کارەساتەکانی 9ی حوزەیران لە ناو زەینی مێژوویی کورددا

292

عەباس غەزالی
9ی حوزەیران لە مێژووی کورددا ئەو ڕۆژە ڕەشەیە کە تێیدا لە دوو سەردەمی جیادا، دوو حکوومەتی جیاوازی عێراق دەستیان بە کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی کورد کرد. یەکەمیان لە سەردەمی (زەعیم سدیق) لە ساڵی 1963 لە سلێمانی بوو کە ڕژێم، یەک ڕۆژ دوای کۆدەتا، هێرشی کردەوە سەر کوردستان. لەو هێرشەدا، لە شاری سلێمانی، بە مەبەستی دوورخستنەوەی خەڵک لە شۆڕشی ئەیلوول، دوای ڕەش‌بگیری، داوایان لە گیراوان کرد تاکوو قسەی ناشیاو بە هێماکانی خۆیان و «بارزانیی نەمر» بڵێین، بەڵام ئەوان ئەم کارەیان نەکرد و لە ئەنجامدا زیندەبەگۆڕ کران.

چەندین ساڵ دواتر، لە سەردەمی سەدامدا، ئۆردووگای زێوەی مەرگەوەڕ، کە حەوانگەی خەڵکی سڤیل بوو و لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، بە ئەنقەست بۆردوومان کرا و تێیدا دەیان ژن و لاو و پیر و پەککەوتە شەهید بوون. تەنانەت ئەو منداڵانەی کە ئەو ڕۆژە چووبوونە قوتابخانە تاکوو شەهادە وەربگرنەوە شەهادەی شەهیدبوونیان وەرگرت.

لەو یادە تاڵەدا ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە هەموو برینەکانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید، لەجیاتی ساڕێژ، بکولێنینەوە تاکوو ئەو ستەمەمان لەیاد نەچێت و بە مەبەستی دادخوازی ویژدانی خەوتووی جیهانیش بزرێگێنینەوە و بەو جۆرە مافی خۆمان بستێنین.

9ی حوزەیرانیش یەکێک لەو تاوانە دژە مرۆڤایەتیانە بوو کە دوو پەیامی لەبیرنەکراوی پێوەیە:

یەکەم، ئەوەیە کە عێراق دژی هەبوونی نەتەوەی کوردە و دەیەوێ جگە لە تۆقاندن، سیمبولەکانی کورد لەناو ببەرێت، و لە بەرانبەردا كوردیش لەپێناو پاراستنی شوناس و بوونی خۆی سەر دەباتە ژێر خاک، بەڵام شوناسی کوردانەی بمێنێت؛ بۆیە سەرەڕای ئەشکەنجەش لەپێناو ناسنامەکەیاندا زیندەبەگۆڕبوونیان هەڵبژارد تاکوو ناویان هەرمان بێت.

دووەم، ڕەفتاری عێراق ئەوە دەسەلمێنێ کە دڕندەیی تەنیا پەیوەست بە ڕژێمێکەوە نیە، بەڵکوو ئەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیە لە ناو دەماری دەسەڵاتدارانی عێراقدا هەیە. ئەوان دەزانن کە کورد عێراقی نیە و کوردستانیش نیشتیمانی عەڕەب نیە، بۆیە لە دیدی ئەوان تاکە چەکێک بۆ پێشێل‌کردنی مافی کورد توندوتیژی و تاوانکارییە.

لە سەر پنجی ئەو کەلتوورە ناڕەوشتیانەوە لە ئاوارەییشدا کوردی سڤیلیان، کە مافی هاووڵاتی‌بوونیشی لێ‌سەندرابوویەوە، بۆمبەباران دەکرد. لە ڕۆژی 9ی حوزەیرانی 1985دا ئۆردووگای زێوەیان، کە شوێنێکی سەربازیش نەبوو، بۆردوومان کرد و دونیاش وەک هەمیشە بێ دەنگ مایەوە. بەڵام خەڵکی ناوچەکە بە هاوار خوشک و براکانیانەوە هاتن.

لێرەدا بە ئەرکی دەزانین سوپاسی خەڵکی مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ بکەین کە لە دوای بۆمبەبارانی زێوە خەڵکەکەیان وەک خانەخوێ بردەوە ماڵەکانی خۆیان.

لەسەر ئەم کارەساتانەوە، هیوادارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پێشنیارانە بە هەند دابنێت:
هەوڵ بدات عێراق قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی دوو کارەساتەکە بکاتەوە.
لە لایەن پەرلەمانەوە بەدواداچوونی یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم تاوانانە بکرێت.

دێپارتمانی جینۆساید و ناوەندی توەژینەوەی جینۆسایدی کوردی لە ڕووی زانستییەوە چالاک بکرێت.

زانکۆکان کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەن و لە ڕووی یاسایی، مێژوویی، فەرهەنگی و کاریگەری دەروونییەوە لەو کارەساتانە بکۆڵنەوە.
کاری سینەمایی و دیکیۆمێنتیاری لەسەر ئەم دوو کارەساتە بکرێت.
تۆماری دیجیتاڵی بۆ تاوانەکان بکرێت و پشتیوانی لە نووسەران و هونەرمەندان بکرێت بۆ ئەوەی لەوبارەیەوە ناوەرۆک بەرهەم بێنن.
ناوچەی کارەساتەکان وەک مۆزەی تاوان بپارێزرێن.

9 حوزەیرانی 2026
هەولێر