سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە وردی تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، دووپاتی کردەوە کە ئەوەی بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگە، کارنامە و بەرنامەی حکوومەتی نوێی عێراقە، لەگەڵ پابەندبوونی بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ
باڵیۆزی بەریتانیا، عیرفان سدیق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ببێتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی زیاتر لە عێراق و باشتربوونی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، کە پێویستی بە گونجاندن و کارکردنی خێرا هەیە.