با یەكی شوبات ببێتە وانەی یەکڕیزییمان

145

قادر ژەوان
لێکترازان و ناتەبایی نێوماڵی کورد؛ دەردێکی کوشندەیە کە دەرفەتی زیاتر بۆ نەیارانی گەلەكەمان دەڕەخسێنێ و دوژمن سود لەو شێواویە وەردەگرێت تا دەستكەوتەكانمان بۆ سەد ساڵی دیكە بەرەو دواوە بكشێنێتەوە.

ئەو كارەساتە جەرگبڕەی یەكی شوباتی ساڵی 2004 یەكێكە لەو ئاماژانەی كە پێمان دەڵێ هێز لە یەكڕیزییدایە. یەكی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر دوو تەقینەوەی خۆكوژی ڕوویاندا، كە بە هۆیانەوە 103 كەس لە هەردوو بارەگا شەهیدبوون و 246 كەسی دیكەش برینداربوون.

دوژمنانی كورد و تاریكپەرستان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە كە لە شاری هەولێر هەریەك لە مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگاكانیاندا سەرقاڵی ئاهەنگ و پێشوازیكردن بوون لە میوانان، بە هۆی سەرقاڵی پێشوازیكاران و نەبوونی پشكنین بۆ هاووڵاتیان، چەند تیرۆریستێكی تاریكپەرست و خۆكوژ خۆیان خزاندبووە نێو كادیرانی هەردوو حزب و تێكەڵاوی هاووڵاتیان و ئامادەبووان دەبن و لە كاتژمێر 10:48 لە هەردوو بارەگا بە پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە خۆیان دەتەقێننەوە و لە ئەنجام دا 103 شەهید و بریندابوونی سەدان كەسی دیکە لە خەڵکی سڤیل و سەركردەی هەردوو مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكڕاتی كوردستان و پێشمەرگەی لێدەكەوێتەوە.

نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت كە دوژمنان بۆ هەمیشە بۆ نەهێشتن و جینۆسایدی گەلەكەمان لە بۆسەدان و وەكو گورگن لە كەوڵی مەڕدا، چونكە پیلان و كارەساتی یەكی شوبات كەمتر نەبوو لە ئەنفالكردن و كیمیابارانی شاری هەڵەبجە، بۆیە پێویستە ئەو یادە كارەساتبارە ببێتە وانەیەك بۆ هەوێنی ئاسایش و ئارامی كوردستان و خۆڕاگری لە ئاست هەموو كارەسات و قەیرانەكان و لە هەمانكاتیشدا جەخت لە یەكڕیزی و تەبایی و یەكتر قبووڵكردن و كاری پێكەوەیی دەکەینەوە بۆ خزمەتكردنی باشتری ئێستا و داهاتووی گەل و نیشتمان بكرێتەوە و هاندەرمان بێت تا زیاتر ببینە بەرگریكاری سەرسەختی گەل و نیشتمانەكەمان.