عەمەر هەرگوشی
کوردستان لە ساڵانی رابردوودا کێشە و رووداوی زۆری بە خۆیەوە بینی کە بۆ هەر روداوێکیش چیرۆکێک هەیە، زۆر جاری وابووە نا عەدالەتی بەرانبەر پارتی کراوە و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان پشتگوێخراوە و گۆشاری سیاسی خراوەتە بە پێشڤەچوونی هەرێمی کوردستان؛ بەڵام پارتی لە ژێر چاودێری و ئاموژگاری و رێنمایەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی دانی بە خۆیدا گرتووە و بیری لە کاردانەوە نەکردووە کە ئاژاوەی زیاتری لێ دروست ببێ و هەروەها بیری لە تۆلە سەندنەوەش نەکردووە و پارتی لەسەر سیاسەتی راستگۆیانە و کورد پەروەرانەی خۆی بەردەوام بووە و هەمیشە ویستویەتی دوستی زیاتر و ناحەزی کەمتری هەبێت لەو پێناوەشدا ئەرکی زۆری کێشاوە. ئەمەش سیاسەتێکی ڕاست و ستراتیجییەکی سەرکەوتووی پارتییە؛ کە ئەمڕۆ بۆتە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ و بۆتە حزبی یەکهم لەسەرتاسەری عێراق کە توانیویەتی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ کۆ بکاتەوە.
ئەم سیاسەتە نەرمەی پارتی هێزێکی زۆری بە پارتی بەخشیوە کە بتوانێ لە کەناڵهکانی دپلۆماسییەتدا سوودی لێ وەرگرێت، تەنانە پارتی توانیویەتی ناحەز و نەیارەکانی بکاتە دۆست؛ ئەمەش ئەرکێکی هەرە قورسە لە نێو حزبە سیاسییەکاندا کە پارتی توانیویەتی ئەنجامی بدات. بۆیە لە هەر دانوستان و گفتوگۆیەکدا پارتی فاکتەری سەرکەوتن و چارەسەری کێشەکانە، ئەم خەسڵەتە بەشاهێدی هەموولایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئەقلیمی و جیهان تەنها لە خۆدی هزر و ڕوانگە و ڕامانی جەنابی سەرۆک بارزانیدا هەیە و لە هزری بەڕێزان کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور بارزانیدا ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆیە ئەمڕۆ دەبینین ئەم دوو سوارچاکی ماڵی بارزان نەک هەر لە کوردستان بەڵکو سەرکەوتووترین سەرکردە و کەسایەتی سیاسین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان؛ هەڵبەت هەڵوێست و کاروچالاکییەکانیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن.
ئەوەی پارتی کردووە بە حزبی پلە یەکی عێراقی، ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە پارتی لەژیر چودێری و ئاموژگارییەکانی جەنابی سەرۆک پەیڕەوی دەکات. هەروەها پارتی کارێک ناکات دوارۆژ لێی پەشیمان ببێتەوە و کارێکیش ناکات ناحەز و نەیارەکانی تا ئەبەد ناحەز و نەیار بمێننەوە؛ بلیمەتی و ئازایەتی پارتی لەوەدایە کەلە توانایدایە نا حەزێک دەکات بە دۆست یان مرۆڤێکی خراپ دەگۆڕێ بۆ مرۆڤێکی باش یان لایەنێک باوەڕی بە کێشەی کورد نەبێ پارتی دەتوانێ باوەڕ و قەناعەتی بۆ دروست بکات.