خەبات: بەرهەم شێخ عێزەدین:- لە یادێکی شکۆداردا، بە سەرپەرشتیی نوخشە نایح پارێزگاری هەڵەبجە، لەژێر دروشمی (ئاوڕێك لە ڕابردوو دیدگایەك بۆ داهاتوو) یادی ڕۆژی هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا، لەو چوارچێوەیەدا زنجیرەیەک چالاکیی هەمەڕەنگ بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان (حەمەی حەمە سەعید) بەڕێوەچوو.

سەرەتا كاتژمێر 9ی بەیانی بە کردنەوەی دوو پێشانگەی تابلۆی هونەری شێوەکاری و فۆتۆگرافی و گەشتێك بە نێو مێژووی هەڵەبجەدا خرایەڕوو. پاشان وتەی بەخێرهاتن و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و وتاری ڕۆژی هەڵەبجە، لەلایەن نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە پێشکەشکرا، دواتر گرووپی خانمانی (ڕۆمانگ) لە ڕۆژهەڵاتەوە. بە ئاوازە شیرینەکانیان پەیامی خۆشەویستییان بەگوێی خەڵکی هەڵەبجە دا. پاشان لە نمایشی شانۆگەریی (فایلی ژمارە 19) لە نووسینی هونەرمەند هەردی هادی و کورتەیەک لە مێژوو شکۆی ئەم شارە بەشێوەی شانۆ نمایش کرا و خوێندکارانی زانکۆ بە نمایشکردنی جلی کوردی مەراسیمەکەیان جوانتر کرد و بە نمایشی چەند تابلۆیەكی هونەریی لە هەڵپەڕکێی کوردی و ناوچەیی لەلایەن تیپی میللیی هەڵپەڕكێی سلێمانی پێشکەشکران و ئامادەبووان لەناو بەزمی گۆرانیی ڕەسەنی هەورامیدا دڵخۆش بوون.

لەکۆتایی دا پێشوازی کرا لە براوەکانی ماراسۆنی هەڵەبجە، لە پێناو پەرەپێدانی وەرزش و تەندروستی گشتیی. لە بەرنامەکانی پاش نیوەڕۆش شیرین گوفتار ئیسماعیل خورماڵی بە هۆنراوەیەک بەرگی ماتەمی لەبەری شار داماڵی و لە کۆتاییدا هونەرمەندی دەنگخۆش هۆشیار حەمە فەرەج و تیپی میوزیکی شنروێ. دڵی شاریان ئاواز پرژێن کرد. لەکۆتاییشدا نوخشە ناسیح چەپکە گوڵی هەڵەبجەی پێشکەش هونەرمەندی دوورە وڵات هۆشیار حەمە فەرەج کرد. شایانی باسە مەراسیمەکە لەلایەن خاتوو ڕەنگین سەلام بەڕێوە برا.