سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بە فەرمی رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ئەمریکای لە نێو ئێران راگەیاند و ئۆپەراسیۆنەکەی بە “یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە مێژووی ئەمریکا”دا ناو برد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی سۆشیاڵ ترووس رایگەیاند، “دوێنێ فڕۆکەوانێکی دیکەمان لە ئێران رزگار کردبوو، بەڵام بۆ پاراستنی ئۆپەراسیۆنی دووەم راماننەگەیاند و بەبێ هیچ قوربانییەک هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەمان ئەنجامدا، ئەمەش باڵادەستیی ئاسمانییمان دەسەلمێنێت”.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “فڕۆکەوانە رزگارکراوەکە ئەفسەرێکی پلە باڵایە بە پلەی عەقید و ئێستا سەلامەت و تەندروستە”.

ترەمپ دەڵێت، “ئەم ئەفسەرە لە چیاکانی ئێران و لەپشت هێڵەکانی دوژمنەوە بووە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئێران بەدوایدا دەگەڕان و کاتژمێر بە کاتژمێر لێی نزیک دەبوونەوە”.

دەشڵێت، “ئەو هەرگیز بەتەنیا نەبوو، چونکە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزیری جەنگ، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکان و هاوسەنگەرەکانی 24 کاتژمێر چاودێریی شوێنەکەیان دەکرد”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، “بە فەرمانی من سوپای ئەمریکا دەیان فڕۆکەی بە کوشندەترین چەکی جیهانەوە ناردووە بۆ هێنانەوەی”.

ترەمپ وتی، “ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرئاسایە، لە دوای رزگارکردنی سەرکەوتووانەی فڕۆکەوانێکی دیکەی قارەمانمان دێت لە چەند رۆژی رابردوودا، کە پشتڕاستمان نەکردەوە بۆ ئەوەی مەترسی نەخەینە سەر ئۆپەراسیۆنی دووەمی رزگارکردن”.