كورد لە نێوان پڕوپاگەندەی چەواشەكار و جەنگی سایكۆلۆژی دا

129

د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
بە پێشكەوتنێی تەكنۆلۆژیای هاوچەرخ قۆناغێكی نوێی جەنگی سایكۆلۆژی دروستبووە، كە دەرهاوێشتەی ئەو جەنگە و كاریگەرییەكانی ئەوەندەیتر زیادیان كردووە بەتایبەتی، كە سۆشیالمیدیا ئەمڕۆ لەبەردەستی هەموو كەسێكە و بۆتە چەكێك بەدەستی هەر كەس و ناكەسێك و لەوانەشە بەدەست ناحەزان و نەیارانی هەرێمەكەمانیشەوە بێت. وەك پێناسە جەنگی دەروونی: بریتییە لە جەنگی گۆڕینی رەفتارەكان و گۆڕەپانەكەشی كەسایەتی مرۆڤەكان و بەرهەمی بەكارهێنانی پلان بۆ داڕێژراوی كەس یان كەسگەلێک یان لایەنێكە، جا چ لە كاتی جەنگ بێ‌ یان لە سەردەمی ئاشتیدا. ئەویش لە ڕێگەی بەكارهێنانی دەزگا جیوازەكانی راگەیاندنە بە مەبەستی كاریگەری لە بیروبۆچوون و ئاراستە و هەڵوێست و رەفتاری تاكەكان، لە پێناو گەیشتن بە هەندێ‌ ئامانجی تایبەت و دیاریكراوی سیاسیی ئەو كەس و لایەنانە.
هەروەها لە سەرچاوە جیاوازەكاندا ئەو جەنگە بەناوی جەنگی سارد یان هزرەكان، ئایدیۆلۆژی، دەماری، سیاسی، راگەیاندن و جەنگی وشە و پڕوپاگندەش دەناسرێت و بەكار دەهێنرێت. لە قۆناغەكانی جەنگی لەشكەریدا، سەربازەكان ئامانجی سەرەكی جەنگی دەروونین، بەڵام لە كاتەكانیتر دا تاكەكان ئەو ئامانجانەن، كە نەیاران هەوڵ دەدەن بە هەر شێوازێك بێت ورە و مۆڕالیان دابەزێنن تاوەكو بەسەریاندا سەركەون و كاریگەریەكەی هیچ كەمتر نیە لە جەنگی سەربازی و چەك و تەقەمەنی و ئاسن و بۆمبە كۆمەڵكۆژییەكانی ئەتۆمی و كیمیاوی، بگرە هەندێ‌ جار خەرجییەكەی بەتایبەت زیانە مرۆییەكانی، زۆر كەمترە لە جەنگەكانی لەشكەری، كە تیایدا هەزاران و بگرە ملیۆنان كەس بەكاردەهێنرێن و دواتر لە نێودەچن و دەكوژرێن.
جەنگی دەروونی یان سایكۆلۆژی بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی نائۆمێدی لە نێو ریزەكانی نەیاران و لایەنی بەرامبەر و تەسلیمبوونیان بەكاردەهێنرێت، تاوەكو تاكەكان تووشی دوودڵی و ڕاڕایی و گومان ببن و بڕوایان بە دەستكەوت و ئامانج و نیشتمان و بیروباوەڕەكانی خۆیان لاواز و سست بێ‌، یان تەنانەت نەمێنێ‌ و بە ئاسانترین شێوە و كەمترین خەرجی دەستیان لێهەڵگرن و بەرگرییان لێ‌ نەكەن. ئەو جەنگە هەموو رەهەندەكانی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لەخۆ دەگرێ‌.
كورد، بە هۆكاری جیوازی هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەی و هۆكارەكانی كۆمەڵایەتی، هیچ كات پارێزراو و دوور نەبووە لە جەنگی دەروونی و سایكۆلۆژی و ناحەزان و ڕكابەرانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكەی هەمیشە ویستوویانە و هەوڵیانداوە بە شێوازی جیواز و لەوانەشە جەنگی سایكۆلۆژی ناچاری بكەن تەسلیمی ویست و ئیرادەیان بێ‌ و خۆیان بچەمێنن و بوار نەدەن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی شاد ببێ‌ت. ئەو جەنگە ناڕەوایە لە كاتی ئێستاماندا زیاتر لە هەر كاتێك بەرجەستە و دیار و چڕتر كراوەتەوە، چونكە لە لایەك ئەم ڕكابەرەکانیش هەستیان بەوە كردووە، كە ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ‌ و ناوچەكە بە تێكرا لەبەردەم گۆڕانكاریی سیاسیدایە و هاوكێشەكان بەرەو گۆڕانی هێز دەڕۆن و لە لایەكیترەوە نەیارانی كورد دەیانەوێ‌ لە ڕێگەی هێزی نێوخۆ ئەو جەنگە بەڕێوەببەن وەكو چۆن لە سەردەمی رژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ لە رێگەی جاش و سیخوڕەكانی ئەو سەردەمە ئەو كارەیان دەكرد و ئێستاش دەیانەوێ‌ هەمان كار بە هاوكاری كەسانی گێرەشێوێن و كاڵ فام و نەیارانی نێوخۆیی و بە چەكەكانی هاوچەرخ وەكو هەمان كەرەستەی پێشكەوتوو و تەكنۆلۆژیای سەردەم ئەنجامی بدەن. بە واتایەكیتر كورد لە جەنگێكی شاراوەدایە لەگەڵ نەیارانی، كە جەنگی دەروونییە. جەنگەكە جەنگی وشە و زاراوەكان لە سۆشیالمیدیا و دەزگاكانی ڕاگەیاندنە، كە هەوڵدەدرێت دەستكەوتەكانی نەتەوەیی كورد و هەرێم بێ‌ بەها و بێ‌ نرخ بكرێن و ئۆمید و بڕوا و متمانە لە نێوان تاكەكانی و دەسەڵات لاواز و سست بكرێن. هەوڵ دەدرێ‌ لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی نیگەرانی و نارەزایەتی و شڵەژان و بوختان وا لە تاكی كوردستان بكرێت وابزانێت، كە پشتكردن لەو دەستكەوتانەی بە خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم كوردستانە و قارەمانێتیی سەدان هەزار پێشمەرگە و سەركردەی وەك جەنابی سەرۆك بارزانی هاتوونەتە ئاراوە و تەسلیمبوون بە نەیاران لە چاو خەڵك بە نرخ لە قەڵەم بدرێت و دواترینی ئەو هەوڵە نەزۆكانەش لە میانەی رووداوەكانی گۆندی لاجان و هەروەها بە ئامانجگرتنێ‌ كێلگەی كۆرمۆر بۆ هەمان ئەو مەبەستانە بوون. لە جەنگە دەروونییەكەی دژی كورد و هەرێمەكەمان هەوڵ دەدرێت رق و كینە لە نێوان تاك و حكومەت بگەیێندرێتە بەرزترین ئاستی خۆی، تاوەكو بە ئاسانترین شێوە و كەمترین تێچوو ئامانجە نگریس و مەرامە بۆگەن و چەواشەكارەكانیان بهێننەدی و لە بەردەوامیی ئەو جەنگە سایكۆلۆژییە كەسانی نەفس نزم و نەیارانی نێوخۆ هەوڵدەدەن جیاوازییەكان وا بەرجەستە بكەن، كە بریتین لە ناكۆكی و دوژمنایەتی. لە كاتێكدا جیاوازییەكان شتێكی سروشتین و لە هەر كۆمەڵگەیەك تەنانەت لە هەموویان دیموكراسیتریش دا بوونیان هەیە و نابێ‌ ئەم جیاوازییە بە دوژمنایەتی تەرجومە بكرێت و لێكبدرێتەوە. هەوڵ دەدرێ‌ كە هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە بڵاوبكرێنەوە، لە كاتێكدا ئەو هەواڵە ناڕەوایانە هیچ بنەمایەكی راستەقینە و دروستیان نیە و بە دووبارە و چەندبارەكردنەوەیان هەوڵ دەدرێت وا لە تاكەكان بكەن، كە بڕوای پێبكەن و بەڕاستی بزانن و ئەویش لەسەر بنەمای ئەو یاسایەی، كە دەڵێت: درۆیەك ئەوەندە دووبارە بكرێتەوە تا لە ئاكامدا بە ڕاست بزاندرێت.
روون و ئاشكرایە رووبەرووبوونەوەی جەنگی دەروونی هەڵگیرساو دژی كورد تەنها ئەركی حكومەت و دەسەڵات نییە، بەڵكو تاك بە تاكی ئەم هەرێمە لێی بەرپرسیارن. لێرەدا ئەركی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی قوورستر دەبێ‌ بەوەی، كە دەبێ‌ هەوڵ بدرێت متمانەی نێوان خۆی و تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بە هەموو چین و توێژەكانی و بیروباوەڕە سیاسییە جیوازەكانەوە، زیاتر بكات و هەر جۆرە دابڕانێك لە رێگەی چەسپاندنی یاسا و سەروەرییەكەی، و نەهێشتنی هەر جۆرە گەندەڵی و خێراتركردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە ئێستا و حكومەتەكانی داهاتوودا، و پێشكێشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و هەر هەنگاوێكی ئەرێنی، كە سوود بە زیادتركردنی ئەو بگەینێ‌ و خزمەت بە خەڵكی هەرێم بكات. رووبەرووبوونەوەی ئەو پروپاگەندانەی دژی حكومەت و دەسەڵات و دەستكەوتەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریانەی دەكرێت لە ڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیالمیدیا و بەپێدانی زانیاریی راست و دروست متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی زیاتر بكرێت و ئەوە ئەركێكی ئەخلاقی و مێژوویی و نەتەوەیی هەموو لایەك و پارتە سیاسییەكانی كوردستانە، چونكە ئەم هەرێمە تەنها موڵكی پارتێك و لایەنەك بە تەنیا نیە، بەڵكو هەموو لایەك لێی بەرپرسیارن و بەرپرسیارن لەوەی، كە بوار نەدەن بەو جەنگە دەروونییەی، کە لە دژی كوردستان بەرپاكراوە، كە بەشێكی لە ڕێگەی هەندێ‌ لایەن و ڕاگەیاندنی چەواشەكار و بە پلان و پیلانی هەندێ‌ كەس و لایەن و وڵات هەوڵی لاوازكردنی پێگەی هەرێم بدرێت. پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتە كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و ئابووری و كولتووری و فەرهەنگییەكانی تەنها و تەنها كاتێك مسۆگەر و گەرەنتی دەبێ‌، كە تاك بە تاكی ئەندامانی ئەم كۆمەڵگەیە، كە بێگۆمان لەو دەستكەوتانە سوودمەندن، هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن و خۆیان لەو بەرپرسیارەتییە مێژوییە نەشارنەوە، چونكە ئەو رەفتارە مسۆگەركەر و گەرەنتیی پاراستنی تاكیی كۆمەڵگەكەمانە، كە بە پێی بیروبۆچوونی زانایانی بواری سایكۆلۆژیای پەرەسەندنی داروینی مان و ژیانی تاكی كوردیش گەرەنتی دەكات لە لەنێوچوونی یەكجارەكی، ئەو چارەنووسەی، كە بەداخەوە بە هۆكارە سروشتییەی، كە وەك زانایانی ئەم زانستە بۆی دەچن و یەكێكیان هەر ئەو هۆكارەیە، كە لەم گوتارەدا جەختی لێوەكراوە، لە ڕابردوودا كۆتایی بە بوونیان هێنرا و لەنێو چوون و ئەمڕۆ تەنها ناوێكیان لە مێژوودا ماوە، دەمانپارێزێ‌ و ئەمە تەنها بانگەشەیەك نییە، بەڵكو هۆشدارییەكە، كە دەبێ‌ بە هەند وەربگیرێ‌، ئەگەینا دواتر زیانەكانی هەرگیزا و هەرگیز قەرەبو ناكرێنەوە.
* پڕۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ