مەسرور بارزانی.. حیکمەتی سیاسی و قەڵغانی دیپلۆماسی

336

ئیسماعیل ئيبراهيم

لەفەرهەنگیی سیاسیی مۆدێرندا، سیاسەت چیتر کایەی ململانێ و جەمسەرگیری نییە، بەڵکوو هونەری مومکینات و زانستی ڕاگرتنی هاوسەنگییە لەناو زریان و زەریای پڕ لەهەژان و ژاوەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نەتەوەیەکی وەکوو کورد، کە دیرۆکەکەی پڕە لەوەرچەرخانی مێژوویی، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە مانەوە تەنیا بەهێزی چەک مسۆگەر نابێت، بەڵکوو پێویستی بەقەڵغانی دیپلۆماسیی و تۆکمەیی ناوخۆیی هەیە.

لەم چوارچێوەیەدا، جووڵە سیاسیی و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەرچەرخانی ستراتیجییان لەپێگەی هەرێمدا دروست کردووە، هەوڵێک کە نیشاندەری واقیعبینییەکی سیاسییە بۆ بونیادنانی کوردستان وەکوو کاراکتەرێکی سەقامگیرو خاوەن ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێز.

سەرۆک وەزیران کاک مەسرور بارزانی، توانیویەتی گوتاریی سیاسیی هەرێم لەچوارچێوەیەکی ناوچەیی تەسکەوە بگوازێتەوە بۆ ناو قووڵایی ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردان لەجیهاندا. ئامادەبوونی کاراو بەردەوامیی لەلوتکە جیهانییەکان تەنیا سەردانی پڕۆتۆکۆڵی نین، بەڵکوو پڕۆسەی چەسپاندنی شەرعییەتی سیاسیی کوردستان و نیشاندانی پێگەی هەرێمە وەک پارتنەرێکی جێگیر لەهاوکێشەکانی ئاسایش و ئابووریی جیهانیدا.

ئەم ئاراستەیە وای کردووە کە پایتەختە کاریگەرەکانی جیهان، لەواشنتۆنەوە تا برۆکسل، مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن وەک قەوارەیەکی کاریگەر لە پڕوسەی ئاشتی و کارەکتەرێی چالاك لە بونیاد نانی ئاشتی و پێکەوەژیان و هێمنی و خاوەن بڕیارو پێگەی ستراتیجی. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ستراتیجییەتی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزيران جەخت لەوە دەکاتەوە کەپاراستنی قەوارەی هەرێم تەنیا لەسەنگەرەکانی بەرگرییەوە دەست پێناکات، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ فیداکاری لەسەنگەرکاندا؛ دەبێت لەدێڕەکانی ناو بڕیارەکانی ناوەندەکانی توێژینەوەی نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوە بگرێت.

کاتێک کوردستان لەڕێگەی یاساو بڕیارە فەرمییەکانەوە دەبێتە بەشێک لەبەرژەوەندییە هاوبەشەکان بە ئاراستەی ئەرێنی ستراتیجییەکانی هێزە گەورەکان و بە تايبەت ئەمريکا. ئەوکات هیچ ڕێککەوتنێکی ناوچەیی ناتوانێت بەئاسانی زیان بەم قەوارە نیشتمانییە بگەیەنێت. ئەمەش گۆڕینی هاوکێشەی هێزی چەکە بۆ هێزی مەنتیق و یاسای نێودەوڵەتیی. چەقی هێزو قەڵای تۆکمەی بەرگری سەرەڕای گرنگی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەدەرەوە، بەڕێز مەسرور بارزانی، لەسەر بنەمای ڕاستییەکی زانستیی کار دەکات کە دەڵێت: (دیپلۆماسییەت ڕەنگدانەوەی هێزیی ناوخۆیە) پاراستنی کوردستان لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، بەبێ یەکڕیزیی ناوخۆیی و کۆدەنگیی نیشتمانیی ئەستەمە.

لۆبیکردن لەدەرەوە کاتێک پشت و هێزی دەبێت کە پشتئەستوور بێت بەمتمانەی گەل و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان. وەکوو چۆن “دار ئەگەر کرمی لەخۆی نەبێت تەمەنی هەزار ساڵە”؛ کوردیش تەنیا لەو درزانەوە مارانگەزت بووە کە لەناوخۆدا دروست بوونە. هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی حکوومەت لەم چرکەساتەدا، چڕبوونەتەوە لەسەر تۆکمەیی (ماڵی کورد) و یەکخستنی گوتاریی نیشتمانیی وەک بنەمایەکی ئەمنیی نەتەوەیی.

هونەری ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەناو جەرگەی ڕەشەبادا وەستان لەیەک مەودا لەهەمبەر جەمسەرە ناکۆکەکانی ناوچەکە، نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکوو لوتکەی هێزو قودرەتی مانۆڕکردنی سیاسییە. کاک مەسرور بارزانی بەبەکارهێنانی ئەم هاوسەنگییە وردە، توانیویەتی هەرێمی کوردستان لەلێکەوتە وێرانکارەکانی جەنگە ناوچەییەکان بەدوور بگرێت. ئەمە کڕۆکی ستراتیجیی واقیعبینییە، واتە ڕاگرتنی بەڵانس لەنێوان هێزە دژەکاندا سەرکەوتنە کاتێک بەرژەوەندیی باڵای کوردستان پارێزراو بێت و نەبێتە سووتەمەنیی ململانێی میحوەرەکان، بەڵکوو وەکوو پردیی پەیوەندیی و سەنتەریی ئارامیی بمێنێتەوە.

دەرەنجام: بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی دەستووریی و سیاسیی پاریزراوبێت و گەشە بکات، پێویستە ئەو دوو ئاراستە تەواوکەرەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی کاریان بۆ دەکات، ببنە هەوێنی هەوڵ و کۆششی گشت لایەک: – لەناوەوە: کۆتاییهێنان بەپەرتەوازه‌یی و گەڕانەوە بۆ بنەماکانی یەکڕیزی لەپێناو پاراستنی شکۆی نیشتمان. – لەدەرەوە: پەرەپێدانی دیپلۆماسییەتی کاراو بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمە ئەو نەخشەڕێگە ڕوونەیە کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پاراستنی شکۆی کوردستان گرتوویەتیەبەر. ئەرکی هەمووانە ئەم دیدگایە بکەنە بنەمای گوتاریی میدیایی و سیاسیی خۆیان، تاوەکوو بەیەکگرتوویی و پشتئەستوور بەحیکمەتی سەرکردایەتیی، بەرەو کەناری ئارامیی و سەقامگیریی هەمیشەیی هەنگاو بنێین.