کەمێک بەر لە ئێستا، نوێنەرانی گوندی لاجان، لە وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: گوندی لاجان دۆخێکی ئاسایی هەیە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەن و میدیایەک نادەین ئەم پرسە بۆ مەبەستی سیاسیی خۆى بقۆزێتەوە.
دەشڵێ: ئەو گرژییەى هەیە، بووەتە هۆى ئەوەى هێزە ئەمنییەکان ناوچەکە بپشکنن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە خۆمان ڕەزامەند بووینە، چونکە هێزە ئەمنییەکان و حکوومەت ئێمە دەپارێزن و دەیانەوێ ناوچەکە لە گرژى و ئاژاوە دوور بخەنەوە.
هەروەها ڕایانگەیاند: دەستی دەرەکی ویستوویەتی کێشە بۆ پاڵاوگەى لاناز و هاتوچۆى بازرگانی لە گوندی لاجان دروست بکات، ئەمەش جێی قبووڵ نییە و خۆمان ڕێگە بەوە نادەین ناوچەکەمان بۆ ئاژاوەنانەوە بەکار بهێنرێت.
نوێنەرانی لاجان دەڵێن: کێشە لەنێوان خەڵکی گوندەکە و هێزە ئەمنییەکان نییە و بەڵکوو ئێمە بەشێکین لە هێزە ئەمنییەکان و حکوومەتی خۆمان، ئەو هێزە بۆ پاراستنی ئێمە هاتووە و با کەس پرسەکە بەکار نەهێنێت بۆ مەبەستی خۆی.