کورد لە نێوان ئەنجامی دوو هەڵبژاردندا

121

ژینەر ڕەزا كاكه‌یی
لە سەرەتای دەستپێکم پێم باشە بگەڕێمەوە بۆ وتاری (کوردایەتی بەر لە کوردبوون) کەلە (١٤/٥/٢٠٢٤) ژمارە ٦٧٤١ ل ١٢ ڕۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە.لە کاتی نووسینی ئەم وتارە بۆ هیچ کاتێکی ڕابردوو نەپڕژاومەتە سەر ئەو ناونیشانە بەڵکو دۆخی ئێستای کوردم لە دیدا گەڵاڵە ببو، مێژووم کردۆتە پەندێک بۆ ئایندە، هەر بۆ ئەم مەبەستە گرینگ بوو لای بەندە لەو کاتەدا لەگەڵ ئەم بیروڕایە هاوکێشیەکی نەتەوەیی هەیە بۆ زیاتر ڕوون بوونی لای ئێوەی خوێنەری ئەم بابەتە، چونکە پەیوەستیەک لە ڕووانگەی پێویستی بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی لەنێوان هەردوو وتارمدا هەیە.

سەربەخۆیی لە سیاسەتدا ڕەهەندێکە بۆ یەکدەنگی هێزەکان، لەبەر ئەوەشە ڕێکناکەوێ ( وتاری یەکگرتوو، سیاسەتی سەربەخۆ) هەبێت بەرامبەر بە وڵاتگەلێک کە چاویان بڕیوەتە هەژموون و جوگرافیای وڵات، چونکە هیچ لایەکی سنووری کوردستان بەند نیە بە وڵاتێک یاخود دەرچەیەک کێشەی نەژاد و نەتەوەی لەگەڵمان نەبێت، هەربۆیە تەنیا قەوارەی کوردستان هەیەتی لە عێراقدایە بۆیە ئاسانتر دەکەوێتە بەر چنگیان.

جەوهەری هەلومەرج لە ئایندەی سیاسی چ لە عێراق چ لەهەرێمی کوردستان بەندە بەو واقیع حاڵەی کە دێتە ئاراوە بۆ هەردوو حکومەت، دەکرێ پێکهێنانی هەردوو حکومەت وابەستەی یەکتر بکەین بەیەکەوە کە ڕەهەند و باسی دیکە هەڵدەگرێت، هەرچەندە هەر هێزێکی سیاسی کوردستان لەسەر حسابی بەلاوەنانی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان لە عێراق هەوڵی بە ئامانج گەیشتن بدات، خیانەتە لە دەنگدەرانی خۆی تەواوی نەتەوەکەی.

ڕۆژانی دوای هەڵبژاردن ئەگەر بێتو گوزەرێک بەنێو ئاخاوتنی خەڵک و دۆخی میدیا لە کوردستان بکەین دەبینین فەوزایەکی گشتگیر باڵی بەسەر دۆخی چرکە بە چرکەی کاتەکانی ڕۆژدا کێشاوە، لە شیکاری سیاسی و لێکدانەوە خۆڕسکیەکان، لە وتاری پارت و سەرکردە سیاسیەکان، ئەوە بۆ خەڵکێک لە ئاستی بەرزی هۆشیاری ڕووندەبێتەوە کە سەرجەم لێکدانەوەکان وەک بێ ئاگاییەک لەو زەمینەی کە دێتە ئاراوە دەبینن، لەبەرامبەردا هێزێکی سیاسی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکارگەلەکانی دانپێداگرتنی لەبەرامبەر ئەم گوشارانە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانن، دەتوانین ئەم دۆخەی ئێستا هەیە وەک ئەو هەورە خۆڵەمێشیەی جار جار ئاسمان دادەپۆشێت بەڵام بێ باران جێی دەهێڵێت وێنای بکەین، ڕۆژێک دێت ئەو ژینگە سیاسیە پاک ببێتەوە!.

هەموو ئەو لێکدانەوە بێ بنەماییانەی کە دەکرێت لە دوای دوو هەڵبژاردنی چارەنووسازی سیاسی لە “ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات” بەتایبەتی لە حکومەتی عێراقدا دوو هەژموونی سەرەکی دەیانەوێت باڵانسی هێزەکانیان زاڵ بکەن، تاوەکو هەر هێزێکی کوردستانی لە کۆتی بەکاربەر خۆی ڕزگاری بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان نەکات، کێشە و قەیرانەکان ئاسانتر ڕووبەڕووی حکومەتێکی نیشتیمانی کوردی دەکرێنەوە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەژداری کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی نوێی عێراقدا وەک کارتێکی فشار بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان دەکرێت بەکاربهێنرێت بەرامبەر بەو ئاستەنگانەی کە خراونەتە بەر دروستبوونی حکومەتێکی تازە لە کوردستان.

“هەنگاوی ڕاست گەڕانەوەیە بۆ شەراکەت و ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەنگدەران و قەبارەی کورسیەکان کە پارتی باوەڕێکی پتەوی پێی هەیە بەو مەرجەی ڕەچاوی بەرژوەندیە باڵاکانی کوردستان بکرێت”.

ئەگەر لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ ئەم بابەتە بکەین ڕوون دەیبینین ئاراسەتی سیاسەتی پارتی لێرەدا نیشتیمانیە لەوەی بەرژەوەندی تایبەتی هەژموونێکی غەیرە کوردستانی بەسەریدا زاڵبێت، نایەوێت پەیڕەوی ڕێگایەکی ناتەندروست بکات، خستنە مەترسی ئایندەی کوردستان وەک ئارەزوویەک لەپێناویدا کابینەی حکومەت پێکبهێنێت بەڵکو بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و خاک مەرجی ڕێککەوتنیانە لە هەر دۆخێکدا، بەو واتایەی ئەوەی سازانی لەسەر ناکرێت قسەی دیکە هەڵناگرێت مافە کە زامنی ئەرک دەکات، بەمانایەکی دیکە کارکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەک ویستی ناواقعی زیاتر لە قەبارەی هێزێک یان لایەنێک.

هەژموونی سیاسی و بەڕێوەبردنی (عێراق و کوردستان) لە هەموو ڕوانگەیەکەوە دوو ڕێگای جیاوازن، بەڵام دواخستنی بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو حکومەتی خستۆتە سەر یەک ڕێگا کە ئەمە کڕۆکی پیلانەکان بوون، هێزە تایفیەکان لە عێراقدا بەرژوەندیەکانیان هەرچەندە جیاواز بێت بەڵام سەبارەت بە کورد بازاڕی بەرژوەندیەکانیان گەرم دەکەن، یەک دیدگا و یەک ئامانج دەبن، بەڵام داخە کە لایەنی سیاسی لەناو هەناوی کوردەوە بیریان بەو بابەتە شکاوە لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی سیاسی و وەرگرتنی بەڵێنی بێ بنەما لەو هێزە دەرەکیانە بێن و هەوڵی شکاندنی کوردستان بدەن”.