خەبات- دهۆک:
لە پەراوێزی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2025) لە شاری دهۆک، کە دوێنێ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستی بەکارەکانی کرد، سەرکردە دیارەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان بیروڕای خۆیان له‌بارەی داهاتووی ناوچەکە خستەڕوو. ئەم کۆڕبەندە کە لە زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان بەڕێوەدەچێت، بووەتە گۆڕەپانێک بۆ گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئاڵنگاری و دەرفەتی نوێدایە، چاوەڕوان دەکرێت گوتەکانی ئەم کەسایەتییانە ڕێگا بۆ چارەسەری درێژخایەن و بنیاتنانی ئاشتی خۆش بکەن.
داود ئۆغلۆ: مەسرور بارزانی گۆڕانکاریی ناوازەی کردووە
سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا جەخت لەسەر بەهێزیی پەیوەندییەکان دەکاتەوە و داوای گۆڕانکاریی لە تێڕوانینی سیاسیی ناوچەکەدا دەکات.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، دیدگا و بۆچوونەکانی خۆی له‌بارەی پەیوەندییە هەرێمییەکان، پرۆسەی ئاشتی و پێویستیی گۆڕانی هزری لە ناوچەکەدا خستەڕوو. ناوبراو جەختی لە پەیوەندییە بەهێز و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە، ستایشی پێشکەوتنە ئابووری و گەشەسەندنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد. ئۆغلۆ سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێکخستنی کۆڕبەندەکە، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی بەهێزی 25 ساڵەی لەگەڵدا هەیە، هەروەها سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانیشی بە هاوڕێی نزیکی خۆی وەسف کرد. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەولێر، فەرمانی بە سوپای تورکیا کردووە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها، جەختی لە گرنگیی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کردەوە و دووپاتی کردەوە کە لە کاتی هەڕەشەدا پشتیوانیی هەرێمەکە دەبن. داود ئۆغلۆ سەرسامیی خۆی بۆ پێشکەوتنەکانی زاخۆ و شارەکانی دیكه‌ی هەرێم دەربڕی و بە بەراورد بە شارەکانی دیكه‌ عێراق، بە پێشکەوتووتر وەسفی کردن.
داودئۆغلو باسی لەوەش کرد کە پرەنسیپی بەرانبەر کورد نەگۆڕاوە و تورکیا دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، لەسەر ئاستی ناوچەکە، داود ئۆغلۆ بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە سیاسەتی کلاسیکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان گرت و بانگەوازی بۆ “شۆڕشێکی هزری” کرد بۆ بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ کە تێیدا دراوسێکان وەک هاوبەشی مێژوویی سەیر بکرێن، نەک دوژمن. ناوبراو هاوڕابوونی خۆی لەگەڵ بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و هۆشداریشی دا لەوەی کە مەترسیی دابەشکردنی زیاتر لە ئارادایە، بەتایبەت لە سووریا، کە بە بڕوای ئەو تەنها ئیسرائیل لێی سوودمەند دەبێت. لە پەیامێکیشدا بۆ ئیسرائیل، داوای ڕێزگرتنی لە فەڵەستینییەکان، وڵاتانی ناوچەکە و کەرامەتی مرۆڤ کرد. سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئۆغلۆ پشتگیریی خۆی دەربڕی و داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد.
نەدیم زەهاوی: عێراق پێویستی بە سەرکردەی بونیاتنەری وەک مەسرور بارزانییە
وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا ستایشی سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی دەکات و کاتی کۆڕبەندەکە بە گرنگ و گونجاو دەزانێت.
نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا، ڕایگەیاند کە عێراق پێویستی بە سەرکردەی بونیاتنەری وەک مەسرور بارزانییە، نەوەک سەرکردەی بەلاڕێدابەر.
زەهاوی کۆڕبەندەکەی بە “زۆر سەرکەوتوو” وەسف کرد و کاتی ئەنجامدانیشی بە زۆر باش زانی، چونکە “دوای هەڵبژاردنی عێراق دەستبەجێ ئەم کۆڕبەندە کرا”. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی عێراق لە دهۆک و لەگەڵ سەرکردایەتی کورد، هێزی کورد و سەرکردایەتیی کورد نیشان دەدات. سەبارەت بە دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زەهاوی بە گرنگییەوە باسی کرد و ڕایگەیاند کە “زیاتر لە ملیۆن دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستی هێنا زۆر گرنگە، ئەمە واتای ئەوەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی کورد دەکات لە پەرلەمان”. لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، زەهاوی جەختی لە جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە وەک چارەسەرێکی ئاسان. ناوبراو میدیای کوردی بە “باشترین میدیا و زۆر پرۆفیشیناڵتر لەوەی لە بەریتانیا هەیە” وەسف کرد.
مەسرور بارزانی: پارتی هێزی یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە هەڵبژاردنەکاندا دووپات دەکاتەوە.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پانێلەکانی کۆڕبەندەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاستکردنەوەیەکی بۆ پانێلستەکان کردەوە و ڕایگەیاند: “پارتی یەکەمینە لەسەر ئاستی عێراق”. ناوبراو گوتی: “دەمەوێت ڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەو بابەتە بکەم کە لەم پانێلەدا پێشکەشکران، ئێوە باسی ئەوەتان کرد و گوتتان ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە دووە، لە ڕاستیدا ئێمە زیاتر لە ملیۆن و 100 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، بۆیە ئێمە پارتی یەکەمین”.
کۆڕبەندی مێپس؛ ناوەندێک بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی دیدگا
کۆڕبەندەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کاریگەرەکان، بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە.
شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس)، دوێنێ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆک دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، کۆڕبەندەکەی بە “دەستکەوتێکی مەزن بۆ شارەکە” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ناوی دهۆکی خستووەتە ناو ناوانەوە و بووەتە ناوەندی کۆبوونەوەی کەسایەتیه‌ سیاسی و ئەکادیمییەکان.
کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پیرۆزبایی لە زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان کرد
وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە دهۆک، پیرۆزبایی لە زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان کرد بۆ میوانداریکردنی MEPS و خۆشحاڵیی خۆی بە گوێبیستبوون لە تێڕوانینی سەرکردە عێراقی و کوردییەکان دەربڕی له‌بارەی داهاتووی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی ململانێ و ئاڵنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام.
شاخەوان عەبدوڵڵا: یاسای ئێستای هەڵبژاردن پێویستە هەموار بکرێتەوە
گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت چڕتر دەبنەوە و لایەنەکان داوای دادپەروەریی زیاتر دەکەن.
لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی کۆڕبەندی مێپس، شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند کە یاسای ئێستای هەڵبژاردن پێویستە هەموار بکرێتەوە چونکە نەیتوانیوە دادپەروەری بە دی بهێنێت، دەبێت بە یاسایەکی نوێ عێراق بکرێت بە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
ئامینە زکری: هەلومەرجی پێش و دوای هەڵبژاردنی عێراق جیاواز دەبێت
هەروەها ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هەلومەرجی پێش و دوای هەڵبژاردنی عێراق جیاواز دەبێت و گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ گۆڕانکارییان بەسەردادێت و ئەو ئۆفەرەی پێشتر هەیانبووە ئێستا نابێت. ئامینە زکری ئەوەشی خستەڕوو کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد و سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سووننە وەک بنەمایەک ماوەتەوە.
ڕێبەر ئەحمەد: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی سەرۆک بارزانی و پارتییە
ڕێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا، ئاماژەی بەوەدا کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی سەرۆک بارزانی و پارتییە و دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان کراوەیە.
هیوایەک بۆ داهاتوویەکی ئارام و پڕشنگدار
لە کۆتاییدا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، نەک هەر وەکو گۆڕەپانێکی گرنگ بۆ گفتوگۆی سیاسی خزمەت دەکات، بەڵکو وەکو هیوا و دەرگایەکیش بۆ داهاتوویەکی باشتر لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
ئەو پەیامانەی لەلایەن سەرکردەکانی وەک ئەحمەد داود ئۆغلۆ و نەدیم زەهاوییەوە ئاراستە کران، بە تایبەتی ستایشی سەرکردایەتی بنیاتنەری وەک مەسرور بارزانی و داواکاری بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و یەکسانی، وادەکەن کە ئاسۆی چارەسەر و بنیاتنانەوەی متمانە ڕوونتر ببێتەوە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر پێویستیی شۆڕشێکی هزری و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی کلاسیکی، کۆڕبەندی مێپس دەخوازێت ببێتە وەرچەرخانێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ کە تێیدا ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دەستەبەر بێت.