بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای عێراق لە کەرکووک هەڵیکوتایە سەر گەڕەکێکی کورد و ماڵباتێکی کوردی لە گەڕەکەکە بە زەبری هێز دەرکرد و ئێستاش ڕێگە نادات بگەڕێنەوە ماڵەکەیان.
لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک، کێشەی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی کورد جارێکی دیکە گرژی لێکەوتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ سوپای عێراق بە بیانووی “زێدەڕۆیی و موڵکایەتیی وەزارەتی بەرگری” بە زەبری هێز ماڵێکی کوردی دەرکرد.
دوو ساڵ لەمەوبەر لە کەرکووک پێنج خێزان بە زۆرەملێ لەلایەن سوپای عێراقەوە دەرکرابوون و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕابوونەوە ناو ماڵەکانیان، سوپای عێراق بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەلێکی قۆستووەتەوە کاتێک خاوەن ماڵێک بۆ ژەمی پارشێو چوونەتە میوانداری، جارێکی دیکە دەستی بەسەر خانووەکەدا گرتووەتەوە و ڕێگری لە گەڕانەوەی خێزانەکە بۆ ناو ماڵەکەیان دەکات و سوکایەتیشیان پێدەکات.
ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانە کوردانەی بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو ئاوارە ببوون، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، گەڕانەوە بۆ کەرکووک و لە گەڕەکی “نەورۆز” نیشتەجێبوون کە پێشتر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەفسەرانی ڕژێمی بەعس بوو؛ ئێستا ئەو گەڕەکە زیاتر لە 200 ماڵی کوردی تێدایە.