سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی سویسرا لە عێراق، دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە بەغدا بەرز نرخاند و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دانیێل هون، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی و سوپاسی بڕیاری دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرای لە بەغدا کرد و ئەم هەنگاوەی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سویسرا وەسف کرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کرا لەبارەی خواستی هەردوولا بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا. هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی کۆمپانیا سویسرییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا.

باسکردنی دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.