ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” رایگەیاند، “بە توندی سەرکۆنەی هێرشە قێزەونەکانی میلیشیا تیرۆریستییەکان بۆ سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکان لە هەولێر دەکەم”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، “ئەم دەستدرێژییە بەئەنقەستانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن و بە هەموو شێوەیەک قبووڵنەکراون”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بە راشکاوی داوا لە حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەکات رێکاری خێرا، یەکلاکەرەوە و کرداری بەرانبەر ئەو گرووپە چەکدار و میلیشیا لەیاسادەرچووانە بگرێتە بەر.

مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستە روو، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدراڵییە هەموو رێگەیەک بەکار بهێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە و راپێچکردنی ئەنجامدەرانیان بۆ بەردەم دادگا.