خهبات: هێمن ئاری:- شاعیری جوان و هەستناسک خالید کۆچەر، لە ناو دنیای ئەمرۆی شیعری کوردی بە شاعیری ئەڤینداران دەناسرێتەوە، شیعرەکانی بۆنی عەشقیان لێدێت و لەناو دنیای جوانی ڕۆمانسیەت دەبیندرێت، لەم ڕۆژانە کۆشیعرێکی عاشقانەی پڕ لە هەستی جوان و بە نەغمەی خۆشەویستی و بە ڕیتمی جوانی عەشق لە ژێر ناونیشانی (خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی) به چاپ و دیزاینێکی جوان بڵاوکردەوە، کە لە چاپخانەی هێڤی چاپکراوە. کۆچەر، یەکەم کۆشیعری خۆی لە ژێر ناونیشانی فرمێسکی مەهاباد – ساڵی 1981 بڵاوکردۆتەوە، دواتر ئەستێرەی هیوا 1983، دیاری بۆ مام هێمن 1984، جانتای سەفەری ئەمجارەت پڕیەتی لە گریان – 2011 ، ژنێک دڵی داگیر کردووم – 2025، تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە – 2025. لە دیمانەیەکدا بۆ رۆژنامەی خەبات ڕووبەرووی چەند پرسیارێکمان کردووە.
* حەوتەمین کۆشیعرت بە ناونیشانی (خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی) بڵاوکردەوە، چۆن ئەم ناونیشانەت هەڵبژارد؟
ئەو شیعرانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان لە گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاومکردبوونەوە بە پێویستم زانی لە کتێبێکدا بڵاویان بکەمەوە، لە هەموو ژیانم شیعرم بە خەیاڵ نەنووسیوە و ناینووسم، شیعرەکانم عەشقێکی گەورەیان لە پشتە ، من بە پێچەوانەی زۆربەی شاعیرەکان لە ژێر کاریگەری یەک ژن و عەشقێکی پیرۆز شیعرم نووسیوە، لە کۆتا ساڵانی حەفتا بووین بە دوو دڵخوازی خۆشەویست، سەرتاپای ئەم کتێبەشم وەکو کتێبەکانی ساڵانی ڕابردووم هەر بۆ ئەم ئافرەتە نووسیوە.
* جوانترین شیعرت کامە شیعرە کە لە هەر هەموویان زیاتر خۆشت دەوێت؟
هەر هەموویانم خۆشدەوێت، بەڵام زیاتر ئەو شیعرانەی بە فرمێسکی چاوەکانم نووسیومن و لە کاتی نوسینیان منیان دەیان جار گریاندووە.
* خاتوو (ئەرخەوان)ی شاعیر دەڵێت: دەبێت ئەم عەشقە بێگەردە بکرێتە ڕۆمان، بە نیاز نیت ڕۆژێک یادەوەریی ئەم عەشقە لەناو ژانی پیرۆزی ڕۆمانێکدا بنووسیتەوە؟
منیش ئەو خۆزگەیە دەخوازم، بەڵام دەترسم سەرکەتوو نەبم لە نووسینی ڕۆماندا، بۆیە تا ئەم لە حزەیەش بڕیارم نەداوە.
* نووسەر و ڕەخنەگر غازی حەسەن دەڵێت: ئەگەر باسی عەشقمان کرد دەبێت شیعرەکانی خالید کۆچەر بخوێنیینەوە؟ تۆ چی دەڵێیت؟
سوپاس بۆ جوانبینی هاورێم غازی حەسەن، لهبارەی بۆچوونی لهسهر شیعرەکانم، بۆ من جوانترین مەدالیای ڕێزلێنانە، سوپاسی دەکەم.
* لای تۆ شیعر بەهرەیە یان ئیلهام؟
خوداوەند بەهرە و جوانی و ئیلهام و ئەقڵی بە مرۆڤ بەخشیوە، بۆ نموونە: من ناتوانم وەک مامۆستای شێوەکار عەزیز پیرداود تابلۆیەک وێنە بکەم، خوداوەند بەهرەی وێنەکێشانی بە مامۆستا عەزیز پیرداود بەخشیوە و بە منیش شیعر، شیعر ئەو بەهرە جوانەیە لەناو ئیلهامی پیرۆزی شیعردا کەس لە ئەویتر ناچێت، ئەگەر ژنێكی مەزن لە پشت شیعرەکانم نەبوایە شیعرم پێدەنووسرا.
*بە ڕاشکاوانە ئەگەر دەردەدڵەکەت لەم دیمانەیە بدرکێنیت؟
خولیای عەشق و خۆشەویستی و یادەوەریی ژنێكی یەکجار خۆشەویست، نەیهێشت شیعر بۆ نیشتمان بنووسم.
* دەگوترێ لەناو ئەمڕۆی شیعری کوردی خالید کۆچەر بە شاعیری ئەڤینداران و عاشقان ناو دەبرێت؟
سوپاس بۆ هەموو ئەو خوێنەر و خۆشەویستانەی ئەم نازناوەیان پێبەخشیوم، بۆ من خەڵاتێکی مەزنە.
* بەنیازنیت خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی لە کۆڕێکدا ناساندنی بۆ بکەییت؟
بە ئومێدم بەم نزیکانە لە شاری هەولێر، لە مەراسمێکدا ئەم کتێبەم بە ئامادەبووان بناسێنم لە ناو نەغمەی پیرۆزی مۆسیقا و خوێندنەوەی چەند شیعرێک و دواتر کتێبەکەم بە دیاری ببەخشم بەسەر ئامادەبووان.