نەتەوە، بەرپرسیارێتییە

177

فازڵ میرانی
كۆڵەگەی خزمەتکردنی خەڵک ئەوەیە، هەرکاتێک ئەوان یاخوود بەشێک لەوان، تۆیان گەیاندە پلەو پێگەیەك، ئەوە دەستكەوتێكە و دەكرێ لەمەودوا لەسەر ئەو كارانەی كە دەیكەیت، پرسیار و لێپێچینەوەشت لەگەڵ بكەن، کەواتە بەرپرس ئەو کەسەیە کە لەلایەن سەرچاوەی شەرعییەتپێدانەكەی خۆیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، هەروەها ئەویش بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان، لێپرسینەوە و بەدواداچوون لەو کەسانە دەکات، کە لەگەڵیدان یان لە پلەی خوارتری ئەودان.

ئێمە بەرپرسیارین لە نەتەوەكەمان، قەبارەی بەرپرسیارێتمان هێندەی قەبارەی ئەو زوڵمە مێژووییە بەردەوام و بە ئەنقەستەیە، کە کراوەتە سەر (ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو)ـی نەتەوەكەمان، بۆیە هیچ دەرفەتێك بۆ یاریکردن بە یەکڕیزیی هەڵوێست نییە، ئەگەر ڕوویش بدات «کە ڕووی داوە»، ئەوا مەردایەتی و گەورەییمان ڕێگرە لە وەڵامدانەوەی بە پەلە، چونکە ئێمە بەدوای پاساوێكدا دەگەڕێین، کە لە دڵێکی پاکەوە سەرچاوە بگرێت، ئەو دڵە پاکەی هەمانە و بەهۆی خاوێنییەکەیەوە، خۆمان بە شەڕی ئەوانەوە سەرقاڵ ناکەین، کە ئەرکی خۆیان نازانن، یان ئەوانەی دەیانەوێت ببنە جیاکەرەوەیەکی مێژوویی و بەدوای دۆزینەوەی خودی خۆیاندا دەگەڕێن، بە نرخێک کە ئەوانە باجەکەی دەدەن و ناکرێت بیر و هەوڵ و خوێنیان بۆ بەهەدەر بدرێت.

ئەو نەتەوەیەی ئێمە لێیەوە هاتووین، نەتەوەیەکە شایەنی دۆڕاندن نییە، جا چۆن دەبێت ئەگەر یەکێک لە خودی خۆیەوە بیەوێت بدۆڕێت؟ نەتەوەیەك کە دروست نییە یاری بە چارەنووسییەوە بکرێت، جا چۆن دەبێت، ئەگەر یاریکەرەکە بانگەشەی ئەوە بکات سەر بەم نەتەوەیە؟

ئێمە لەپێناو دامەزراندنی نەتەوەكەمان زەحمەتمان كێشاوە و ماندووبووین، لەسەر هەموو ئالەنگاری و تاقیکردنەوەکان ئاراممان گرتووە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گەورەکاندا، لێبووردەییمان نواندووە و چاوپۆشیمان کردووە، بۆیە هەر کەسێک بە عەقڵێکی کراوە و ویژدانێکی ڕاستگۆوە سەیری بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە نەتەوەكەی بكات، پێشوەختە ئەنجامەکەی دەبینێت، لەبەرئەوەی ئەو ئەنجامانەی هیوای بەدەستهێنانیان دەخوازین، تەنیا بە ئارامگرتن و کارکردن و بێدەنگیی و تێگەیشتن لە مانا و لۆژیکی جیاوازیی بیرکردنەوە بەدی دێن، ئێمە لەسەر هەمان ڕێبازی خۆمان ماوینەتەوە، لێبووردەییمان پێش حیسابات خستووە، درێژە بە خۆشەویستی دەدەین و ئاوڕ لە قسەی هەڵیت و پەڵیت نادەینەوە.

ئەوانەی بە دڵسۆزییەکی ماندوونەناسانەوە کار بۆ نەتەوەكەیان دەکەن، زیاتر لە هەموو کەسێک ڕووبەڕووی خراپە دەبنەوە. بەداخەوە ئەمە تێگەیشتنێكی شێواوە، بەڵام خاوەن ڕەوشتە بەرزەکان، بە ئینسافەوە سەیری ئێمە دەكەن و باوەڕ بە پڕوپاگەندەی درۆزنانەش ناکەن.

لە بەرنامەی ئێمەدا نییە خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی تۆمەتی بوختانئامێز تەرخان بکەین و لە پلانیشماندا نییە دابنیشین و چیڕۆک و تۆمەت بهۆنینەوە.
بەرنامەکانی ئێمە بەرنامەی بەدەستهاتوون و بەرنامەی دیكەشیان بەدوادا دێت. بەرنامەکانی ئێمە وەبەرهێنان لە مرۆڤ و باشترکردنی ژیانی و مسۆگەرکردنی مافەکانیدا دەکەن، بەڵام ئەوانەی لە مێژووی خۆیان دەترسن و داهاتووی خۆیان نابینن، ڕەنگە هەرسێکیان (ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو)ـیان پێکەوە بسووتێنن.
با واتاكانی بەرپرسیارێتی بەبیر خۆمان بهێنینەوە، کە بەرپرسیارێتی نەتەوەییە و بۆ نەتەوە و لەبەردەم نەتەوەشدایە.

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان