فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردەوە، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی کێوماڵی ناوچە بیابانییەکانی نێوان هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا، هێزێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و تەقەلێکردن بووەوە، لە ئەنجامیشدا سەربازێک گیانی لەدەست دا و دووی دیکەش برینداربوون.
– ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەی لێکۆڵینەوە و ڕێکاری یاسایی لەسەر ئەم ڕووداوە گیراوەبەر، دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوەش لەناو خاکی وڵات و لەکاتی بەدیهێنانی ئەرکەکاندا پێشێلکاریی و کارێکی بێ پاساو و ڕەتکراوەیە، بۆیەش بەگوێرەی یاسا و ڕێکارە سەربازییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەواڵی دابەزینی هێزێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە پارێزگای نەجەف بڵاوکرایەوە، ئەم بەیانییە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و بە ناڕاست ناوی برد.