی نیشتیمانی. زیادكردنی منداڵ بۆ سەر پسولەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان لە سەرەتادا لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێكرد و پاشان بە چەند قۆناغێك لە پارێزگای دیكەش ئەپەكە كاركرا بوو. بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسولەی خۆراكی هەولێر ڕاشیگەیاند: هەر منداڵێك كە زیاد دەكرێت بۆ سەر پسولەی خۆراك دەبێت لە بەرامبەردا دەبێت شەش هەزار دینار بە شێوەی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی فیزە كارتی جنوبی یان فیزە كارتی Q Card بدات. سیامەند قادر ئەوەشی گوت: هەر هاووڵاتییەك كێشەی لە زیادكردنی منداڵ بۆ سەر پسولەی خۆراك لە سیستمی ئەلیكترۆنی هەبێت دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی رێكخستنی پسولەی خۆراكی هەولێر بكات بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ بكەن.
زیادكردنی منداڵ بۆ سەر پسولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی پێویستی بە (كارتی نیشتیمانی منداڵەكە، وێنەی ئێستای منداڵ، كارتی نیشتیمانی باوك یان دایكی منداڵ)ـە هەیە. بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخستنی پسولەی خۆراكی هەولێر دەڵێت: ئەگەر منداڵ، دایك و باوكی نەمابوو، پێویستە وەفاتنامەی یەكێكیان لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە وێنەی بگیرێت.
لەلایەن خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هیچ منداڵێك لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ سەر پسولەی خۆراك زیاد نەكراوە. گوتیشی: لە ئێستادا لە تەواوی هەرێمی كوردستان زیادكردنی منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ لە سیستمی ئەلیكترۆنی خۆراك كراوەتەوە.