کەسایەتیی ئەکادیمی (زیلان سارمەمی)، لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٣ / ١١ / ٢٠٢٥، لە شاری ئەبوزەبی لە ئیماراتی عەرەبی، بەشداری لە خولی کاری میدیایی ئەکادیمیای CNN (هاوشێوەکردنی ڕۆژنامەگەری ٢٠٢٥ – CNN Academy Simulation 2025) کرد، کە بە بەشداری سەد و پەنجا فێرخوازی نێودەوڵەتی بە نوێنەرایەتیی ٤١ چل و یەک وڵات بەڕێوەچوو.
خولەکە لەلایەن گەورە راگەیاندنکارانی ئەکادیمیا و کەناڵی هەواڵی CNN–ی ئەمەریکی بەڕێوەبردرا و چەندین چالاکیی میدیایی لەخۆگرتبوو وەک چۆنییەتی داڕشتن و ئامادەکردنی هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەگەری و بواری دەرهێنان و مۆنتاژ و دیزاینی ڕۆژنامەگەری و کارکردنی راگەیاندنکاران و پەیامنێران لە ناوچەکانی شەڕ و چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردنی رۆژنامەنووس لەگەڵ خەڵک و ئاوارەکانی ناوچەکانی شەڕو گواستنەوەی راستییەکان بۆ بینەران و رای گشتی و چەندین بابەتی دیکە. شایانی باسە؛ زیلان سارمەمی بەشدارییەکی کارای هەبوو لە زۆربەی بوارەکاندا پڕۆژەیەکی سەبارەت بە پاکێجی هەواڵی پێشکەشکرد و لیژنەی هەڵسەنگاندنی توانای فێرخوازانی خولەکە، پڕۆژەکەیانی لە ریزبەندی دووەم قبوڵ کرد.
سەبارەت بە بەشدارییان و خولەکە، زیلان سارمەمی بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: بە مەبەستی بنیاتنانی بناغەیەکی ڕاست و دروست بۆ کاری میدیا لە سەکۆکانی دیجیتال میدیا و کارکردنی میدیاکار لە چوارچێوەی یاساکاندا ژمارەیەک فێرخوازی نێودەوڵەتی کە لەناویاندا شەش فێرخوازی هەرێمی کوردستان بەشدار بووین هەفتەیەکی بە ڕواڵەت کاری ڕۆژنامەگەریمان بەسەربرد، کە تێیدا هەموومان بە شوێن پێی ژیانی ڕۆژنامەنووساندا تێپەڕین و هەستمان بەوەکرد کە کاری ڕۆژنامەنووسی لە ژیانی ڕاستیدا چۆنە و چەند سەخت و پڕ لە ماندووبوونە، هەروەها گوتی: کە لەلایەن راهێنەران و رۆژنامەنووسانی کەناڵی ئاسمانی و ئەکادیمیای سی ئێن ئێن CNN-ی ئەمەریکی وانەکانمان وەردەگرت و ڕاهێنانەکانمان لەگەڵیاندا دەکردو سوودێکی زۆرمان وەرگرت و لە کەسانی شارەزاوە فێربووین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو وانانەی کە فێری بووین لە کاری میدیاییدا بەکاریان بێنین)










