هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

133

فارس نەورۆڵی

كتێبی هێڵێک بەناولمدا لە نووسینی جێمس بار باس لە دۆخی سووریا و لوبنان و فەلەستین دەکات لە ساڵانی (١٩١٤ تا ١٩٥٠) کە چەندە دۆخێکی ئاڵۆزە و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان چەندە سەختن، ئەگەر بەو مێژووە ئێستا بخوێنیتەوە لەفۆرمێکی دیکەدا هەمان ململانێ بەڕێوەدەچێ، بەڵام لە کارەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکاندا گۆڕانکاری جیاوازی تێدا ڕوویداوە لەکارەکتەری دەوڵەتیدا ئێستا ئەمریکا ڕۆڵی پێشەنگی هەیە، بەڵام ئەوکات فەڕەنسا و بەریتانیا لەکارەکتەری نا دەوڵەتیدا وەک میللەت و هێزی بێ دەوڵەت.

ئێستا کورد پێشەنگە و لەنێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بایەخ پێدراوە، چونکە لەسەرەتای شەڕو ئاڵۆزییەکانی سوریاوە کورد توانی دەرفەت وەرگرێ و لەناوچە کوردیەکان و بەشێک لەناوچە عەرەبیەکان دەسەڵاتێکی خۆسەری دروست بکات لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی بەرزو نزمی لەپەیوەندییەکاندا دروست بوو بێت، بەڵام ستراتیجی هەرێمی کوردستان مانەوەی ئەو خۆسەرییەی کوردی مەبەست بووە لەڕووداوەکانی ئەم دواییەو هێرشی سووریا بۆ سەر کوردەکان، هەرێمی کوردستان دەسەوسان نەبوو بەڵکو جوڵەیەکی کرداری لە هەموو ئاستەکاندا ئەنجامدا و هەموو توانا دبلۆماسی و سیاسی و میدیایی و مرۆیی خستە خزمەت مانەوەی ڕۆژئاوا تا ئەو کاتەی پێویستیش بوو هێزی پێشمەرگەی ناردە کۆبانێ و ئەوەشمان لەبیربێت هەڵوێستی تێکڕای کوردستانیان لەناو کوردستان و لە ئەورووپاو ئەمه‌ریکا هەڵوێستێک بوو داگیرکەران چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە نەبوون بۆیە بۆ بەردەوام بوون بەو ڕۆحییەتە دەبێت لە دەرەوەی ڕقی کۆنی حزبی وێنەکان ببینین نەک لەبەر ئەوەی لەڕابردوودا ڕقت لەحیزبێک بووە ئێستا ئەو هەموو هاوکارییەی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا نادیدە بگریت. لەڕاستیدا ئەگەر واقیعی سەیری دوو وێنەی جیاواز بکەین، وێنەی دەوڵەتانی عەرەبی و وێنەی هەرێمی کوردستان لەجوڵەی دەوڵەتانی عەرەب بۆ هاوکاریی فەلەستین و غەزە.

دەوڵەتانی عەرەب بەو هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابووری و ئاینی و هەواڵگرییەوە هێندەی هەرێمی کوردستان پشتگیریی ڕۆژئاوای کرد، عەرەب نەیتوانی پشتگیری فەلەستین و غەزە بکات، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدایە و کۆمەکیشی بۆ خەڵکی غەزە نارد کەچی برایانی موسوڵمانمان لە دنیای عەرەبدا لە هێرشەکانی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوا بە دروشمی فه‌تح وەڵامیان داینەوە، بۆیە قسەکردن لەسەر ڕۆژئاوا وەک ئەوەی هەیە بیخوێنینەوە نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە بینووسینەوە. واتە لەهەر باس و خواسێکی ڕۆژئاوا نابێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە ئایدۆلۆجی حزبیەی کە جوانی ئەوی دیکە نەبینین بۆیە بێ ویژدانییە ئەگەر ڕۆڵ و پێگەو شکۆی هەرێمی کوردستان نادیدە بگریت لە هاوکاری بۆ مانەوەی ڕۆژئاوا لەکاتێکدا کوردانی ڕۆژئاوا لەهەموو ئاستە جەماوەری و سیاسییەکاندا دەیان جار وتوویانە پێزانینی قووڵمان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە کە بەهەموو شێوەیەک لەپشت ڕۆژئاوا وەستاون کەچی لەباشوور بەشێک لە قسەکەر لەنووسین و سیمینارەکاندا ئەو هاوکاری و جوڵە مێژووییە نادیدە دەگرن.