سهرهتا وتار خوێندنەوەیەك بۆ وەرچەرخانی ستراتیژی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران
پ. ی. د. چنار بابەکر بارزانی*
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتەوەختێکی جیۆپۆلەتیکی سەرەکی تێدەپەڕێت، کە ئامرازەکانی «هێزی ڕەق» لەگەڵ دیپلۆماسیەتی مەرجدار تێکەڵ دەبن.
ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی واشنتۆن سەبارەت بە دەستپێکردنی «ئۆپەراسیۆنی ئازادی» لە گەرووی هورمز وەکوو توخمێکی گرینگ لەناو ستراتیژی بەکارهێنانی «زۆرترین فشارەکان»ی ئیدارەی ترامپ دەردەکەوێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانەوە، کە بە کۆتایی هاتنی «ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی» دەگاتە لوتکە، ئەوەندەی هەنگاوێکی زیرەکانەیە بەرەو «تاقیکردنەوەی کۆتایی» مەبەستەکانی ئێران، ئەوەندە ڕەنگدانەوەی پاشەکشەیەکی ستراتیژی نییە، دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانەی خوارەوە شیکاری بۆ بکرێت:
یەکەم: لۆژیکی ڕیالیزمی هێرشبەرانە و بەڕێوەبردنی زیادەڕۆیی ستراتیژ
لە ڕوانگەی قوتابخانەی ڕیالیستی هێرشبەرانەوە، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نوێنەرایەتی خواستێکی ئەبستراکت بۆ ئاشتی ناکات، بەڵکو «دووبارە ڕێکخسنەوە»ی هاوسەنگییەکانی هێزە. لێرەدا واشنتۆن ئەو کارە پراکتیزە دەکات، کە بە لەخۆگرتنی نەرم (Flexible containment) ناسراوە.
ئیدارەی ترامپ لەبری ئەوەی سەرچاوەکان لەناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە بەفیڕۆ بدات، کە دەتوانێت ببێتە هۆی (Overstretch) زیادەڕۆیی ستراتیژ، دەستکەوتی سەنگەرەکانی بەکارهێنا و کردی بە سەرمایەی سیاسی.
ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە نەهێشتنی بیانووە بە تاران، گوایە هێرش کراوەتە سەری، و کارکردنە بۆ ئەوەی ئێران لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە و بەمەش بارگرانی پەرەسەندن و دەرئەنجامە ئەخلاقی و یاساییەکانی لە ئەستۆی واشنتۆنەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر ئەستۆی ڕژێمی ئێران.
دووەم: نێوەندگیری هەرێمی وەکوو ئامرازێك بۆ شەرعیەت و سنووردارکردن
ڕۆڵی پاکستان لەم چوارچێوەیەدا وەکوو گۆڕاوێکی گرنگ لە هاوسەنگی هێزی هەرێمی دیار و بەرجەستەیە. بەشداریکردنی ئیسلام ئاباد، وەکوو هێزێکی ئەتۆمی، کە پەیوەندی بە ئاسایشی وزە و زنجیرەکانی دابینکردنەوە هەیە، دەبێت بە بەرگێكی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و واشنتۆن سوودی لێ دەبینێت.
ئەمەریکا بە قبوڵکردنی نێوەندگیری، خۆی وەکوو «دەسەڵاتێکی بەرپرسیار» نیشان دەدات، کە وەڵامی داواکارییەکانی سەقامگیری جیهانی دەداتەوە، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی بەردەوامبوونی سزا ئابوورییە هەمەلایەنەکانەوە دەستی لەسەر پەلاپیتکەیە بۆ گۆڕینی ستراکچەری سیاسی لە ئێران. ئەم تاکتیکە بە پلەی یەکەم ئامانجی گۆشەگیرکردنی ئێرانە لە ڕووی سیاسییەوە و وێناکردنی هەر ڕەتکردنەوەیەكێتی لە داهاتوودا، گوایە ئێران مەبەستی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی هەرێمییە.
سێیەم: کێشەی متمانەپێکردن و ڕێکری چالاکانە
لە ڕوانگەی تۆماس شێلینگ، زانای بواری ئابوری و پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی ئەتۆمی ئەمەریکی، پەیوەست بە تیۆری ڕەدع، هەڕەشە تەنها ئەو کاتە دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، ئەگەر ئەو کەسەی هەڕیسەکە دەکات پلەیەکی بەرزی متمانەی بەدەست هێنابێت. لێرەدا ڕاگەیاندنەکانی دامەزراوەی سەربازی سەبارەت بە «ڕێگری چالاکانە» دێنە ئاراوە، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان دیپلۆماسییەت و هێز.
واشنتۆن هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی نوێ بسەپێنێت، کە چەمکی نەریتیی «بێدەنگی بەرامبەر بە بێدەنگی» وەکوو ڕێکەوتنێکی نافەرمی تێپەڕێنێت و هاوکێشەیەکی «بێدەنگی بەرامبەر بە پابەندبوونی تەواو» لە شوێنیدا دابنێت.
پاراستنی دۆخی ئامادەیی سەربازی لە هەمان کاتدا بەردەوامبوونی فشاری پێکهاتەیی (ئابووری) بەو مانایەیە، کە ئەمەریکا سەنگەری ململانێی بەجێنەهێشتووە، بەڵکو تەنها سروشتی ئەو چەکەی بەکارهێنراوەی گۆڕیوە؛ لە مووشەکی بالیستییەوە بۆ (Strategic Denial Weapon) چەکی ئینکاری ستراتیژ، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە دوژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە ڕەتکردنەوەی توانای بەکارهێنانی چەکەکانی یان گەیشتن بە ئامانجە گرنگەکانی.
چوارەم: ئەندازیاری «ئاسایشی بەکۆمەڵی مەرجدار» لە گەرووە نێودەوڵەتییەکان
داڕشتنەوەی یاساکانی گەمە لە گەرووی هورمز هەوڵێکی ئەمەریکایە بۆ دامەزراندنی چەمکێکی نوێ، کە پێی دەوترێت «سەروەری ئاسایشی مەرجدار».
ئامانج چیتر تەنها دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتیەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتییە بۆ ئامرازێکی فشاری سیاسی. بەم پێیە ئازادی کەشتیوانی پەیوەستە بەو ڕادەیەی، کە زلهێزە هەرێمییەکان پابەندن بەو پێوەرە ئاسایشیانەی، کە زلهێزەکان دایانناوە. ئەم مۆدێلە قۆناغێکی نوێی سیستەمی نێودەوڵەتی کێبڕکێ درووست دەکات، کە سەروەری لە ناوچە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان وابەستەی پابەندبوونی سیاسی دەبێت.
لە کۆتایدا ئێمە لەبەردەم سیناریۆیەکداین، کە لە ململانێی دوولایەنەی نەریتی تێدەپەڕێنێت؛ ئەمە تاقیکردنەوەیەکی توانای زلهێزەکانە بۆ پراکتیزەکردنی «دیپلۆماسی زۆرەملێ» بەبێ ئەوەی خۆیان بخزێننە ناو جەنجاڵی شەڕێکی گشتگیرەوە. سەرکەوتنی ئەم گرەوە «جەمسەرگیری ئەمەریکا» و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەکتەرە هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێناسە دەکاتەوە، لە کاتێکدا شکستهێنان دەبێتە تەقینەوەیەکی جیۆپۆلەتیکی، کە دەتوانێت نەخشەی دەسەڵات لە هەموو ناوچەکەدووبارە داڕێژێتەوە و ئەم قۆناغەش ببێتە مەترسی گەیشتن بە لێواری کارەسات.
* مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ستراتیژ و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا