کورد لە تاقیکردنەوەیەکی نوێدا

191

شێخ ستار عەواڵانی
لەم ڕۆژگارە پڕ لە ئاڵۆزییەدا، وتارێکی پێویست لە سەرۆک و مەرجەعی نەتەوەی کورد سەرۆک بارزانی یەوە کە وەک ئاگادارکردنەوەیەکی مێژوویی دەبێ لە گوێی هەموو کوردێکدا، سەرۆک بارزانی بە ڕوونی فەرمووی: “بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیالمیدیا و ناوەندی دیكه‌دا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین”. ئەم وتەیە تەنها تێبینییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکە لە مەترسییەک کە هەڕەشە لە بەها کوردانەییەکانمان دەکات.

لە ناوەڕۆکی وتەکانی سەرۆک بارزانیدا، ئەم پرەنسیپە جێگیر دەبێت: “نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە”. ئێمەی کورد باشتر لە هەر کەسێک ئەم ڕاستییە تێدەگەین، چونکە لە مێژووەوە قوربانی ناعەدالەتی بووین. کاتێک ڕژێمی بەعس هەموو گوندێکی کوردی بە “پەناگای یاخیبوون”ناودەبرد، کاتێک دوژمنان هەموو کوردێکی بە “تیرۆریست” ناولێدەنا، ئێمە ئازارمان چەشت. کەواتە چۆن ئەمڕۆ ئێمە هەمان ناعەدالەتی دووبارە بکەینەوە؟

سەرۆک بارزانی بە ڕاشکاوی دەفەرمووێت:“ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پرەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن”. ئەمە هەڵوێستێکی گرنگە: هەڵسوکەوتی دژ بەو پەنابەرانەی کە دەستیان لە هیچ تاوانێکدا نییە؛ نابێتە کوردایەتی، بەڵکو توندوتیژی و دەمارگیرییەکی هەڕەمەکییە. کاتێک سەرۆک بارزانی باس لە “بەهاكانی گەلی كوردستان” دەکات، ئاماژە بە میوانپەروەری، دەستکراوەیی لەگەڵ ستەملێکراوان، رێز بۆ مافی مرۆڤە، کە لە کولتووری کوردیدا پیرۆزن و بە خوێنی شەهیدەکانمان نووسراون.

سەرۆک بارزانی هەروەها دەفەرموێت ئەم هەڵسوکەوتانە “دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن”، ئەمە ئاماژەیەکە بەوەی کە هەرێمی کوردستان سیاسەتی فەرمیی هەیە لە پارێزگارییکردن لە میوان و پەنابەرانی بێتاواندا. کاتێک تاکەکان پێچەوانە و دژ بەم سیاسەتە هەڵسوکەوت دەکەن، زیان نەک هەر بە پەنابەران، بەڵکو زیان بە بەهاکانی گەلی کوردستان و مافی مرۆڤ و دامەزراوەکانی هەرێمیش دەگەیەنن.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا زۆر ڕوون دەفەرمووێت:“دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سوورییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە”؛ دەستەواژەی ‘پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە” لە وتاری سەرۆکدا واتە ئەم خەڵکە بە متمانەکردن بە کوردایەتی، کوردستانیان وەک شوێنی ئاسایش هەڵبژاردووە، ئەم متمانەیە بە بەرپرسیارێتی دەگەڕێتەوە سەر ئێمە.

سەرۆک بارزانی ئاماژە بە “بەهاكانی گەلی كوردستان” دەکات؛ ئەم بەهایانە لە مێژووی ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە. کاتێک لە ١٩٨٨ دا کیمیاباران کراین، کاتێک لە ١٩٩١دا دوو ملیۆن کورد بوونە پەنابەر، کاتێک بە”یاخیبووان” ناو دەبراین… ئێمە ئازارمان دەچێشت، ئەمڕۆ کە دەسەڵاتمان هەیە، دەبێ ئەو ئازارە بکەینە ولنه‌ی دڵسۆزی، نەک هۆی دەمارگیریی. ئەمە فەرمایشتی سەرۆک بارزانییە, پەیامی سەرۆک بارزانی “پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت”. ئەمە راستیەکی مرۆڤانە و بەهایێکی بەرزی کوردانەیە؛ بەرانبەر خەڵکی میوان و پەنابەران و لێقەوماوان، هەڵبەت وتەکانی سەرۆک بارزانی ئاوێنەی ناسنامە ڕاستەقینەی ئێمەن وەک میللەتی کورد، با بیسەلمێنین کە کوردایەتی واتای ئینسانیەت، دادپەروەری، و ڕێزگرتن لەو بەها کوردانەی کە سەرۆکمان بەبیری هێناینەوە؛ ئەمەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە خەباتی کوردایەتیماندا.