سهرهتا وتار قەبارەیی مەترسیەكانی ماددەی هۆشبەر لە وتارەكەی سەرۆك بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس
فازڵ عومەر*
لە كۆی وتارە یەك لەدوایی یەكەكانی سەرۆك بارزانی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، پرسی ماددەی هۆشبەری وەك یەكێك لەمەترسیەكان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و وێرانكردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان جەخت لێدەكردەوە و هۆشداری توندی لەم بارەیەوە بە گوێی گوێگرانیدا دەدا.
ئەمڕۆش لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست( MEPS ) كەلە زانكۆیی ئەمریكی-كوردستان لە دهۆك بەڕێوەچوو، وێڕای ئاماژەدانی بە چەندین مەترسی و ئاڵەنگاری لەناوچەكە، پرسی ماددەی هۆشبەری وەك ترسناكترین مەترسی خستەڕوو تەنانەت لای جەنابیان ئەم پرسە مەرسیدارترە لە پرسی ئیرهاب و تیرۆر پەڕگیری تایفی و مەزهەبی و تەنانەت پرسی داعشیش، ئەم جەخت و پێداگرییەی جەنابیان كە پشت دەبەستێت بە ئاگایی جەنابیان بەبوونی زانیارییان لە سەر قەبارەی مەترسیەكە، دەبێت بمانخاتە حاڵەتی ئامادەباشی و جددی بوونمان بۆ رووبەڕووبوونەوی مەترسییەكانی ئەم دیاردەیە.
هەرێمی كوردستان بەپێیی پێگەی جوگرافی لە ناوچەكەدا، كە هاوسنورە لەگەڵ چەند وڵاتێك كە تێدا بە ئاشكرا ماددەی هۆشبەر ژیانی داگیر كردوون، پارێزراونیە ئەگەر بەو پەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر ئاستی ئاسایشی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بەبەرنامە رووبەڕووی نەبینەوە.
هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەراوردێكی مێژووی كورتدا سەبارەت بەم دیاردەیە پێمان دەڵێت كە ئەمڕۆمان لە دوێنێمان خراپترە، ئەگەرچی دڵنیایین لە هیمەتی بێوچانی دەزگاو دامەزراوەكانی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ لەم بارەیەوە، بەڵام ئەگەر هیمەتێكی هەمەلایەنە نەبێت، بەدڵنیاییەوە لە ئایندەیی نزیك نەك دوور شاهێدحاڵی دەرك و قسەكانی جەنابی سەرۆك دەبین.
ئەگەر ئاستی گرفتاربوونی هەر كۆمەڵگایەك لە پەیوەند بەماددەیی هۆشبەر بەسەر سێ ئاستدا دابەش بكەین، ئاستی گواستنەوە(ترانزێت) ئاستی بەكارهێنان( ئالودەبوون) ئاستی دروستكردن( بەرهەمهێنان)، ئەوا نابێت ئاماژە بەو راستیە تاڵەنەكەین كە هەرێمی كوردستان بۆتە ناوەندێك بۆ گواستنەوە و داتاكانیش پێمان دەڵێن كە ئاستی ئالودەبوون لە هەڵكشاندایە، ئەگەرچی حاڵەتێك لە هەرێمی كوردستان لە رابردوودا وەك ناوەندێك بۆ بەرهەمهێنان لە دەربەندیخان بووە پرسی میدیاكان بەڵام خۆشحاڵانە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەزگاكانی هەواڵگری عێراق و هەرێمی كوردستان دەستی بەسەردا گیراو كۆتایی پێهێندرا، خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵەنگاری و هەوڵانەی كە هەیە پێی نەناوەتە ناو ئاستی سێهەم كە بەرهەمهێنانی ئەم ماددە ترسناكەیە.
هەندێكجار لێرە و لەوی گوێبیستی ئەوە دەبین كە كەسانی دەستڕۆشت و كەسانی سیاسی و كەسانێك بەرپرسیارێتی ئەمنیان هەیە بوونەتە بەشێك لەم پرسە مەترسیدارە، ئەگەرچی زانیاری پشتڕاست كراوەم لەبەر دەست نیە بەڵام ئەگەر ئەم قسانە راستبن ئەوا قەبارەی مەترسیەكە چەندین جار زیاتر دەكات، هیوادارم وانەبێت. دەبێت هەموولایەك قسەكانی جەنابی سەرۆك بەهێند وەربگرین و لە پێناو سەلامەتی ئایندەی كوردستان و نەوەكانی هەمیشە ماددەی هۆشبەر وەك چەكێكی بێدەنگ بەدەست دوژمنەكانمانەوە ببینین كە بێ دوو دڵێ بۆ لە ناوبردنمان بەكاری دەهێنێت.
بەو پێیەیی بەندە شەرفی ئەندامێتیم پێبەخشراوە لە ناو لیژنەی باڵایی بەرەنگاربوونەوەی ماددەیی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵیەكان، دەبێت موژدەیی ئەوە بدەم كە هەوڵەكانی ئەم لیژنەیە و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەیی كۆنترۆڵكردنی ئەو ماددانەی لەبواری پزیشكی دەچنە چوارچێوەی ماددەیی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵیەكان هەنگاوی كرداری ناوە و تائاسێكی زۆر لەم رووەوو كوردستان پارێزراوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە و مەترسی گەورە دروست دەكات بوونی ئەو ماددە هۆشبەرانەیە كە لە سنورەكانەوە داخڵ دەبن و كۆنترۆڵكردنیشیان بێ هیمەتی هەمەلایەنە ئاسان نیە، ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری شەونخونی دەكەن لەم پێناوەدا و هەوڵەكانیان جێگەی بەرز نرخاندنە.
بەندە وەك نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران لە لیژنەی باڵایی بەرەنگاربوونەوەی ماددەیی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵیەكان لە ژێر رۆشنایی پەیامەكەی جەنابی سەرۆك پێشنیاری گۆرانكاری لەیاسایی پەیوەندار بەماددەیی هۆشبەر دەكەم و پێموایە كە دەبێت سزاكان توندتر بكرێن، بەشێوەیەك نابێت زیندانەكان ببێتە شوێنی حەوانەو و بەخێوكردنی بازرگانەكانی ماددەیی هۆشبەر، ئەمە قەناعەتی منە ئەگەر پرسی لە سێدارەدان زیندوو بكرێتەوە پێویستە یەكەم كەس كە ئەم سزایەیی بەسەردا جێبەجێدەكرێت بازرگانەكانی ئەم بوارەبن، ئێمە دەزانین بەكارهێنەرانی ماددەیی هۆشبەر قوربانین، بەڵام نابێت بەقوربانی بوونی ئەوان هەستی بەزەییمان زیاد بكات رێگاری توند بەرامبەریان نەگرینەبەر.
لەسەر ئاستی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و ئاینی ئەبێت هەوڵەكانی بڵاوكردنەوەیی هۆشیاریی بۆ بەرگرتن بەگەورەبوونی قەبارەیی ئەم دیاردەیە وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی فراونتر بكرێت.
*بەڕێوبەری گشتی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
ئەندامی لیژنەی باڵایی بەرەنگاربوونەوەی ماددەیی هۆشبەر