د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 21ى 11ى 2025 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ڕایگه‌یاند: “هەرێمی کوردستان پێشەنگە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەريی چاندنی جگەر. چەندین ساڵە ئەم خزمەتگوزاریە لە هەرێمی کورستان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت”.

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگه‌یاند: “لەسەر فەرمان و ڕەزامەندی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ 117 حالەتی چاندنی جگەر لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبڕی خەرجی نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار، بۆ نەخۆشانی هەموو ناوچه‌كانى کوردستان ئەنجام دراوە”.

ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌:
نەخۆشانی هەولێر 48 نەخۆش
نەخۆشانی سلێمانی 33 نەخۆش
نەخۆشانی دهۆک 27 نەخۆش
نەخۆشانی هەڵەبجە 5 نەخۆش

کۆی گشتی 117 نەخۆش
بەبڕی 5,465,357,000 دینار

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، ئەم نەشتەرگەرییە پاڵپشت بەیاسای بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ بەپێی ڕێنمایی و مەرج و ڕێکاری پێویست ڕێکخراوە و ڕێگەپێدراوە بۆ ئەنجامدانی.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “هەفتانە چەندین حالەتی پێویستی چاندنی جگەر، هەمیشە لەسەر خەرجی و ئەستۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەدرێ و ژیانی دەیان هاوڵاتی تەمەنی گەورە و منداڵان، لەمردن رزگار کراوە”.