لە توێژینەوەیەکدا گەنجێک کار لەسەر دابەزاندنی کێشی قوتابیانی زانکۆ دەکات

56

خه‌بات: رەنجبەر بەرزنجی- لە هەنگاوێکدا گەنجێکی شاری هەولێر دەیەوێت لە رێگەی توێژینەوەیەک کار بۆ دابەزاندنی کێشی قوتابیانی زانکۆ بکات ، بۆ ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا داوا لە قوتابیانی کوڕی زانکۆ دەکات کە بەشداری لە تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەکەی بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی تەندروستییەکی باشتر و لەشێکی ڕێکتر ، بۆیە لە دیمانەیەدا لەگەڵ خەبات (دانا عەبدولباقی) خاوەنی توێژینەوەکە بەمشێوەیە بۆ خەبات هاتە دوان.

توێژینەوەی دابەزاندنی کێش
سەرەتا لە بارەی ناونیشانی توێژینەوەکە و زانیاری زیاتر لەسەر توێژینەوەکە (دانا عەبدولباقی) گوتی ، لە ڕاستیدا ناونیشانی توێژینەوەکەم بریتییە لە ( کاریگەری ڕاهینانی چڕی بەرزی پچڕ پچڕی بەردەوام لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی کەم کاربۆهیدرات لەسەر هەندێ گۆڕاوی فیسیۆلۆژی و پێکهاتەی لەشی ئەم قوتابیانەی کێشی زیادیان هەیە) ، لای هەمووان ئاشکرایە کەوا کێشی زیاد و قەڵەوی لە جیهاندا زۆر بەربڵاوەو بووەتە نەخۆشی ، ئەمەش لەبەر ئەوەی قەڵەویی هۆکاری سەرەکییە بۆ هەریەک لە نەخۆشیەکانی (شەکرە، بەرزە فشاری خوێن، چەوری، کێشە و ئازاری بڕبڕەی پشت و ئەژنۆ) ، لای خۆمەوە وەک توێژەرێک هەمیشە ئەم کێشەیەم بەدی دەکرد لەناو کۆمەڵگاکەمان و بە تایبەتیش لە ناو توێژی قوتابیانەوە ، بۆیە بڕیاڕمدا ئەم توێژینەویە ئەنجام بدەم تاوەکو بتوانم ئەم کێشەیە لەناو کۆمەڵگاکەماندا کە بووەتە دیاردە چارەسەری بکەم.

تەنیا قوتانیانی زانکۆ لە توێژینەوەکە بەشدار دەبن
هەر لە درێژەی قسەکانیدا ئەم توێژەرە باسی لە بەشداربووانی توێژینەوەکە کرد و ڕایگەیاند ، بە بۆنەی ئەوەی قوتابیان زیاتر سەرقاڵی دەوامی زانکۆ و خوێندن و تاقیکردنەوەکانن و جوڵەیان کەمە ، بە پێویستم زانی ئەم توێژینەوەیە بۆ ئەم توێژە ئەنجام بدەم ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە خۆتان دەزانن مێشکێکی تەندروست و چاڵاک لە لەشێکی تەندروست و چاڵاک دایە، بۆ ئەوەی قوتابیان دەسکەوتی باشتر و چاکتریان هەبێت لە ژیانی ڕۆژانەو لە خوێندندا و هەروەها بتوانن داهێنان بکەن ، هۆکارێکی دیکە ئەوەبوو کە هەروەک باسمکرد قوتابی کاتی کەمترە لە کەسێکی ئاسایی بۆیە بەرنامەیەکی وەرزشی وامان بۆ دیزاین کردوون کەوا بتوانن لە کەمترین کاتدا زۆرترین چەوری بسوتێنن کە کۆی گشتی بەرنامە وەرزشیەکە ٣٠ خوولەکە بە خۆ گەرمکردن و ئارامبوونەوەشەوە ، هەروەها هۆکاری سێیەم ئەوەیە کە شێوازی ژیانی قوتابیان بەرەو شێوازێکی تەندروست بگۆڕین و وەرزش و خۆراکی تەندروست ببێت بە بەشێک لە شێوازی ژیانیان.

ڕەگەزی بەشداربووان
لە لایەکی دیکەوە (دانا عەبدولباقی) باسی لە ڕەگەزی قوتابیانی بەشداربووی توێژینەوەکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لەم توێژینەوەی ئێستادا تەنیا قوتابیانی کوڕ مافی بەشداریکردنیان هەیە و گوتی ، بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی درووست و ورد بەدەست بێنین ، پێویستە تەنها لەسەر کوڕان توێژینەوەکە ئەنجام بدەین یاخود تەنها لەسەر کچان، خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە فسیۆلۆژیای لەشی ئافرەتان جیاوازە لەگەڵ هی کوڕان بۆیە هەوڵدەدەم لە داهاتووەیەکی نزیکدا توێژینەوەیکی تایبەت بۆ ئافرەتان ئەنجام بدەم.

تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەکە
لە کۆتایدا (دانا عەبدولباقی) سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەکە گوتی ، لەم توێژینەودا بەشداربووان کۆمەڵێک تایبەتمەندی بە خۆڕایی بەدەست دەهێنن لەوانە دابینکردنی هۆڵی وەرزشی بە خۆڕایی بۆ بەشداربووان و وەرگرتنی بەرنامەی خۆراک بە خۆڕایی و کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکی پێش و دوای توێژینەوە کە بە خۆڕایی بۆیان ئەنجام دەدرێت وەکو ( lipid profile, glucose, Insulin resistance, Insulin sensitivity, lactic acid, Vo2 max, body fat mass , body muscles, protein, water, minerals) وچاودێری باری تەندروستیان دەکرێت بە درێژایی توێژینەوەکە ، پێشبینی دەکەم بەرنامەکانی توێژینەوکەم کاریگەری زۆر باشی هەبێت بۆ دابەزاندنی کێش و لەشێکی ڕێک و تەندروستیەکی باشتر ، بۆ خۆتۆمارکردنیش لەم توێژینەوە زانستییە قوتابیانی بەڕێز دەتوانن سەردانی بەڕێوبەرایەتی چاڵاکی وەرزشی زانکۆی سەلاحەدین بکەن کە دەکەوێتە ناو کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان.