خەبات: خانمە شێوەکار ڕازاو چالاک، هەر زوو ئارەزووی وێنە کێشان و کاری دەستی هەبووە، ئیتر لەوێوە پەرەی بەو ئارەزووی خۆیداوە، نزیکەی بۆ دوو ساڵیش دەچێت وەکوو خۆی دەڵێت خەریکی فێربوونی کاری خۆشنووسییە و دەیەوێت لەو بوارەشدا هەنگاو بۆ نێو ئەو بوارە بهاوێژێت، ڕازاو، لەپێشانگەیەکی شێوەکاریدا بەشداری کردووە و تابڵۆکانی وەکوو شێوەکارێک خستۆتەڕوو، لەوەڵامی چەند پرسیارێکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات سەبارەت بە هونەری شێوەکاری و ئەو حەز و خولیایەی بۆ ئەو بوارە هەیبووە گوتی: ماڵەوەمان هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری بوون، بە تایبەت دایکم و براکانم زۆر پاڵپشت و هاوکارم بوون، ئەوەش بۆمن مایەی دڵخۆشیی و هەنگاونانی زیاترە لەو بوارەدا.
هەروەها گوتیشی لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لەتەمەنی منداڵییم تا ساڵی ٢٠٠٣ لە ئێران ژیاوم و بەسەربردووە، یەکەم زمان کە فێری نووسینی بووم، زمانی فارسی بوو؛ ئەمەش کاریگەری لەسەر دەست و خەتم هەبووە و لە منداڵییەوە بۆم بووە بە هاندەرێک بۆ ئەوەی جوانتر بنووسم. هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕازاو گوتی: جگە لەوەش باپیرەم خۆشنووس و پەیکەرتاشێکی بە توانا بووە، بێگومان ئەوەش کاریگەری زیاتری لەسەرم هەبووە تا خۆم لەو بوارانەدا بدۆزمەوە و ئارەزووی زیاترم هەبێت. هەرچەندە هیچ کات بە شێوەیەکی فەرمی کاری خۆشنووسیشم نەکردووە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵی بۆ دەدەم بەو بوارەشدا کاربکەم.
ئەم خانمە شێوەکارە گوتیشی: ئەوەی زیاتر هانیدام بۆ فێربوونی خۆشنووسی؛ سەرەتا سەرسامییم بوو بە هونەرەکە و بە کارەکانی چەند هونەرمەندێکی فارس و جیهانی بوو، لە ناو کوردیشدا خۆشنووسانی بە توانامان هەن. بەڵام بەداخەوە، هونەری خۆشنووسی بە گشتیی لە کوردستاندا کەم ڕەنگ بووەتەوە و جێگەی بایەخ نییە. هیوادارم ئەم هونەرە جوانە زیندوو بکرێتەوە و لەو ڕێگەیەوە زمان، ئەدەبیات و شیعری کوردی نەک تەنیا لە ناوچەکە و ناو کتێبەکان بمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان بڵاوببێتەوە.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: بڕوام وایە هونەر تەنیا بۆ جوانی سەر دیوارەکان نییە؛ هەر هونەرێک پەیامێکی تایبەت بەخۆیی هەڵگرتووە. پەیامی هونەرەکەی منیش هەڵگری پەیامی جوانی و ڕۆحی زمانی کوردییە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە هۆیەک بۆ بەخشینی ئارامی و بڵاوکردنەوەی جوانی لە ناو کۆمەڵگەدا، بە تایبەت لەم ڕۆژگارە سەختەی ئێستاماندا.