له‌یادی 22 ساڵه‌ی كارەساتی دڵته‌زێنی یەكی شوباتدا

162

ئاسۆ كەلهوڕی
بە درێژایی مێژووی كورد و بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی زەنگی ترسناكی تیرۆرو تۆقاندن دژ بەگەلی كوردمان و دۆزە رەواكەی لە كار دابووە گوایە بەئامانج و خەونی نەزۆكی حوشترانەیان ، خەبات و ئەزمون و مافی رەواو چارەنووسمان لە بار دەبەن و گەلەكەمان لەشۆڕش و خەبات سارد دەكەنەوە …هاوكات سەرجەم گەلانی ئازادیخوازی دنیاش لە پێناو گەیشتن بە مافی رەواو چارەنووسیان دووچاری تیرۆرو كاری تیرۆریستی بوونەتەوە و قوربانییان بەجەستەو رۆح داوەو دوورو نزیك گوێبیستی زەنگی ترسناكی تیرۆر بوونە …

ئەم زەنگە ناخۆش و ناوازە و كارەسات ئامێزە ی هەست و سۆزو ویژدانی تێكڕای مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەژاندووە و لەو نێوانەشدا بە دەیان و سەدان و هەزاران كەسایەتی گەورەو سەركردەو خەڵكی بێ‌ تاوان و بێ‌ دیفاعی وەك ئافرەت و منداڵ و پیرو كەنەفت و پەككەوتەش گیانیانی لە دەستداوەو بوونە قۆچی قوربانی … ئێمەی كوردیش وەك زۆربەی گەلانی ئازادیخوازی دونیا هەر لەدێرینەوە دووچاری هەڕەشەو گوشاری تیرۆرو تیرۆریستی نێوخۆو دەرەكی وئیقلیمی و نێو دەوڵەتی بووینەتەوە و بەهۆی داواكردنی داخوازییەكانمان چەندین زوڵم و ستەممان لێكراوە و رووبەڕووی تیرۆرو كاری تیرۆریستی جیاجیا بووینەتەوە لەوانە ( گرتن و هەڕشەو ترس و تۆقاندن و ئەنفال و كیمیاباران و سێدارەو زیندان و ئازارو ئەشكەنجەدان و راگواستن و تەقاندنەوەو خاپووركردنی زیاتر لە ( 4500) گوندو شارو شارۆچكەی كوردستانیی …هەموو ئەمانە وەك( تیرۆری جەماعی) هاوكات ( تیرۆری فەردی) و تاكە كەسیش وەك تیرۆركردنی بەدەیان سەركردەی گەورەی وەك (پێشەوا ، سەید رەزای دەرسیم ، شێخ سەعیدی پیران ، شێخ عەبدولسەلام ، سمایلاغای سمكۆ ، ئەحمەد موختار بەگی جاف ، د.قاسملۆ… زۆرانی تر…).

كە ئەوانە هەر یەكەیان بە شێوازولە قۆناغێكدا تیرۆركران ، جگە لەمانەش بە دەیان تیرۆری فەردی و جەماعی دژ بە كەسایەتی و سەركردەكانمان ئەنجامدراون لەوانە هەوڵی نەزۆكی تیرۆركردنی (سەرۆكی رۆحی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر) كەلەرۆژی ( 29/ی ئەیلولی/1971دا تاقمێك بەناوی عولەمای دینەوە لە بارەگای بارزانیی نەمر) دا خۆیان تەقاندەوە…هەروەها هەوڵی تیرۆر كردنی كاك ئیدریس بارزانی لە بەغدا لە دەرەوەش هەوڵی تیرۆر كردنی ( سەرۆك بارزانی)دراو لە دوای راپەڕینیش یەكەم هەوڵی تیرۆریستی تەقاندنەوەی تانكەرێكی بەنزین بوو لە رانیە ی دەروازەی راپەڕین ئەمانەو كارە تیرۆریستیەكەی 27 ی شوباتی زاخۆی دەلال، تەقینەوەكانی (هاوینەهەواری شێرە سوارو بروسك و شۆڕش و برایەتی لە هەولێر و كارە تیرۆریستیەكانی تری كەركووك و سلێمانی و كارە تیرۆریستیەكەی رۆژی 18 ی شوبات وشەهیدكردنی كاك فڕەنسۆ هەریری و بەدەیان كاری دیكەی تیرۆر و خۆكوژی لە بەردەم ناوخۆی كوردستان و ئەمەو لە هەموو كارە تیرۆریستیەكان گەورەتری كارساتئامێزودڵتەزێنتر كارەساتی ( جەرگبڕی ( یەكی شوبات) بوو ، كە لە یەكەم رۆژی جەژنی پیرۆزی قوربان و لەكاتی پیرۆزبایی و پێشوازی میوانالنی ئازیزی شاری هەولێری پایتەخت دا لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتیمان و مەڵبەندی (3) ی یەكێتی دا كە زیاتر لە (150) كەسایەتی و كادیرو سەركردەی بلیمەت و دێرینی نەتەوەیی و پێشمەرگە و كادیرو هەڤاڵی ماندوونەناس و هاوڵاتی بێ‌تاوان شەهید بوون و زیاتر لە سەدان كەسیش بریندار بوون و بوونە قوربانی دەستی رەشی تیرۆر …

هەڵبەتا نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە گەلەكەمان هەر لە دێر زەمانەوە
لە پێناو گەیشتن بە مافی رەواو داخوازیەكانی رووبەڕووی دەیان و سەدان كارەسات و رووداو گەل و گۆڕانكاری بۆتەوە هاوكات (شەهادەت و قوربانیدان) یش یەكێكن لەو كارەسات و رووداوانەی مێژوو…
كارەساتی دڵتەزێنی ( یەكی شوبات) ی هەولێری پایتەخت و زامی قوڵ و ماڵئاوایی ئەو پۆلە شەهیدە ، تەنهاو تەنها بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و برایەتی و ئاشتی و تەبایی ریزەكانمان ساڕێژدەبێت , بۆیە هەوڵدان بۆ یەكخستنەوەو رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و پتەوكردنی یەكڕیزی و و یەكپارچەیی كورد و یەك ئیرادەیی رۆڵێكی كاریگەر دەبینێ‌ لە هەرچی زووتر ساڕێژبوونی برینەكان … دەبا هەموومان بەیەكدەنگ و یەكڕەنگ و یەكهەڵوێست و یه‌ك ئیراده‌ی پته‌و بێینە دەنگ و بڵێین كورد گەلێكی خاوەن خاك و نیشتیمان و ئاڵاو یەكپارچەیە و سنوورە دەسكردەكان لێكیان جیا ناكاتەوە هه‌ڵبه‌تا مێژووی كاره‌ساته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی كوردستان فێری كردین له‌ مردن گه‌وره‌تربین.

ــ هه‌زار سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كاره‌ساتی یه‌كی شوبات و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و سه‌روه‌ریان بارزانیی نه‌مرو كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد.
ــ مردن و سه‌رشۆڕی بۆ دوژمنان و نه‌فره‌ت له‌ تیرۆرو تیرۆریستان.