د. ناز فەلەکەدین
مێژوو زۆر جار نیشانی داوە کە هاوسەنگيی هێز لە سیستەمی نێودەوڵەتی، زۆرتر لەسەر بەرژەوەندی و ستراتیژی بنیات نراوە، نەک لەسەر بنەمای ئەخلاق و پرنسیپە ڕاگەیاندراوەکان, بەڵکوو لەسەر بنەمای ئەوەی کێ زیاتر دەدوێت و کێ توانای کڕینی بڕیار و ههڵوێستی هەیە، ڕاستی سیاسەت ئەوەیە کە بهڵێن و دروشم ناتوانن بارودۆخ بگۆڕن، تەنيا ڕاستیی سەر زەوی قسە دەکات. ئەوانەی هێشتا بە قسەی کۆن دڵخۆشن، پێویستە سهیری بارودۆخی سووریا بکەن، چونکە بارودۆخی کورد لەوێ باشترین ئاوێنەی ئەم ڕاستییەیە.
سووریا مەیدانی یاریی هێزە گەورەکانە، نە وڵاتێکی خاوەن بڕیار. لەوێ چارەنووسی خەڵک لەژێر گوشاری بەرژەوەندیی دەرەوەییدا سەپێندراوە و کورد جارێکی دیكه قوربانیی ئەم یارییە بوون، لهبهر ئهوهنا چوونکە ناتوانن، بەڵکوو چونکە بڕیار لەسەر ژیانیان لە دەرەوەی مێزی خۆیان دراوە، ئەوانەی چارەنووسیان لە ئاگری شەڕی ماف و شەرەفدا سووتاند، لە کۆتاییدا دەبن بە قوربانییە سەرەکییەکانی مێزی دابەشکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندیی گەورەکان. ئەمە هۆشدارییەکە کە مێژوو هێشتا داخراو نییە و ئەم ناتەواوییەش بەخوێن و مافی کورد نووسراوە. ئەم ڕاستییەش داوای ئەوەمان لێ دەکات کە پێویسته کورد لەم ساتەدا، زیاتر لە هەر کاتێک، یەکدی پەسەند بکەن و مافە حزبی و کەسییەکان لە ژێر قەبارەی بەرژەوەندیی نیشتمانی دابنێن. لەم بارودۆخە مێژووییەدا، یەکگرتن تەنیا تاکتیکی سیاسی نییە، بەڵکوو بڕیارێکی فیکری و ژیرانهیە کە پێویستە لەسەر بنەمای بهرپرسیارێتیی مێژوویی، پاراستنی نیشتمان و داهاتووی نەوەکان، نەتەوەکە لە فروشتنی خۆی بۆ بەرژەوەندیی بێ پرهنسیب بپارێزێت. ئەو قسهیهی کە زۆرجار دووبارە دهبێتهوه یەکگرتوو یەکپارچەیی ئەگەر نەگۆڕدرێن بۆ کردار، ئهوا وهكوو وشەیهكی بەتاڵ دەمێننهوه. نهوهی ئێستای کورد دەبێت لە ئاستێکی نوێدا پێشکەوێت، چونکە كاتێک یەکگرتن ون دەبێت، تەنیایی دەبێته چارەنووس.
لە کۆتاییدا، کورد بڕیار و هەڵبژاردەکانی لەدەست خۆیهتی. هەر کەس ئازادە ڕێڕەوی خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام مێژوو و ڕاستی هەمیشە قسە دەکەن. پێویسته ئهوهش بڵێین كه سیاسەت لە ژوورەکان دەفرۆشرێت، بەڵام جەریمەکەی لە کۆڵانەکان دەدرێت.