لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، جەختی لە پێویستیی دابینکردنی سیستەم و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا “بە توندترین شێوە” هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و پشتیوانیی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیرییەکەی دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە. لەو بارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون کە:
“دەبێت هەوڵ بدرێت لە هەرێمی کوردستانیش ڕێکار و پێداویستییەکانی خۆپارێزی لە دژی ئەم جۆرە هێرشانە دابین و بەهێز بکرێن.”
لەکۆتاییدا هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت ئەو هێرشە “تیرۆریستیانەن” ئاشکرا بکرێن و ڕادەستی دادگا و یاسا بکرێن بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن.