
خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ
کارگەی زەیتی زەیتوون کە چەند ساڵێکە لە قەزای پشدەرو، بە دیاریکراویش لە ناوەندی شاری قەڵادزێ کراوەتەوە، خاوەنەکەی گەنجێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی شاری قەڵادزێیە، ئەم کارگەیە سەرەڕای بازاڕێکی باش و شوێنگرتنەوەی جۆرەها ڕۆنی وڵاتانی دەرەکی، بووەتە هۆی دڵخۆشی هاووڵاتیانی ناوچەکە، هەم له ڕووی ئەوەی کە بەرهەمێکی خۆمالیەو لە نێو خۆدا ڕەنێو دەهێنرێت، هەمیش هۆشیاری خەڵک له بەکارهێنانی زەیتە سوودبەخشەکان.
عومەر مەحمود ئالاوسو ناسراو بە مامۆستا عومەر خاوەنی کارگەکە قسەی بۆ ڕۆژنامەی خەبات کردو ڕایگەیاند: له کوردستانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی شاری عەفرین کە شوێنی بەرهەمهێنانی زەیتوون و دروستکردنی زەیتی زەیتوون و هەروەها دروستکردنی سابوون و کۆمەڵێک کەرەستەی خۆراک و پیشەسازی و تەنانەت دەرمانی سروشتیە، لەوێوە بیرۆکەی دروستکردنی ئەو کارگەیەم بۆ هات.
دەربارەی شوێنگرەوەی ئەو زەیتە لە بەرانبەر ڕۆنی بازاڕ یاخود ڕۆنی بازرگانی، مامۆستا عومەر بە خەباتی گوت: ئەم زەیتە بە پێچەوانەی ڕۆنی وڵاتانی دەرەوە یان باشتر بڵێین ڕۆنی بازرگانی، نەک هەر زیانی نییە، بەڵکو زۆریش سوودبەخشتە بۆ نەهێشتنی کۆلیسترۆلی زیانبەخشی نێو مولولەکانی خوێن و بەکارهێنانی دەبێتە هۆی دابەزاندنی چەوری (تێتراگلسەراید)ی زیانبەخشی نێو خوێن، زۆربەی وەرزشوانان و پاڵەوانان و یاریزان و ڕاکەرانی جیهان تەنیا زەیتی زەیتوون دەخۆن، هیوادارم له هەرێمی کوردستانیش ببێتە بە دیاردەو ڕۆنی سوودبەخش بەکاربهێنن.
هەروەها دەربارەی جۆر و کوالێتی و ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە زەیتی زەیتوون بەکاردێنن، مامۆستا عومەر لە وەڵامی ڕۆژنامەی خەباتدا گوتی: زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم ڕۆنە بەرهەم دێنن و بەکاری دەهێنن، بەتایبەت وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقیاو بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا، چونکە زەیتوون تەنیا ڕۆنی لێ بەرهەم نایەت، بەڵکو سابوون و و تاید و هەروەها لە پیشەسازی جلوبەرگ و تەنانەت داوودەرمان و کەلوپەلی تەندروستیشی لێ بەرهەم دێت.
سابوونی ڕەقی سوری کە ١٠٠٪ لە زەیتوون بەرهەم دێت، بە باشترین و پڕکوالێترین سابوون دادەنرێت لە جیهاندا، جگە لەوەش له ڕازاندنەوەی پرچی کچان و جوانکاری قژی کوڕان سوودێکی باڵا لە زەیتی زەیتوون دەبینرێت.
لە کۆتاییدا مامۆستا عومەر ڕایگەیاند: ڕۆنی بازرگانی تەنیا زەرەرو زیانی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە.