
خالید ئەلغەننامی
هەر لە سەرەتاكانی هزری فەلسەفییەوە، مرۆڤ بە زمانەوە خەریك بووە، ئایا زمان تەنیا ئامرازێكە بۆ پەیوەندی كردن، یان هەر زمانە، كە سنوورەكانی هزر و سروشتی بوون دیاری دەكات؟ بەڵام ئەوەی هەندێك لە فەیلەسوفە گەورەكان پەیان پێ بردووە، ڕووە تاریكەكەی زمانە، كاتێك نابێتە ئامرازی ئاشكرا كردن، بەڵكو دەبێتە میكانیزمێكی دابڕان، مرۆڤ لە ئەزموونە ڕەسەنەكەی دوور دەخاتەوە و دەیكاتە بوونەوەرێك، كە لە ناو قاڵبەكانی قسەكردن و لە دەرەوەی ناخی بووندا دەژی.
قووڵترین كەس كە باسی ئەم لایەنەی كردبێت، هایدگەرە، كە پێی وابوو زمان ئامرازێك نییە لە دەستی مرۆڤدا، بەڵكو (ماڵی بوون)ـە، كە تێیدا مرۆڤ نەك وەك قسەكەرێك، بەڵكو وەك بوونەوەرێك نیشتەجێ دەبێت، كە لە ڕێگەی زمانەوە، لەلایەن خودی بوونەوە بانگ دەكرێت. كەچی دوور نییە ئەو ماڵە ببێتە زیندان. زمانی ڕۆژانە، زمانی (هەلەوەڕی) و (قسەوباس)، وەك هایدگەر وەسفی دەكات، ڕەسەنایەتی دادەپۆشێت و ئاشكرابوون دەشارێتەوە. كاتێك مرۆڤ بە زمانی كۆمەڵ، نەك بە زمانی ئەزموونە ناوازەكەی خۆیەوە قسە دەكات، ئامادەیی خۆی لە جیهاندا لەدەست دەدات. بەم شێوەیە، زمان دەبێتە ڕێگەیەك بۆ نامۆبوون، چونكە وشەكان جێگەی دیدگە دەگرنەوە و قسەكردنیش دەبێتە جێگرەوەی تێگەیشتن.
كەچی نیتچە، یەكەم كەس بوو كە متمانەی بە خودی زمان هەڵوەشاندەوە. پێی وابوو وشەكان ئاوێنەی ڕاستی نین، بەڵكو دەمامكی داپۆشێنەرن. ڕاستی لای ئەو تەنیا (خواستنی لەبیركراوی خواستنن)، واتە مرۆڤەكان لە ڕێگەی زمانەوە وێنەیان دروستكردووە، كە لەسەری ڕێككەوتوون و بنچینە هەستییەكەیان لەبیركردووە، بۆیە بە ڕاستییان داناوە. لێرەدا دابڕان بە پاكترین شێوەی خۆی دەردەكەوێت، چونكە زمان ئەزموون لە گەرمی زیندووی خۆی دادەماڵێت و بۆ چەمكی بەستوویان دەگۆڕێت، بەم شێوەیە مرۆڤ لە ئاژاوەی داهێنەرانە كە مەرجی بوونی ڕەسەنە، دادەبڕێت. لەلای نیتچەدا، زمان ئەو گۆڕستانەیە كە تێیدا ڕاستییەكان دوای ئەوەی لە وشەكاندا دەبەسترێن، دەنێژرێن.
فیتگنشتاینیش لەسەر ئەم ڕەخنەیە بەردەوام بوو، بەڵام لەناو شیكردنەوەی كردەنیدا. لە كتێبی (لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان)دا، ئاشكرای كردووە، ماناكان لەناو وشەكاندا نین، بەڵكو لە بەكارهێنانیان دان. كاتێك ئەمە لەبیر دەكەین، ملكەچی ساویرێكی زمانەوانی دەبین، كە وامان لێ دەكات، پرسیاری بێمانا بكەین و لەناو تۆڕێك لە چەمكەكاندا بژین، كە وای لێ هاتووە، لە جێگەی ئێمەدا دەژین. زمان ناوەندێكی بێگەرد نییە، بەڵكو یارییەكی كۆمەڵایەتییە، بۆیە كاتێك وەك بنچینەی هزر وەری دەگرین، پەیوەندیمان بە ژیانەوە لەدەست دەدەین. چونكە ئەگەر قسەكردن لە دەرەوەی چوارچێوە خۆیدا دووبارە ببێتەوە، بۆ دووبارەبوونەوەیەكی میكانیكی دەگۆڕێت، واتا لە ئەزموونە ڕەسەنەكەی دادەبڕێت.
دیریدا دوورتریش ڕۆیشت و خودی بیرۆكەی بوونی هەڵوەشاندەوە. پێی وایە زمان هەرگیز ئاشكرابوونێكی ڕاستەوخۆمان ناداتێ، چونكە مانا هەمیشە دواخراوە و خۆی لە پشت شوێنەوارێكی زمانەوانی شتێكی پێواردا شاردووەتەوە. هەموو وشەیەك بانگی وشەیەكی تر دەكات و ناگاتە بنچینە. چونكە زمان بوون ئاشكرا ناكات، بەڵكو دوایدەخات، نووسینیش، وەك نموونەی زمان، بوون دادەپۆشێت و لە نوێوە دروستی دەكاتەوە. بەم شێوەیە مرۆڤ بۆ بوونەوەرێك دەگۆڕێت، كە لە سێبەری وشەكاندا دەژی، نەك لە تیشكی ئەزمووندا. لای دیریدا، هیچ ڕزگاربوونێك لەم نكوڵیكردنە دووبارەبووەی ئامادەییدا نییە، چونكە خودی زمان جوڵەیەكی پێوارە.
هاوتەریب، مۆریس بلانشۆ پێی وایە، زمان ڕووبەرێك لە نێوان مرۆڤ و ئەوەی دەیەوێت بیڵێت دروست دەكات، كە ناتوانرێت پڕبكرێتەوە. كاتێك دەنووسین، خودی شتەكە لە ساتەوەختی گرتنیدا لەدەست دەدەین، چونكە وشە ئەزموونەكە دووبارە ناكاتەوە، بەڵكو جێگەی دەگرێتەوە. نووسین، لەلای بلانشۆ، نیشتەجێبوونە لە پێواریدا، نووسەریش ئەو كەسەیە، كە ئەم لەدەستدانە وەك چارەنووسی خۆی دەژی. مانا لەلای بلانشۆ بەدەست ناهێنرێتەوە، چونكە پێش زمان بە شێوەیەكی پاك نییە، بەڵكو لەگەڵی لەدایك دەبێت و لەگەڵیشیدا لەناو دەچێت. بەم مانایە، هەموو قسەیەك، شێوەیەكە لە شێوەكانی لەدەستدان، هەموو هەوڵێكیش بۆ دەربڕین، دابڕانی خودە لە ساتە زیندووەكەیدا.
كەچی واڵتەر بنیامین، هۆشجەمی لەسەر لاوازی لە گواستنەوەی مانادا بوو. لە تێڕامانەكانی لەبارەی وەرگێڕانەوە، پێی وایە، زمان ڕاستی لەخۆ ناگرێت، بەڵكو ئاماژەی پێ دەدات. ئاماژە بەوەی دوای خۆیەوە دەكات، بەڵام بەو ناگاتەوە. چونكە وەرگێڕان و زمان بە گشتی، ئەوە دەردەخات، هەموو مانایەك ئەوەی لە ناخیدا هەڵگرتووە، كە ناگوترێت، مانای تەواویش بەدی نایەت. بەم شێوەیە، زمان بە جیهانمان ناگەیەنێت، بەڵكو بە دەوریدا دەسووڕێتەوە، هەموو قسەیەكیش بەڵێنێكە، كە هێشتا بەدی نەهاتووە.
مارتن بوبەریش پێی وایە، زمان كاتێك لە ئاخێوران دادەبڕێت، ڕاستی خۆی لەدەست دەدات. چونكە قسە كە ڕووی لە (تۆ) نەبێت، بۆ قسەیەكی مردوو دەگۆڕێت. زمانی زیندوو ئەو زمانەیە، كە پەیوەندییەك لە نێوان خود و ئەوی تردا دەكاتەوە، بەڵام زمانی داخراو لەسەر خۆی، وا لە مرۆڤ دەكات، قسە لەگەڵ هیچ كەسێك، واتە لەگەڵ بۆشاییدا بكات. لای بوبەر، لەدەستدانی بوون كاتێك دەست پێ دەكات، كە مرۆڤ بێ گفتوگۆ قسە دەكات، چونكە ئەو زمانەی ئاخێوەر نییە، بوونی هاوبەش دەمرێنێت و خود بۆ زایەڵەیەكی بۆش دەگۆڕێت.
لە سەدەی بیستەمدا، شتاینەر كێشەكەی لە چوارچێوەی وەرگێڕان و پەیوەندیدا خستەوەڕوو. لە كتێبی (دوای بابل)دا، پێی وایە، زمان تەنیا ناگوازێتەوە، بەڵكو دەشێونێت و داشدەهێنێتەوە. هەموو وەرگێڕانێك لەدەستدانێكی نیمچەییە، هەموو هەوڵێكیش بۆ دەربڕین، ناپاكیكردنە لە ڕەسەندا. بەم شێوەیە زمان وەك هێزێكی دووانە دەردەكەوێت، كە مانا بنیات دەنێت و وێرانیشی دەكات، هاوكات ئاشكراكەر و داپۆشەریشە. مرۆڤ ناتوانێت تێیپەڕێنێت، بەڵام لە ناخیدا پەی بە نامۆبوونی قووڵی خۆی دەكات.
هەموو ئەم بیرمەندانە، سەرەڕای جیاوازیی ڕێبازەكانیشیان، ئاماژە بە یەك ڕاستی دەكەن، ئەویش ئەوەیە، زمان پردێكی سادەی نێوان خود و جیهاندا نییە، بەڵكو پانتاییەكە كە تێیدا خودی هزر دروست دەبێت، ڕەنگە ئەم پانتاییەش، ئاوێنەیەك یان بەربەستێك بێت. كاتێك زمان لە ئەزموون دادەبڕێت، بۆ سیستەمێك لە دووبارەبوونەوە، بۆ قسەكردن لەسەر جیهانێك دەگۆڕێت، نەك لەسەر بوون تێیدا. كاتێكیش زمان دەبێتە جێگرەوەی بێدەنگی، توانای ئاشكراكردنی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە ئامرازێك بۆ هیچ و پووچی. ئەوەی هایدگەر بە (هەلوەڕی)، نیتچە بە (خواستراوی مردوو) و دیریدا بە(شوێنەواری پێواری) ناوی دەبەن، هەموویان ئاماژەن بۆ هەمان مەترسی، لەوانەیە مرۆڤ لە ڕێگەی زمانەكەیەوە لە خودی خۆی داببڕێت. بۆیە دەبێت بۆ وشەیەك بگەڕێینەوە، كە لە ئەزموونێكی ڕاستەقینەوە هەڵدەقووڵێت، بۆ زمانێك كە لە بوونەوە دەردەچێت نەك لە نەریت، لە پێكەوەژیانەوە نەك لە دووبارەبوونەوە. ئەو گەڕانەوەیە ڕەتكردنەوەی زمان نییە، بەڵكو ڕزگاركردنیەتی لە گۆڕان بۆ شتێك، ڕزگاركردنی مرۆڤە لە توانەوە لەناو قسەیەكدا، كە هیچ كەسی تێدا نیشتەجێ نییە. چونكە زمان، ئەگەر لە قووڵایی ناخەوە هەڵنەقووڵێت، لە ماڵێكی بوونەوە، بۆ گۆڕستانێك بۆ خۆی دەگۆڕێت.
و: ڕەمزی میرەكانی