ڕۆشنا عەلی
پرۆسەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، ڕێسا و یاسای خۆی هەیە، ڕێسایەک کە مافی دانەر، کوالێتی ناوەرۆک، ئاسایشی نیشتمانی و ڕۆشنبیری دەپارێزێت. لە هەرێمی کوردستانیشدا بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، چاپکردنی هەر کتێبێک بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن، بە سەرپێچییەکی ڕوونی یاسایی دادەندرێت. بەپێی ئەم ڕێسایە، هیچ چاپخانەیەکی فەرمی مافی نییە بەرهەمێک بەبێ ژمارەی سپاردن چاپ بکات، بەڵام کاتێک سەیری کەرتی پەروەردە دەکەین، لە پشت پەردەی ئەم یاسایەوە دیاردەیەکی نامۆ دەبینین: بازرگانیی مەلزەمە . دیاردەیەک، کە بووەتە جۆرێک لە بازاڕی ڕەش و لێدان لە بنەماکانی پەروەردەی هاوچەرخ.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدا سەر هەڵدەدات کە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لە بودجەی گشتی تەرخان دەکات بۆ چاپکردنی کتێبە فەرمییەکانی خوێندن (پڕۆگرام) بۆ سەرجەم قۆناغەکان ، حکوومەت توانیویەتی باشترین کوالێتی لە ڕووی دیزاین، کاغەز بۆ سەرجەم قوتابییان بە خۆڕایی دابین بکات، بە جۆرێک کە قوتابی پێویستی بە هیچ سەرچاوەیەکی دەرەکی نەبێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر کتێبی فەرمی بەم کوالێتییە بەرزە بەردەستە، بۆچی هێشتا بازاڕی مەلزەمە گەرمە؟
ڕاستییەکەی، ئەوەی لە هەندێک چاپخانەی لابەلا و پەڕاوگەی لاكۆڵانەكان و دەزگای نافەرمیدا ڕوودەدات، سەرپێچییەکی دووانەیە؛ هەم یاساییە و هەم پەروەردەیی. هەندێک لە مامۆستایان بە داڕشتنی مەلزەمە لە شێوەی کتێب و کورتکردنەوەی ناڕەوای بابەتەکان، قوتابی تەمبەڵ دەکەن و لە بیرکردنەوە دووری دەخەنەوە. ئەم مەلزەمانە بەبێ چاودێریی لێژنە زانستییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن، لە چاپخانە و پەڕاوگەی ئێرەو ئەوێ چاپ دەکرێن و بە نرخێکی گران بەسەر قوتابیاندا دەسەپێندرێن، ئەمە بازرگانییەکی ڕەشە کە تێیدا لایەنی ماددی خراوەتە پێش پەیامی پەروەردەوە.
کاتێک مامۆستایەک قوتابی ناچار دەکات مەلزەمەیەکی دیاریکراو بکڕێت، یان وا پیشان دەدات کە بەبێ ئەو مەلزەمەیە سەرکەوتووانە تاقیکردنەوەکان تێپەڕ ناکات، ئەمە نەک هەر کەمکردنەوەیە لە بەهای ئەو ماندووبوون و پارە زۆرەی حکوومەت لە کتێبە فەرمییەکاندا خەرجی کردووە، بەڵکو بارگرانییەکی دارایی قورسیش بۆ سەر شانی خێزانەکان دروست دەکات. هاوکات، کوالێتی پرۆگرامی خوێندنییش دادەبەزێنێت، چونکە مەلزەمە تەنیا لەبەرکردنی کوێرانە فێری قوتابی دەکات، نەک تێگەیشتنی قووڵ.
بۆ ڕاگرتنی ئەم بازرگانییە ڕەشە و پاراستنی شکۆی کەرتی پەروەردە، پێویستە چەند هەنگاوێکی بەپەلە بنرێت:
توندکردنی چاودێریی یاسایی لەسەر چاپخانەکان: وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنە ئەمنییەکان پێویستە سزا و ڕێکاری یاسایی توند دژی هەر چاپخانەیەک بگرنەبەر، کە دەرگا بۆ چاپی مەلزەمە و كتێبی بێ ژمارەی سپاردن دەکاتەوە.
ڕێکاری کارگێڕی
وەزارەتی پەروەردەوە: پێویستە قەدەغەکردنی مەلزەمە لە ناوەندەکانی خوێندندا تەنیا بە دروشم و نوسراوی ناودۆسییەی كارگێڕی قوتابخانەكان نەهێڵیتەوە ، بەڵکو لیژنەکانی سەرپەرشتیکردن بەدواداچوونی توند بکەن و لێپرسینەوە لەو مامۆستایانە بکەن، کە مەلزەمە بەسەر قوتابیدا دەسەپێنن.
هۆشیاریی خێزانی
دایک و باوکان دەبێت متمانەیان بەو کتێبە فەرمییانە هەبێت کە حکوومەت دابینی کردوون ،هەرچەندە ئەوان متمانەیان هەیە ،بەڵام ناچار بە كڕینی ئەو مەلزەمانە دەكرێن کڕینی مەلزەمە وەک کلیلێکی سەرکەوتن نابینن، بەڵکو وەک تەمبەڵکردنی عەقڵی منداڵەکانیانی سەیر دەکەن و هاوكات ناچارن ،چونكە ئەوان بۆ ئەو قۆناغە هەرچی بتوانن بۆ منداڵەكانییان دەیكەن.
کۆتاییهێنان بە دیاردەی مەلزەمە و چاپی نافەرمی، لەلایەک پاراستنی سەروەریی یاسایە و لەلایەکی ترەوە گەڕانەوەی ڕێزە بۆ ئەو سەرمایە نیشتمانییەی، کە ساڵانە لە کتێبی مەنهەجیدا خەرج دەکرێت ئەگەر بڕیارە ئەو مامۆستایانەی مەلزەمە چاپ دەكەن كوالیتی مەلزەمەكانییان لە ڕووی زانستییەوە لە كتێبی خوێندن دەوڵەمەند ترو باشتر بێت بۆچی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەكان سوودیان لێوەرناگرێت بۆ دانانی پڕۆگرامی خوێندن.
ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە پۆلەکانی خوێندن پاک بکرێنەوە لە بازرگانی و کتێبە فەرمییەکان ببنەوە بە تاكە سەرچاوەی پێگەیاندنی نەوەکانی پاشەڕۆژ.