ئێوارەی دوێنێ دووشەممە،”دەستپێشخەریی شارستانیی جیهانی” لە شاری هەولێر کرایەوە و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و چین کرایەوە.

سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەرەکەدا وتارێکی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد. ناوبراو وێڕای دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حکوومەتی چین و “کاوە محەمەد”، خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی سەنتەرەکە، هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

موحسین دزەیی، ئاماژەی بە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە کەرتی وزەی خاوێن و پرسەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ڕاشیگەیاند: “گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە و گرنگە هەموو لایەک لەم ڕووەوە هاوکار بن”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە بایەخەوە ڕۆڵی وڵاتی چینی بەرز نرخاند، کە لە ماوەی ڕابردوودا دەرفەتی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی حکومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە تاوەکو سەردانی چین بکەن و بەشداری لە خولە جیاوازەکانی ڕاهێناندا بکەن.

لە کۆتاییدا، سەفین دزەیی هیوای خواست کردنەوەی ئەم سەنتەرە ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان و بەردەوامیی ئاڵوگۆڕە مەعریفی و کلتوورییەکان لە ساڵانی داهاتوودا.