محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتوانی عێراق (هاووڵاتییان و بیانییەکان)، گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەس، ئەوەش بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان.

وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژی چوارشەممە (26ی تشرینی دووەمی 2025)، گوتی ژمارەی دانیشتوانی عێراقی گەیشتووەتە 45 ملیۆن و 778 هەزار کەس، لەکاتێکدا ژمارەی بیانییە نیشتەجێبووەکان لە وڵاتدا 340 هەزار و 131 کەس بووە.

محه‌مه‌د عه‌لى ته‌میم كه‌ هاوكات جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ لە بەغدا سازی کرد، ڕایگەیاند کە کۆی گشتی ژمارەی خێزانەکان لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 8 ملیۆن و 54 هەزار و 385 خێزان.

هەروەها گوتیشی: “ژمارەی بیانییەکان کە لەو کاتەدا لە عێراق بوونیان هەبووە، 340 هەزار و 131 کەس بووە، و ژمارەی دانیشتووانی عێراقی کە بیانی نین 45 ملیۆن و 778 کەس بووە”.

ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی دانیشتوان له‌ ڕه‌گه‌زى نێر گەیشتووەتە نزیکەی 23 ملیۆن و 161 هەزار کەس کە دەکاتە ڕێژەی 50,2%ی دانیشتوان، لە کاتێکدا ژمارەی مێینەکان گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 957 هەزار کەس کە دەکاتە ڕێژەی 49.8%ی دانیشتوان.

هەروەها گوتیشی: “ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەنێوان 15-45 ساڵیدایە 27 ملیۆن و 800 هەزار کەسە کە دەکاتە 60%ی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق”.

عێراق یەکەم سەرژمێری دانیشتوانی گشتگیری لە ماوەی 37 ساڵدا لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجام دا.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە مانگی شوباتی 2025دا، ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ڕاگەیاند، کە تێیدا دەرکەوت ژمارەی دانیشتوان 46 ملیۆن و 118 هەزار کەسە.