
کارزان حەیدەر
هێرشە درۆنییەکەی ڕۆژی 28ی ئاداری 2026 بۆ سەر ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، تەنیا ڕووداوێکی ئەمنیی تێپەڕ نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی مەترسیدار و هەڵگری پەیامێکی قووڵی سیاسییە، لەم کاتە هەستیارەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و گۆڕانکاریدا تێپەڕ دەبێت، هەڵبژاردنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک ئامانجێک، خوێندنەوەیەکی وردی ستراتیژی و سیاسیی دەوێت.
یەکەم هۆکاری ئەم پەلامارە، لێدانە لە پێگە دیپلۆماسییە بەهێزەکەی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی وەک ئەندازیاری دیپلۆماسی و پارسەنگڕاگری هاوکێشە ئاڵۆزەکان ناسراوە، ئەو کەسایەتییەکە کە توانیویەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەنێو گەردەلوولی ململانێکانی ناوچەکەدا بپارێزێت و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان دروست بکات، بەئامانجگرتنی ماڵی ئەو، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ پچڕاندنی ئەو پەیوەندییانە و ناردنی پەیامێکی ترساندن، نەک تەنیا بۆ سەرکردایەتیی کورد، بەڵکوو بۆ دۆستە نێودەوڵەتییەکانیش، کە گوایە هیچ ناوچەیەک لە کوردستان پارێزراو نییە.
لە ڕووی کاتەوە، ئەم هێرشە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو ناسەقامگیرییەوە هەیە کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، نەیارانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت ئەو ئارامییەی کە وەک دوورگەیەکی سەقامگیر لە عێراق و ناوچەکەدا ماوەتەوە، تێکبدەن، ئامانجی ستراتیژیی ئەم گروپ و لایەنانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ڕابکێشنە نێو گێژاوی شەڕێکی نەخوازراوەوە، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە پاشەکشە بە پێشکەوتنە ئابووری، سیاسی و دەستوورییەکانی گەلی کورد بکەن و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی خۆیان لاواز بکەن.
هەروەها، ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە تاقیکردنەوەیەکی جدییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەیانەوێت بزانن کاردانەوەی جیهان لە بەرانبەر بەزاندنی هێڵی سوور و لێدان لە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم تا چەندە، لێرەدا دەردەکەوێت کە تەنیا دەربڕینی نیگەرانی و بەیاننامەی سەرکۆنەکردن لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە چیتر داد نادات، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بێدەنگی بێتە دەرەوە و هەنگاوی کرداری بنێت، دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان، ئێستا پێداویستییەکی حەتمییە بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی هاووڵاتیان.
لە بەرانبەر ئەم پیلانانەدا، جووڵەی کوردستانیانی تاراوگە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، وەک ئەوەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کاری لەسەر دەکات، چەکێکی کاریگەرە، فشارە جەماوەرییەکان لە پایتەختەکانی جیهان دەتوانن بڕیاربەدەستانی نێودەوڵەتی ناچار بکەن پشتیوانییەکانیان بۆ هەولێر بکەنە کردار.
هەرچەندە پەلامارەکان ناڕەوا و ترسنۆکانەن، بەڵام شرۆڤەی واقعی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیرادەی نیشتمانیی گەلی کوردستان بەم جۆرە کردەوانە ناشکێت، ئەم هێرشانە، سەرباری مەترسییەکانیان، دەبنە هۆی یەکڕیزیی زیاتری ناوخۆیی و پێداگریی زیاتر لەسەر پاراستنی ئەو قەوارە دەستوورییەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە بەرهەم، هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەقامگیری دەمێنێتەوە و تیرۆر و تۆقاندن ناتوانن ئاراستەی مێژووەکەی بگۆڕن.