مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی (سكای نیوز عەرەبی) وەڵامی چەند پرسیارێكی هەنووكەیی دۆخی ئێستای دایەوە كە پرسیار و وەڵامەكان لە خوارەوە خراونەتە ڕوو:
سكای نیوز عەرەبی: پرسیاری یەكەمم پەیوەستە بە دۆخی ئێستای عێراق، چونكە هەموو جیهانی عەرەبی و هەموو ناوچەكە بەلایەوە گرنگە كە بزانێت كەی حكوومەتی داهاتووی عێراق پێك دەهێندرێت. دەمەوێ رای تایبەتی ئێوە بزانم لەبارەی لێدوانەكەی ئەمەریكا كە دەڵێت ئەگەر نووری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوكاریی عێراق ناكات. هەندێك پێیانوایە كە دەكرێ ئەمەریكا ئەم هەڵوێستە وەربگرێت و هەندێكیش دەڵێن ئەمەریكا مافی ئەوەی نییە دەستێوەردان لەم بابەتە بكات لەسەر ئەو بنەمایەی كە بابەتەكە پەیوەستە بە سەروەریی عێراق و عێراقییەكان خۆیان سەرۆك وەزیرانەكەیان دیاری دەكەن، رای تۆ چیە؟
مەسرور بارزانی: گرنگە رێز لە گەلی عێراق بگیرێت، ئێمە هەڵبژاردنمان كردووە، گەلی عێراق دەنگی داوە و بڕیاری داوە كە كێ لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دەكات، هەروەها دوای پەرلەمان، كاتی دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و پاشان سەركۆمار و دواتریش سەرۆك وەزیران دێت. بۆیە دیاریكردنی ئەو كەسانە دەبێت رەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێت كە خەڵك پێشبینی دەكەن، هەڵبەت سەروەریی وڵاتیش زۆر گرنگە. پێموایە هەموو دۆستەكانی عێراق ڕێز لە سەروەریی وڵاتەكە دەگرن، لە هەمان كاتدا پەیوەندییەكان بۆ عێراق زۆر گرنگن، جا پەیوەندیی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بێت یانیش لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لەبەر ئەوە، پێویستە ئەم بابەتە بەوپەڕی هۆشیارییەوە ئیدارە بدرێت، لە لایەكەوە وەك دەزانن دیاریكردنی سەرۆك وەزیران ئەركی كوتلەی شیعەیە، ئەمەش عورفێكە لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا پەیڕەو كراوە، بۆیە كوتلەی گەورە لە كۆمەڵگەی شیعە سەرۆك وەزیران بەربژێر دەكەن، پاشان ناوەكە پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و لە كۆتاییدا پەرلەمان بڕیار دەدات.
بۆیە ئێمە باوەڕمان بەوەیە كە كوتلەی شیعەكان كوتلەی سەرەكیی بەرپرسە لە پێشكەشكردنی پاڵێوراو، پێویستە بڕیاری كۆتایی خۆیان بدەن، تەبعەن ئێمە ڕێز لە بڕیاری ئەوان دەگرین كە لە كۆتاییدا بە بەربژێرێكی كۆتایی دەردەچن.
سكای نیوز عەرەبی: هاوكات بەپێی عورفی سیاسی، سەرۆك كۆمار لە پێكهاتەی بەڕێزی كورد دەبێت، رای تۆ چییە لەبارەی ئەو ناوانەی تا ئێستا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەهێندرێن؟
مەسرور بارزانی: بە هەمان شێوە، پێویستە لەسەر كورد كەسێك بەربژێر بكەن تاوەكوو ببێتە سەرۆكی وڵات. بەم جۆرەش نابێتە سەرۆكی كورد، بەڵكوو دەبێتە پاڵێوراوێكی كورد بەڵام دەبێتە سەرۆكی عێراق. بە هەمان شێوەش بۆ سەرۆكی پەرلەمان كە پاڵێوراوی كۆمەڵگەی سوننی دەبێت و دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانیش بەرپرسیارێتیی شیعەیە، ئێستا دیاریكردن یان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەرپرسیارێتییە و وەك دەزانن بۆ كۆمەڵگەی كوردی دەگەڕێتەوە تاوەكوو بڕیار بدات.
چی گرنگە؟ گرنگ ئەوەیە كە ئەو لۆژیكەی لە لایەن شیعە و سوننەوە پشتی پێ بەستراوە و بەكار هێنراوە، ئەوە بووە كە زۆرینەی براوە بۆ هەر حزب یان هەر كوتلەیەك لەنێو ئەو پێكهاتەیە، ئەو بەرپرسە لە پاڵاوتنی بەربژێرەكەی. ئەمەش پێویستە لەسەر كوردیش جێبەجێ بكرێت، لەم حاڵەتەدا پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین دەنگی جەماوەری لە هەموو وڵاتەكە بەدەست هێناوە كە 1.2 ملیۆن دەنگدەر دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دا و پارتییان كرد بە گەورەترین حزب لە هەموو عێراق. ئەمەش مانای وایە كە نیوەی دانیشتوانی كورد دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە. ئەگەر ئەم لۆژیكەی شیعە و سوننەكان بەكار بهێنین بۆ پاڵاوتنی بەربژێرەكانیان، دەردەكەوێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەقی خۆیەتی كەسێك بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار بەربژێر بكات.
ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەكی ئامادەیە، هەروەك دەشزانن بە لەبەرچاوگرتنی زۆرینەی گەلی كورد و تێڕوانین لە بەرژەوەندیی گەلی كورد لە میانی قەبووڵكردنی سازان لەسەر یەك بەربژێر، بەڵام ئەگەر حزبەكانی دیكە ئامادە نەبن كارمان لەگەڵدا بكەن لەسەر یەك بەربژێر، ئێمەش ناتوانین بگەینە سازان تەنیا لە ڕێگەی پرۆسەیەكی دیموكراسییەوە كە دادپەروەر و پاك بێت، ئەمەش:
– بە بەكارهێنانی پەرلەمانی كوردستان دەبێت بۆ دەنگدان لەسەر پاڵێوراوەكان و لە كۆتاییشدا كەسێك كە زۆرترین دەنگ دەهێنێت، دەبێتە تاكە بەربژێری هەموو كورد، دواتر ناوەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی فیدرالی دەكرێت.
– یانیش ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر ئەو بەربژێرانە بدەن كە هەن، هەر كەسێك زۆرترین دەنگی نوێنەرانی كوردی هێنا لە پەرلەمانی عێراق، دەبێتە تاكە بەربژێر و دواتر ناوەكەی دەدرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدرێت.
ئێمە پێمانوایە كە ئەمە تاكە ڕێگەیە كە دەتواندرێت لە ڕێگەیەوە هەڵبژاردنێكی دادپەروەر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە ڕێگەیەكی دادپەروەرانە بكرێت. ئەگەر نەگەیشتینە ڕێككەوتن، وا پێدەچێت تا ئێستاش هیچ رێككەوتنێكمان نەبێت لەگەڵ حزبەكانی دیكە، بە تایبەتیش حزبێك، بۆیە لەم كاتەدا ئەوەی پێشنیازی دەكەین ئەوەیە یان بەربژێرێكی یەكگرتوومان دەبێت، یانیش بە یەكێك لەم دوو ڕێگەیە هەڵیدەبژێرین.
سكای نیوز عەرەبی: جەنابی سەرۆك، بە عەبقەرییەتێكی توند و بە وەڵامی دیپلۆماسی، تۆ ڕێگەی دروستكردنی كێكی هەڵبژاردنت بۆ روون كردمەوە لە عێراق، زانیم، بەڵام بە دڵنیاییەوە، حزب و كۆی دەنگدەران كە نوێنەرایەتی دەكەن، ئایا تۆ وەك كەس، بەربژێرێكی دیاریكراوت لا هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار؟ ئایا ناوی ئەو بەربژێرەتان بردووە؟ كێیە ئەو؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئێمە دكتۆر فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی ئێستامان دەستنیشان كردووە، ئێمە پێمانوایە كە ئەو زۆر لێهاتووە و توانای خۆی لە پێگەكەی سەلماندووە، ئێمە پێمانوایە زۆر بەتوانایە و تواناكەی لە پێگەكەی وەك وەزیری دەرەوە سەلماندووە، كەسێكی زۆر چالاك بوو لە رۆڵەكەیدا، پێمانوایە كە دەبێتە سەرۆكێكی باش بۆ وڵاتەكە.
سكای نیوز عەرەبی: پێتانوایە كە قۆناغی داهاتوو، پێویستیی بەوەیە كە جگە لە توانای بەڕێز وەزیر فوئاد حسێن، هەروەها پێویستی بەوەیە كە سیاسەتی دەرەكی بایەخ پێ بدرێت، چونكە دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە پێدەچێت زۆر گرنگ ببێت لە ململانێكانی ناوچەكان و پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێكان و هەروەها لە پەیوەندیی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ، هەروەك دەزانن پۆستەكان جیاوازن و بەرپرسیارێتیی جیاوازیشیان هەیە، بۆیە سەرۆك دۆسیەی جیاوازی دەبێت، وەزیری دەرەوە نابێت بەڵام بە دڵنیاییەوە پۆستی سەرۆك بۆ خۆی بۆ وڵاتەكە گرنگە. بەڵام كێ دەبێتە وەزیری دەرەوە؟ دەبێت بەرپرسیارێتیی سەركردایەتیكردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكە لە ئەستۆ بگرێت.
سكای نیوز عەرەبی: بەڕێزم، كاتێك سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكات كرد، چەند لێدوانێكتان هەبوو، بەوەی كە بوونی ئەمەریكا لە عێراق لە دوو شوێندایە، شوێنێك لە ناو عێراق و لە هەرێمی كوردستان. تۆ پێتوایە كە دۆخی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستیی بە بوونی ئەمەریكایە بۆ ماوەیەكی درێژتر لە هەرێمەكانی عێراق، كاتەكەشت بە كۆتایی ٢٠٢٦ دیاری كردبوو، ئایا ئێستاش پێتوایە كە پێویستە بوونی سەربازیی ئەمەریكا هەبێت بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆژەی كورد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكانی تیرۆر؟
مەسرور بارزانی: پێموایە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵات و شەڕكردن دژی تیرۆر تەنیا داواكاریی هێزە كوردییەكان نەبووە، بەڵكوو داواكاریی هەموو عێراق بووە، عێراقییەكان ویستییان ئەمەریكییەكان یارمەتییان بدەن لە شەڕ دژ بە داعش. پێویستە ئەوە بڵێم كە دەبێ زۆر مەمنون بین، بۆ ئەو پاڵپشتییەی كە هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێشكەش بە عێراقیان كرد، بە تایبەتیش پێشكەش كورد لە شەڕی دژ بە داعش، لەو رووەی كورد ئەوكات كورد لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕكردن بوون لە دژی داعش.
ئێمە پێمانوانییە كە داعش بە تەواوەتی كۆتایی هاتبێت، راستە زەوی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا شانەی داعش هەن كە لێرە و لەوێ جووڵە دەكەن و تا ئێستاش بوونیان هەیە، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە سووریا روو دەدەن، دەبینین كە هەندێك چالاكیی چەكدارانی داعش هەیە، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئازادكردنی هەندێك چەكدار لەوانەی پێشتر لە بەندیخانە جۆراوجۆرەكان بەندكرابوون، بەم جۆرەش هەڕەشەی داعش زۆر راستەقینەیە. بەو مانایەی كە ناتوانین خۆمان لەو راستییە لابدەین كە داعش هەڕەشەیەكی جددییە. بۆیە پێموایە بەڵێ توانای هێزە خۆجێیەكان، هێزە ئەمنییەكان لە عێراق و لە سووریا و لە كوردستان، باشترە لەوەی پێشتر هەبوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە داعش ناتوانێت بە شێوەیەكی جیاواز بگەڕێتەوە و هەڕەشەیەكی جیاواز لە هەموو ناوچەكە دروست بكات، بۆیە پێمانوایە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا و یاریدەدەرە ئەمەریكییەكان بۆ ئێمە بۆ سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش، تا ئێستاش بە توندی داواكراوە.
وادەی كۆتایی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە میانی دانوستانی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و حكوومەتی فیدرالی لە بەغدا دیاری كرا، بەڵام ئێمە تێڕوانینێكی جیاوازمان هەیە، ئێمە پێمانوایە كە تا ئێستاش پێویستیمان بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان هەیە بۆ شەڕكردن لە دژی داعش و هەموو جۆرەكانی تیرۆری توندڕەوان.
سكای نیوز عەرەبی: ئایا تا ئێستاش مەترسیی گەڕانەوەی داعش و دووبارە خۆڕێكخستنەوە و كۆكردنەوەی بنكەكەی هەیە؟ بە تایبەتیش پاش هەڵهاتنی هەندێك لە سەركردە و كادیرەكانی لەم دواییە لە سووریاوە بۆ عێراق.
مەسرور بارزانی: پێموایە كە ئەگەری هەیە داعش سەرلەنوێ ڕیزەكانی خۆی كۆبكاتەوە، بەڵام دەرفەتم پێ بدە كە هەنگاوێك بگەڕێمەوە بۆ دواوە و روونی بكەمەوە بۆچی پێمانتوایە كە داعش و تیرۆر تا ئێستا هەڕەشەن؟ داعش یان هەر رێكخراوێكی توندڕەو گەشە دەكات و بەهێز دەبێت و لە ژینگەیەكدا دەردەكەوێت كە بتوانێت كاری تێدا بكات، ئەو ژینگانەش عادەتەن ئەو ژینگانەش ئەو جێگایانە دەبن كە زوڵم و هەژاری و نایەكسانی و بێتواناییان تێدایە. ئێمە وای نابینین كە تا ئێستاش ئەم كێشانە بە شێوەیەكی دروست چارەسەر كرابن، بەڵكوو دەبینین كە تا ئێستاش زۆر پاكتاوی رەگەزی هەیە، وای دەبینین كە تا ئێستاش زۆر بێ توانایی و زوڵم و نایەكسانی هەیە، ئەمە ئەو ژینگەیەیە كە ڕێكخستنە توندڕەوەكان دەیقۆزنەوە و یاریی بە خەڵك و دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكەن، بۆیە پێمانوایە كە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێویستە سەرەتا ئەم دۆسیانە لە لایەكەوە چارەسەر بكرێن، دواتر بەردەوام چاودێریی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان بكرێن، ئەوانەی كە بوونیان هیەە بە كردەوە وەك داعش. بۆیە بەڵێ دەڵێم داعش تا ئێستاش توانای گەڕانەوەی هەیە، چونكە ئەو ژینگەیەی كە هەیە وامان لێ دەكات لە یەك كاتدا سەیری هەردوو بابەت بكەین.
سكای نیوز عەرەبی: چۆن دەڕوانیتە رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریا؟
مەسرور بارزانی: پێموایە كە هەنگاوێكی باشە بە ئاراستەیەكی راست، بەڵام پێمانوایە كە كورد ئازاری زۆریان چەشتووە، ئەوان مافی خۆیانە دانیان پێدا بندرێت و شایستەی مافی دیاریكراون، ئێمە ناڵێین ئەو مافانە چین، پێمانوایە ئەوان توانایان هەیە خۆیان دانوستان بكەن، ئێمە ئامادەین بۆ هاوكاری و لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێڵ بووین بۆ پاراستنی ئاگربەست، گرنگترین شت دڵنیابوونەوەیە لەوەی شەڕ نییە، لە ژینگەیەكی ئاشتیانەدا دەكرێ دەرفەتی گەورەتر بۆ گفتوگۆیەكی پتەوتر و بونیادنەر هەبێت، لەپێناو چارەسەركردنێكی بەردەوامتر و رێككەوتن.
بۆیە دەڵێم تا ئێستاش كارێكی داواكراو كراوە، بەڵام هیوا دەخوازم كە بگەنە ڕێككەوتنێك كە هەموو لایەنەكان رازی بكات.
سكای نیوز عەرەبی: بەڕێزم، كورد لە سووریا، لە عێراق، لە توركیا و لە چەندان شوێن هەن بە ڕێژەی كەمتر، جیاوازی چییە لە نێوان هەر بەشێكی كوردی؟ ئەمە پرسیاری یەكەم، پرسیاری دووەم، ئایا وای دەبینیت كە داهاتووی كورد باشترە ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەكانی گەلەكەیاندا تێكەڵ بن یانیش سەربەخۆ بن و ببنە نەتەوەیەكی یەكگرتووی كوردی؟
مەسرور بارزانی: ئەمە پرسیارێكی سەرنجڕاكێشە و هەستیارە، وەك دەزانن كە دابەشكردنی كوردستان بە درێژایی مێژوو بووە، كاتێك بابەتەكە پەیوەندیدار بووە بە دۆزی كورد، مێژوو دادپەروەر نەبووە. بەڵام واقیعی نوێ هەیە، ئەمڕۆ كوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی سەرەكیدا دابەش بووە، سووریا، توركیا، ئێران و عێراق، هەر بەشێك لەم دەوڵەتانە تایبەتمەندی و بارودۆخی تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵێ ڕێز لە تایبەتمەندیی هەر یەكێك لەو ناوچانە دەگرین، بەڵام ئەمە مانای وا نییە كە كورد لە هەر یەكێك لەو دەوڵەتانە شایستەی مافی تەواو نین، ئێمە ڕێز لەو ڕێگەیە دەگرین كە لە ناوچە كوردییەكان خەباتی پێ دەكەن، لە سووریا و لە توركیا و لە ئێران و لە عێراق بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكەیان، ئێمە دەستێوەردان لە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێدا ناكەین، بەڵكوو سەرنجمان لەسەر عێراقە و پێمانوایە لە عێراق سیستەمێكی فیدرالیمان بەدەستهێناوە، باوەڕمان بەوە هەیە كە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، ئەو سیستەمە كار دەكات. بابەتەكە پەیوەیست نییە بە شێوەی ئەو پەیوەندییەی كە پێشی دەخەیت، بەڵكوو پەیوەستە بەوەی كە چی بەو پەیوەندییە دەكەیت. لە عێراقدا فیدرالیەتمان هەیە بەڵام بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە، تا ئێستاش كێشەمان هەیە و هێشتا هەندێك دانوستان لە هەندێك بواردا هەن، لەبارەی چۆنیەتیی راستكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە و رێكخستنیان.
لە توركیا بۆ نموونە، پرۆسەی ئاشتی هەیە، ئومێدی ئەوە دەستی پێكردووە كە ببێتە هۆی چارەسەرێك كە زۆرتر بخایەنێت.
سكای نیوز عەرەبی: من لەبارەی ئێرانەوە قسەت لەگەڵ دەكەم، چونكە لە ئێران كورد ناتوانن هیچ جۆرە سەربەخۆییەكیان هەبێت، چونكە دەوڵەتی ناوەندی توندە.
مەسرور بارزانی: لە ئێرانیش بە هەمان شێوە پێموایە كە كورد شایستەی مافەكانیانن، بەڵام بابەتەكە بۆ خۆیان دەگەڕیتەوە كە بڕیار بدەن، ئەوان دەیانەوێ چ جۆرە پەیوەندییەك پێش بخەن، هەروەها چۆن دەتوانن دانوستان لەسەر چارەسەرێكی درێژخایەنتر بۆ گەل بكەن، بەڵام وەك میللەت، وێنەی هەر میللەتێكی دیكە، ئەوان شایستەی مافی چارەی خۆنووسینن، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە قسەكردن لەسەری حەرام یان قەدەغە بێت، پێویستە رێگە لە كورد نەگیرێت لەبارەی ئەوەی دەیانەوێ و لەبارەی خەونەكانیان، كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی یەكسانیان هەیە، هەمان ئەو مافانەیان هەیە كە عەرەب و فارس و تورك هەیانە، واقیعەكە جیاوازە و ئێمەش لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ مامەڵە دەكەین.
سكای نیوز عەرەبی: جارێكیان پرسیاریان لێ كردیت ئایا كوردیت یان عێراقیت؟ یەكسەر وەڵامت دایەوە: من كوردم. بیرت لەم بابەتە نەكردەوە. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر ئەو هەرێمە یان دەوڵەتەی تێیدا دەژیت، هەموو مافەكانت پێ بدات، كێشە چییە ئەگەر عێراقی بیت؟ ئەگەر هەموو مافەكانت پێ بدات؟
مەسرور بارزانی: پێموانییە كە كوردبوونت كێشە بێت، تەنیا ئەوانەی كە فرەیی و رێزگرتن لە رەگەزەكانی دیكە رەت دەكەنەوە، وای دەبینن كە ناسنامەی كورد كێشەیە، خوا بە كوردی دروستی كردووم، ناتوانم نكۆڵی لەوە بكەم، من شانازیی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم، جا ئەگەر لە عێراق ژیام یان لە هەر جێگەیەكی دیكە. من كوردم و ناتوانم ئەم ناسنامەیە بگۆڕم و هەرگیزیش نایگۆڕم.
پرسیارەكە ئێستا ئەوەیە كە پەیوەندیم بە عێراقەوە چۆنە؟ لە عێراقدا چۆن مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت؟ ئەگەر كورد هەستیان بەوە كرد كە هاووڵاتیی یەكسانن، ئەگەر كورد هەستیان بەوە كرد كە ئەوان هاووڵاتیی یەكسانن لە هەر یەكێك لەو دەوڵەتانە، بە دوای چارەسەری دیكەدا ناگەڕێن، بەڵكوو چێژ لە ژیان دەبینن وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكە. بەڵام رێگەم بدە پێت بڵێم، لە عێراقدا بۆ نموونە، ئێمە دوایین كەسین مووچە وەردەگرین، ئەویش ئەگەر وەریبگرین.
سكای نیوز عەرەبی: ئەمەش پرسیارمە، بیستم كە ملیارەها دۆلار قەرزار بوونەتەوە بەهۆی دواكەوتنی شایستەكانتان و شایستەكانی نەوت و باج و خزمەتگوزارییەكان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە؟ ساڵانێكی درێژ كێشەتان هەبوو لەگەڵ پایتەخت لەگەڵ بەغدا.
مەسرور بارزانی: بەداخەوە ئەمە پێشێلكردنی دەستووری عێراق بوو، نەك تەنیا پێشێلكردنی مافەكانی كورد بوو، چونكە دەستووری عێراق بە دەق ئاماژە بە مامەڵەی یەكسان دەكات لە نێوان هەموو هاووڵاتییانی عێراقی بە كوردیشەوە، بەڵام ئەوە نابینین، بەڵكوو وای دەبینین كە بودجە وەك كارتێكی سیاسی لە دژی گەلی كورد بەكار دەهێندرێت، تەبعەن هەمیشە تەفسری جۆراوجۆر هەن، بەوەی كورد رۆڵی خۆیان ناگێڕن، بەڵام ئەگەر ناوبژیوانێكی باش هەبێت، بە ئینسافەوە سەیری چۆنیەتیی هەڵسووكەوتی كورد و ڕۆڵگێڕانیان لە عێراق بكات، هەروەها چۆن پابەندییەكانیان وەك هاووڵاتی جێبەجێ كردووە و حكوومەتیش چۆن مامەڵەی لەگەڵیاندا كردووە.
سكای نیوز عەرەبی: لە حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، پەیوەندیتان بەرەو باشتر دەبوو لەبارەی ئەو شتانەی كە پەیوەندیی بە مووچەوە هەبوو، یان هەمان سیاسەت بوو؟
مەسرور بارزانی: ئێمە پاڵپشتییەكی بێمەرجمان پێشكەش بە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی كرد، هەڵبەت ئێمە بەردەوام پاڵپشتیی هەر سەرۆك وەزیرانێك دەكەین، بەو ئومێدەی كە ڕێز لە دەستوور بگرێت، وەك ئەوەی پێویستە ئێمە پێشبینیی ئەوەش نەكەین كە سەرۆك وەزیران لە پێكهاتەیەكی دیاریكراو، مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان بكات بە شێوەیەكی جیاواز، بەڵام بەداخەوە نەمانبینی كورد مامەڵەیەكی یەكسانیان لەگەڵدا بكرێت لە هیچ خولێك لە خولەكانی سەرۆكایەتیی وەزیرانی هەموو ئەو سەرۆك وەزیرانە.
سكای نیوز عەرەبی: چۆن توانیتان پەیوەندییەكی زیرەكی حەكیمانە لەگەڵ بەغدا و تاران و واشنتۆن بە شێوەیەكی زیرەكانە و یەكسان لە یەك كاتدا بپارێزن؟
مەسرور بارزانی: ئێمە هەوڵ دەدەین ببینە رەگەزێكی ئەرێنی و بونیادنەر، كێشەمان ناوێ، نامانەوێ دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی دراوسێدا بكەین، دەمانەوێ پەیوەندیمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی ئاڵوگۆڕكراو بێت لەگەڵ هەمواندا، ئەمەش ئەو ڕێگەیەیە كە ئێمە رەفتارمان پێی كردووە بۆ پاراستنی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هەموو دراوسێكانمان، لە هەمان كاتدا پێداگریكردن لە پاراستنی مافەكانمان، لە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا.
بۆ ئەوەی هاووڵاتییەكی باش بیت، كارێكی قورس نییە، پێموایە كورد ئەوەیان سەلماندووە، كورد نایانەوێ بەشێك بن لە كێشە، بەڵكوو بەشێكن لە چارەسەر، بە تێپەڕبوونی ساڵەكانیش كورد ئەوەیان سەلماندووە كە بەشێكن لە چارەسەر و كێشە نین.
سكای نیوز عەرەبی: دوا پرسیارم پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەكەوە هەیە، تۆ وای دەبینیت كە ململانێی عەرەبی – عەرەبی، دەبێتە هۆی ماندووكردنێكی توندی ناوچەكە و وامان لێدەكات هەمیشە لە لێواری شەڕدا بژین، وەك ئەو بارودۆخەی ئێستا دەژین، ئێمە چاوەڕێی پێكهاتن لە نێوان ئەمەریكییەكان و ئێرانییەكان یان ئەگەری لێدان دەكەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخانە دەكەن؟
مەسرور بارزانی: ناتوانم قسە بكەم تەنیا لەبارەی خۆمانەوە نەبێت، ناتوانم قسە لەبارەی هیچ دەوڵەتێكی تر بكەم. ئێمە نامانەوێت دڵەڕاوكێ ببینین، نامانەوێ ململانێ ببینین، نامانەوێ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ببینین، پێمانوایە كە كات دەتوانێت برینەكان تیمار بكات و كێشەكان چارەسەر بكات. باشتر وایە هەر دەوڵەتێك هەوڵ بدات كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكات، یان لانی كەم لە دەرەوەی كێشەكان بمێنێتەوە و بەنزین بە ئاگردا نەكات.
ئەوەی پەیوەندیی بە عێراقەوەیە، ئێمە نامانەوێ و نەمانویستووە، لە سایەی خواوە ئەوەشمان لە بەغدا بینیوە كە عێراق لە دەرەوەی ململانێكەدا بێت، پێموایە هەموو وڵاتێك دەبێت هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی كێشەكان بدات و نەبێتە بەشێك لە ئاڵۆزكردنی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە.
سكای نیوز عەرەبی: دەوڵەتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان. سوپاس بۆ تۆ بەڕێزم.
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس.