سهرهتا وتار پارتی قەڵغانی پاراستنی قەوارەی هەرێمە لە بەغدا
محەمەد گەردی
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هاوکێشەی سیاسی لە عێراقدا گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا هات. کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بووە بەشێک لە بڕیاری سیاسی و بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ. لەم نێوەندەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەمی کوردستان، ڕۆڵێکی مێژوویی و ستراتیژی گێڕاوە لە بەغدا بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی بنەما دەستوورییەکانیش ڕۆڵی پارتی لە بەغدا تەنیا لە چوارچێوەی گفتوگۆی ڕۆژانەدا نییە، بەڵکوو ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥. سەرکردایەتیی پارتی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی، توانیان چەمکی “فیدڕاڵی” لە دەستووردا جێگیر بکەن، کە ئەمە بە گەورەترین دەستکەوتی سیاسی دادەنرێت بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی کیانی هەرێمی کوردستان. پارتی هەمیشە جەختی لەسەر پرەنسیپەکانی “شەراکەت، سازان، و هاوسەنگی” کردووەتەوە وەک بنەمای مانەوەی عێراق.
هەروەها لە زۆربەی قۆناغەکاندا، کاتێک دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵی مەرکەزیەت و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە، فراکسیۆن و نوێنەرانی پارتی لە بەغدا وەک هێڵی یەکەمی بەرگری دەرکەوتوون، چ لە پرسی بودجە، چ لە پرسی پێشمەرگە، پارتی توانیویەتی بە زمانێکی دیپلۆماسی و بەهێز، ڕێگری لە زۆر بڕیار بکات کە ئامانجیان لاوازکردنی پێگەی کورد بووە.
یەکێکی دیکە لە دۆسییە هەرە هەستیارەکان لای پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسی “خاک” و ماددەی ١٤٠ە. پارتی هەمیشە پێداگری کردووە کە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سازشی لەسەر ناکرێت. لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، پارتی ئەم دۆسیەیەی کردووەتە مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن، تاوەکو ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بپارێزێت.
سەبارەت بە شایستە داراییەکان و قوتی خەڵک؛ سەڕەڕای ئاڵۆزییەکان، تیمی پارتی لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق، بەردەوام لە ململانێدابوون بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ستراتیژی پارتی ئەوە بووە کە نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت، بۆیە زۆرجار بە دانوستانی چڕ و ئارام، توانیویەتی گرێکوێرەکان بکاتەوە و ڕێککەوتنەکان بخاتە سەر ڕێچکەی جێبەجێکردن. بێگومان هێزی پارتی لە بەغدا لەوەدایە کە خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆیە. کاتێک شاندەکانی پارتی لە بەغدا گفتوگۆ دەکەن، لایەنە عێراقییەکان دەزانن کە ئەم هێزە نوێنەرایەتی ئیرادەیەکی بەهێز دەکات. ئەم قورساییە سیاسییە وایکردووە کە بەبێ ڕەزامەندی و بەشداریی پارتی، هیچ پرۆسەیەکی سیاسی لە عێراقدا سەقامگیر نەبێت.
هاوکات دەکرێت بڵێین پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا تەنیا حزبێکی سیاسی نییە بەدوای پۆستەوە بێت، بەڵکوو هەڵگری دۆسیەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هەرکاتێک پارتی لە بەغدا بەهێز بووبێت، پێگەی کورد بەهێز بووە، و هەرکاتێکیش مەترسی لەسەر مافەکانی کورد دروست بووبێت، پارتی سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە. بۆیە هەبوونی پارتییەکی بەهێز لە بەغدا، زەمانەتی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە.