عارف ڕوشدی
هەڵبژاردنی ڕۆژی 11-11-2025 بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، چەند ڕاستییەكی گرنگی سەلماند كە دەكرێت وردتر و بە شێنەیی سەرنج بدرێت و لێی وردببینەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمێكی واتادار و بڕوابەخۆبوونەوە، چووە ناو ئەم هەڵبژاردنە و تەنانەت لە بانگەشەكەشیدا هێمانە و بەبێ هیچ هەڵچوون و گرژییەك پلان و بەرنامەی كاری لیستەكەی خۆی خستەڕوو، كاندیدەكانی بە جەماوەر و دەنگدەرانی خۆی ناساند و هیچ سەرپێچییەكیشی نەكرد.
لەگەڵ ئەوانەیشدا، بۆ یار و نەیار دەركەوت كە کوردستانیبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لە دروشمەکانیدا نەبوو، بەڵکوو لە هزر و بیر و کردەوەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، تەنیا لیستی پارتی کۆکەرەوەی هەموو ڕەنگە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، کوردانی ئێزدی، کوردانی فەیلی، کلدۆ ئاشووری و تەنانەت عەرەبە ڕەسەنەکانیش لە ناوچەكانی خۆیاندا، بەربژێری پارتی بوون و سەركەوتنیێكی بەرچاویشیان بەدەست هێنا، كە ئەم سەركەوتنە گوزارشتێكی ڕوون و ئاشكرابوو لەوەی كە پارتی هەموو ڕەنگ و نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لەخۆ دەگرێت.
هەروەها پارتی لەم هەڵبژاردنەدا سەلماندی كە تاكە حزبە بە لیستێكی سەربەخۆ و بەبێ هیچ هاوپەیمانێتییەك لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش كە زیاتر له ملیۆنێك و سەد هەزار دەنگی هەیە و پێگەی جەماوەریی پارتی لەسەر ئاستی عێراقدا بەرزترین پێگەیە و لەم سەركەوتنەشیدا پشتی بە گەل و نەتەوەكەی بەستووە.
لەوانەیە کەسێک بپرسێت، نهێنیی هەڵكشان و باڵابوونی بەردەوامی پارتی لەچیدا بێت؟ بە وەڵامدانەوەیەکی خۆڕسكانە، دەڵێم: ئاشکرایە لە پاراستنی پرەنسیپەکانی سیاسەتی نیشتیمانی، نەتەوەیی پێشکەوتنخواز و لێزانینی ئامانجداری بە پلان، لەوەدایە پارتی دوور لە خەمڵاندنی بێ بنەما هەنگاو دەنێت، پابەندە بە خواستە نەتەوەییەکان و ئاوێتەبوونی ژیانی هاوسەنگیی پێکهاتەکانی کۆمەڵگهی کوردەواری، سازاندنی کەشی لەباری هەماهەنگ لەگەڵ دەرهاوێشتەکانی سەردەم، پارتی بابەتییانە بیر دەکاتەوە و دوور لە هەڵپەی حزبییانە هەنگاو دەنێت، چونکە بڕوادارە بەوەی (حزب ئامرازە) و سەرفرازیی گەل و نیشتیمان، ئامانج و خواستی نەگۆڕی پارتییە، پارتی قەوارەیەکی بەرفراوانە كە هەموو پێکهاتەکانی کوردەواری لەخۆی دەگرێت و هیچ لایەنێك فەرامۆش ناكات، ئەوەیش نهێنیی سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە كۆمەڵگەی كوردی بە شێوەیەكی گشتی، هوشیار و بەئاگایە، دەزانێت چ حزبێك لە خەمی خاك و خەڵكدایە و چاوی هەموو ئەو پێشكەوتنانە دەبینێت كە پارتی داینەمۆیەكەیەتی.