رێباز حەملان، ڕەخنەی توند لە حكوومەتی فیدرالی دەگرێت كە هیچ كات بكەرانی هێرشە تیرۆریستییەكانی سەر دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا نەكردووە و كەسیشی لەسەر ئەو هێرشانە سزا نەداوە.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”حکومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا هیچ کات بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەولێر و دامەزراوە نەوتی و غازییەکانی ئاشکرا نەکردووە، هیچ کەس و لایەنێکیش سزا نەدراون لەسەر ئەو کارە تیرۆریستییانە.“

ڕوونیشی كردەوە: ”ئێستا کاتیەتی هەڵوێستی جددی هەبێت، هێرشی ترسنۆکانەی سەر کۆرمۆر لە ئێستادا زۆر جیاوازە، ئامانجەکەی روونە كە (فشاری سیاسی، کوژاندنەوەی رووناکیی ٢٤ کاتژمێرییە لە ماڵ بە ماڵی هەرێمی کوردستان، تێکدانی ئارامی و سەقامگیری، تێکدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی كوردستان)ە.“

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ”پیلانگێران و هێرشکەرانی سەر کۆرمۆر و چاوساغەکانیان نە خزمەتی خەڵكیان پێ دەکرێ و نە ئامانجیانە خزمەت بکەن، بەڵكوو ئامانجیان تەنها تێکدان و کاولکارییە.“

لە كۆتاییشدا داوا كردووە كە ئەم پیلانە رەشەی تیرۆریستان بێ دەنگی لێ نەکرێت، بەڵكوو ”سەرجەم لایەنەکان و هەموو خەڵك هەڵوێستی توندیان هەبێت، هەرەشەی ئەمجارە بۆ سەر خۆشگوزەرانی و ژیانی هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە، دژایەتیکردنێکی ئاشکرایە بەرامبەر کارە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەشی خەڵکی دەکات.“