جەلیل مەندەلاوی
ناوچەكە لە میانی وەرزی كێبڕكێی هەڵبژاردن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بانگەشەی سیاسیی، بە دۆخێكی ململانێی سیاسیدا گوزەر دەكات، كە پێویستە دیدگاكانی بنیاتنان و ستراتیژەكانی وێرانكردن لە یەكتری جیا بكرێنەوە، لە نێو مشتومڕە سیاسییە توندەكانیشدا، دەنگی هەڵوێستە ڕاستەقینەكان تێكەڵاوی ژاوەژاوەكانی بانگەشەكردن دەبن، كە تێیدا ناوی گەورە و قورس لە هاوكێشەی مێژووی هاوچەرخی عێراقدا دەخرێنە ڕوو، نەك وەكوو كەسایەتی ڕاگوزەر لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵكو وەكوو كۆڵەكەی پتەو، كە بەشدارییان لە داڕشتنی هاوكێشەكانی سەقامگیری، هاوبەشی و بنیاتنانەوەی دەوڵەت، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوودا كردووە، بۆیە ماوە ماوە چەندان ڕاڤە و لێكدانەوە سەر ئاو دەكەون، كە دەیانەوێت ڕێڕەوە ئاڵۆزەكان، لە ویستی تاكەكەسیی، یان مێژوویەكی درێژی خەبات، لە لێكدانەوەیەكی تەسكدا، كورت بكەنەوە.
لەو ماوەی دواییدا، چەند كەسانێك دەركەوتوون، كە هەوڵ دەدەن نەخشەی هەڵوێستەكان بەپێی ویستی خۆیان بكێشنەوە، نەك وەكوو ئەو ڕاستییەی لەو گۆڕەدا هەیە، بۆیە دەستیان بە چنینەوەی گێڕانەوە و خەیاڵاتی ساویرانە (وەهم) لەبارەی كەسایەتی و ناوی سەرۆك مەسعود بارزانییەوە كردووە، هەوڵیش دەدەن، دیمەنی سیاسی بەپێی تێڕوانینێك ڕاڤە بكەن، كە ڕاستییەكان نادیدە دەگرێت و مێژوو و هەڵوێستەكانیش پشتگوێ دەخات، نەك بەگوێرەی ئەو ڕاستییانەی، كە هەمووان دەیزانن، ئەم بانگەشانەش لە بۆشاییەوە نایەن، بەڵكوو بەشێكن لە تای بانگەشەی هەڵبژاردن، كە زیاتر بەدوای نەیار، نەك بەرنامە و ڕتام نەك گەڕان بەدوای بینیندا دەگەڕێت، لە ساتی وەكوو ئەمانەشدا، گومانكردن و شێواندن دەبێتە ڕێگەیەكی ئاسان بۆ ئەوانەی، كە ناتوانن پڕۆژەیەكی ڕوون، یان جێگرەوەیەكی قایلكەر پێشكەش بكەن، بۆیە سیمبولەكان دەكەنە ئامانج، چونكە سیمبولەكان لەوە قورسترن، كێبڕكێیان لەگەڵدا بكرێت، لەوەش گەورەترن، كە بەچەند وشەیەك گەمارۆ بدرێن.
بۆیە، هەوڵدان بۆ دەرخستنی هەبوونی ناكۆكی، یان فرەبڕیاری لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا، تەنیا خۆزگەیە و دەیانەوێت بۆ (ڕاستییەكی میدیایی) بگۆڕێت، بەڵام ئەو ڕاستییەی كە دوور و نزیك، ناوخۆ و دەرەوە دەیزانن ئەوەیە، ئەو كەسانەی تێڕوانینەكانیان لەسەر گومان و خۆزگە بنیات دەنێنن و لەسەر هیواكانەوە دەلەوەڕێن، نازانن یان (خۆیان لە گێلی دەدەن)، كەوا پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا پارتێكی سیاسی نییە، كە بەپێی ساتەوەختەكان بجووڵێت، بەڵكو ڕێڕەوی خەباتێكی درێژخایەنە، كە لە خوێنی پێشمەرگە، لە یادگەی چیاكان كە خۆیان ناچەمێنن و لە ویستی گەلێك كە سازش لەسەر كەرامەتی خۆی ناكات، دروستبووە. لە كرۆكی ئەم ڕێڕەوەشدا، یەك سەركردایەتی، یەك دیدگای ڕوون و بڕیارێكی یەكگرتوو هەیە، كە لەسەر بنەمای خەباتی چەندان دەیە، لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانەوە بەرپا بووە، چونكە ئەزموون سەلماندوویەتی، دووبەرەكیی نە گەل دروست دەكات، نە نیشتمان بنیات دەنێت و نە مافیش دەپارێزێت، ئەم ڕاستییەش، تەنیا هەڵوێستێكی سیاسی كاتیی نییە، بەڵكو پایەیەكی جێگیرە لە چەمكی (پارتی)دا، كە هەڵوێستەكانی لە كاردانەوەكانەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵكو لە خوێندنەوەیەكی دانایانەی كەتوار، داهاتووی عێراق و ناوچەكەوە سەرچاوە دەگرن.
ئەوانەی ساویریش لەبارەی فرەبڕیاری یان جیاوازی هەڵوێستەكان بڵاو دەكەنەوە، لە خۆیانەوە پێوانەی خەڵكی تر دەكەن و وا دەزانن، ئەوەی لە دووبەرەكیی لە ناوەندەكانی بڕیاڕ و دووفاقی لە خۆبەندیدا لەسەری ڕا هاتوون، شتێكە و دەكرێت بەسەر هەموواندا بسەپێنرێت، بەڵام بەهەڵەدا چوون، چونكە جێگیری لە هەڵوێستدا، لەسەر بنەمایەكی ڕەوشت و مێژووییەوە بەرپا دەبێت، كە ناتوانرێت بخواسترێت یان دروست بكرێت، جێگیری بڕیار لە پارتی دیموكراتی كوردستاندا، دۆخ نییە، بەڵكو ڕێبازە، هۆشیاری و ئەزموونە، كە شەڕەكان و خەباتی هاوبەش مشتوماڵی كردووە، سەركردایەتی لە هەرێمی كوردستاندا، بە پێكهاتە پتەوەكانی لە پارتی و سەركردە مێژووییەكانییەوە، ناونیشانی دووبەرەكی نییە، بەڵكو ناونیشانی یەكگرتووییە، دارێكی سێبەر زۆرە، كە ڕەگەكانی ڕۆچووتە ویژدانی گەلەكەی و قەدەكەشی بەهێزە و ناشكێت، بۆیە هەوڵدان بۆ وێناكردنی ئەم دارە یەكگرتووە، وەكوو لقی پەرش و بڵاو، كە دەكرێت بقرتێنرێت یان بشكێنرێت، كارێكی بێهوودەیە و گومڕاكەرە، ئەمەیان ویستێكی بەكۆمەڵە، كە تێیدا بۆچوونەكان دەتوێنەوە، بۆ ئەوەی یەك بۆچوون، یەك بڕیار و یەك ڕێبازی خەباتیان هەبێت، ئەویش ڕێبازی دێرینی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕێبازی سەركردەی مێژوویی گەلی كورد، مەلا مستەفا بارزانی و ڕێبازی ڕابەر و پێشمەرگە مەسعود بارزانییە، كە هێشتا بە دانایی و خۆڕاگری پێشمەرگانەوە، پێشەوایەتی كاروانەكە دەكات.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، سەرۆك بارزانی، ئەندازیاری سەرەكی بیرۆكەی (عێراقی نوێ) و بەردی بناغەی بنیاتنانی پڕۆژەیەكی نیشتمانیی بوو، دوای گۆڕانكارییەكانیش لە ساڵی 2003دا، كەسانێك هەبوون كە لەسەر دووڕیانێك وەستان: یان عێراقێك، كە لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بنیات بنرێت، یانیش عێراقێك، كە بە لۆژیكی زاڵبوون، هێز و تاكڕەوییەوە بەڕێوە ببرێت، سەرۆك بارزانی ڕێگەی یەكەمی هەڵبژارد، ڕێگەی دەوڵەت نەك پشێوی، بە ورە و نیازێكی پاكیشەوە هەوڵیدا، پەرشوبڵاوی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمایەكی نوێ كۆبكاتەوە، كە تائیفی یان ناوچەیی نەبوو، بەڵكو دەستووریی فیدڕاڵی بوو، لەسەر سێ كۆڵەكەی سەرەكی دامەزرابوو: هاوبەشی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سامان و هاوسەنگی دادگەرانە لە دابەشكردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەكان و سازانی نیشتمانیی، وەك ڕێبازێك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان. پڕۆژەكەی بنیاتنانی عێراقێك بوو بۆ (هەمووان) نەك عێراقێك بۆ (یەك چین) یان (یەك لایەن)، هەوڵێكی ئاوارتەشی بۆ داڕشتنی پڕۆسەیەكی سیاسیی دا، كە چاوەڕوانی لێ دەكرا، هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكان بپارێزێت و ئەوەش مسۆگەر بكات، دەستوور ئەو لێوەگەڕە باڵایە بێت، كە هەمووان بێ جیاوازی بۆی بگەڕێنەوە، ئەم هەڵوێستەش تەنیا هەڵوێستێكی سیاسی نەبوو، بەڵكو دیدگایەك بوو بۆ بنیاتنانی نیشتمانێك، كە هەمووان بتوانن بە كەرامەوتەوە تێیدا بژین، ئەوی ڕێڕەوی ساڵانی ڕابردووش بخوێنێتەوە، باش دەزانێت، كێ داكۆكی لە بیرۆكەی عێراقی فیدڕاڵی كردووە و كێیش كاری لەسەر بەتاڵكردنەوەی ئەم بیرۆكەیە، لە واتا و گۆڕینی دەوڵەت بۆ دەستكەوت كردووە، كە تێیدا دەقە دەستوورییەكان پێشێل دەكرێن و پشتگوێ دەخرێت، هەر كاتێك كە بەرژەوەندییەكی تەسك یان ئارەزووی هەژموون دێتە گۆڕێ و تێیدا دەوڵەت لە دەوڵەت دەڕفێنرێت و دامەزراوەكانیش دەبنە ڕووگەی ڕووكەشانە، كەچی بڕیاری ڕاستەقینە، لە ژوورە داخراوەكان و لە نێوان هێزەكاندا دروست دەكرێت، كە لەسەر پشێوی دەلەوەڕێن، لە كاتێكدا سەرۆك بارزانی، ئەوسا و ئێستاش بەرگری لە عێراقێكی دەستووری كردووە، كە تێیدا دەوڵەت لە گەل نەدزرێت و دامەزراوەكانیشی بۆ ئامێرێك بە دەست گرووپەكانی چەك و ئابووری هاوتەریب نەگۆڕێن، هیچ كاتێكیش بەدوای هەژموون و زاڵبووندا نەگەڕاوە، بەڵكو لە پێناوی عێراقێكدا خەباتی كردووە، كە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە.










