فەرەیدوون سامان*
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو لەسەر کێشەی یەک واو یان دوو واو، لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا لەلایەن هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران، تەنانەت زمانناسانەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە کتێبەکانی میتۆدی خوێندنی کوردی گیرا، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاپ و بڵاوکرابوویەوە، بەڵام ئایا کێشەی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا هەر تەنها کێشەی یەک واو و دوو واوە، یان کێشەکان زۆر لەوە قوڵترن، بۆ نموونە ئایا پشتکردنە زمانی پێوەر و ستاندارد و خوێندن بە هەردوو زاری بادینی و سۆرانی لەو هەرێمەدا کێشە نییە؟

ئایا نەبوونی ئەکادیمیایەکی زمانی کوردی کە تایبەت بێت بە چەتری کۆوەکردنی هەرچی شارەزا و پسپۆری زمانی کوردییە بە هەموو زار و بنزارە کوردییەکانەوە کێشە نییە؟
داخۆ بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیەک بوونی یەک زمانی ستاندارد بەسە، یان جووتستانداردی باشە(کە لەواقیعدا بوونی هەیە) و لە غیابی زمانی ستاندارد، زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن هەروەک ئەزموونی زاری کورمانجی ژووروو بۆ کوردانی ڕۆژاوا و زاری کورمانجی ژێری- سۆرانی باشووری کوردستان لەبەرچاوە.
زمانی کوردی ساڵانێکە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیدا بە جۆرەها شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت، جاڕێک بە ناوی جیاوازی ئایین و ئایینزاوە و جارێکی تریش بەناوی حاشاکردن لە ناسنامەی نەتەوەیەک، نکۆڵی لە بوونی دەکرێت و بە پلان و بەرنامەی تایبەت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە.
زمان یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئەفراندنەکانی مرۆڤ، ھاوکات ڕازێکی سەرنجراکێش و گرێیەکی سەختی بواری لیکۆڵینەوە و تێڕامانیشە، چۆن زمان پەیدا بووە، بۆچی زمان بووە بە ھۆکاری پەیوەندی دروستکردن و چۆن پرۆسەی لێکگرێدانی دەنگ و واتا، ڕستەسازی و وشەسازی دەستی پێکردووە و تائێستاش بەردەوامە؟ لەو پرسیارە بنەڕەتییانەن، کە زمانناسانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ھاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا زمان تەنیا لە چوارچێوەی ھۆکارەکانی پەیوەندی پێکەوەکردندا نەماوەتەوە و لە کۆنتێکستی جیاواز‌دا ڕۆڵ و ماھیەتی خۆی گۆڕیوە و کارەکتەری جۆراوجۆری تاقی کردۆتەوە، بۆ نموونە زمان لە تێڕوانینی یەکەمدا ڕۆڵێکی مەدەنیانە دەگێڕێ و پانتایی پێکگەیشتن، لێکتێگەیشتن و پێوەندی دروستکردنی نێوان مرۆڤەکانە، لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکاندا، لە دنیای مۆدێرندا زمان بەرگێکی سیاسییانە دەپۆشێت و دەبێتە مەیدانی جیاکردنەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە، بەشداری لە کایە سیاسییەکان دەکات و ڕەوایەتی دەبەخشێت بە ھاووڵاتیبوون لە فۆرمێکی ئیداری و سیاسیدا.
زمانى كوردى له‌ نێوان ئه‌م زار و بنزار و دەڤۆکانە، ئه‌و ناوچه‌ و ئه‌م دەڤەرە. هه‌م پێدانى پایه‌یه‌كى به‌رزتر دەبێت به‌ زمانى كوردى، به‌ تایبه‌ت له ‌هه‌لومەرجێکدا کە‌ هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر زمانن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مانى خستۆته‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كى نائومێده‌وه، جا چی زمان به خانه‌ی هه‌ستیی بزانین یان به ئامرازی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان، چی به دیارده‌یه‌کی مێژوویی دابنێین، یان وه‌کو سیستەمێک له نیشانه‌کان بیبینین و به شێوه‌یه‌کی هه‌نووکه‌یی سه‌یری بکه‌ین، ناتوانین خۆمان له‌و ڕاستییه ڕەهایە بشارینه‌وه که زمان و هزر‌ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی یه‌کدین، به واتایه‌کی‌ دی، زمان ئامرازی هزرکردنه و هزریش بنه‌مای زمانه.
گه‌رچی زمانی کوردی به چه‌ند قۆناغی گرینگی مێژوویی و سیاسیدا تێپه‌ڕیوه، وه‌کو قۆناغی دەسەڵاتی حکومرانی شێخ مەحموود لە سلێمانی و دەوروبەری، تا دەگات قۆناغی چوارساڵەی دانوستان شۆڕشی ئەیلول و دەسەڵاتی بەغدا لە ئاداری ١٩٧٠، و دامه‌زراندنی کۆڕی زانیاری کورد و یەکێتی نووسەرانی کورد و دواتر تا دەگاتە ڕاپه‌ڕینی بەهاری(١٩٩١)، هه‌ر کام له‌و ڕووداوانه به پێودانگی زانستیی و سیاسیی خۆیان توانیویانه ببن به خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی و ئه‌م زمانه له مه‌ترسیی مه‌رگ و نه‌مان رزگار بکه‌ن و له هوروژمی شه‌پۆلی سیاسه‌تی پاکتاوی کولتووریی ده‌وڵه‌تانی پێوه‌ندیدار به کێشه‌ی کورده‌وه بیپه‌ڕێننه‌وه و بیگه‌یێننه که‌نارێکی هێمن، به‌ڵام ئه‌مەش به مانای سه‌قامگیریی هه‌میشه‌یی و کۆتایی قه‌یرانه‌کانی ئه‌م زمانه نه‌بووه و نییه.
به‌م پێیه گه‌رچی ئێستاکه زمانی کوردی له خه‌می مه‌رگ ڕه‌خساوه، به‌ڵام سه‌رلێشیواوی و فره‌مه‌رجه‌عیی و پاشاگه‌ردانییه‌کی له ڕادەبه‌ده‌ری پێوه دیاره، ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی‌، هه‌روه‌ها بیر به‌رهه‌م هێنراوه‌که‌شی.
دواڕۆژی زمانی کوردی بەم ھەموو زارەکانەوە، بەتایبەتیش ھەردوو زاری کرمانجی باکوور و باشوور، ئەگەر لە داھاتوویەکی نزیکدا کاری جددی و دڵسۆزانەی بۆ بە یەکگرتووکردنی بۆ نەکرێت و لەسەر ئاستی کەسانی شارەزاو پسپۆر و دوور لە دەمارگیری ناوچەگەریی چی دەبێت و بە کوێ دەگات؟
*سەرنووسەری گۆفاری زمان و زار.