لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەهید فڕەنسۆ هەریری، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی2 و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16 و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و هاندەرێکی زۆری یانەکە، لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی عێراق یاریی نێوان هەولێر و غەڕاف بەڕێوەچوو.
یانەی هەولێر یەكێك لە زەحمەتترین یارییەكانی ئەم وەرزەی بەرامبەر یانەی غەراف ئەنجام دا، چونكە غەراف هیچ یارییەكی نەدۆڕاندبوو، لە ئەنجامدا، یانەی هەولێر بە پشتیوانی و هاندانی بەردەوامی هاندەرانی یانەكە، به 2 گۆڵ بەرامبەر بە 1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا و پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی قایمتر كرد.
یاریزانانی یانەی هەولێر بە ئاستێكی بەرز دەركەوتن لەو یارییەدا، بەتایبەتیش شێرزود تیمیرۆڤی ئۆزبەكی كە توانی 2 گۆڵ تۆماربكات و دوای یارییەكەش خۆی بۆنەگیرا و لەخۆشییان دەستی بە گریان كرد، شێرزود ئەمە حهفتهم گۆڵە لە حهفت یارییدا تۆماری دەكات.